سێیەمین کۆنگرەی کۆدار لە ڕۆژانی 7، 8 و 9 مانگی مەی2020 کە ڕێکەوتە لەگەڵ17، 18 و 19 گوڵانی ساڵی 1399 هەتاوی بە دروشمی بە ڕۆحی شۆڕشگێڕی گەلان، کۆمەڵگا بەڕێکخستن بکەین و کوردستان ڕزگار بکەین بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. کۆنگرە لە چیاکانی کوردستان ئەنجامدرا و تێیدا تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و یاد و بیرەوری شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بە تایبەت شەهیدانی پێشەنگی ئەو قۆناغە، ئارگەش کارزان، تۆڵهەڵدان #سنە#، ڕۆژهات #بۆکان#، دلۆڤان فەدایی و هەروەها ئیقباڵ مورادی بەرز نرخێندرا. کۆنگرە بە بەشداری ئەندامان و هەروەها نوێنەرانی دامەزراوە و کۆمیتەکانی کۆدار لە ماوەی سێ ڕۆژدا بەڕێوەچوو. کۆنگرە خەباتی خۆی بە نرخادن و خستنە بەر باسی کار و پراکتیکی سێ ساڵی ڕابردوو، واتە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ڕاسپاردەکانی نێوان دوو کۆنگرە دەست پێکرد. لەو چوارچێوەیەدا و بی پێی ڕێنموونیەکانی ڕێبەر ئاپۆ و شیکارییەکانی لە سەر مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک گفتوکۆی بەپێز و سازدەر ئەنجامدرا. وێڕای دەربڕینی ڕەخنەداین سەبارەت بە کەموکووڕییەکانی دەرکەوتوو لە بەرامبەر گەلەکەمان، بە مەبەستی گەشەپێدانی خەبات و بەرزکردنی ئاستی تێکۆشان، بەرنامەی داهاتووی خەبات پێشکەش کرا. لە ڕەوتێکی پێداچوونەوەدا خەبات و کاری دامەزراو و کۆمیتەکان چاوخشاندنی پێدا کراوە و بۆ کاراکردنیان شرۆڤە و شیکاری پێویست ئەنجامدرا و بەرنامەی خەباتیان بۆ داڕێژرا. کۆنگرە شورای ڕێوەبەری کە لە 18 کەس پێکدێت هەڵبژارد و بە زۆرینەی دەنگ هەڤاڵ فواد بێریتان و هەڤاڵ گوڵان فەهیم وەک هاوسەرۆک ئەرکدار کران.
بەڕێوچوونی کۆنگرە لە ڕۆژانی بەرەو نۆزدەی گوڵان خاوەن واتایەکی تایبەتە و دووبارە کردنەوەی بەڵێن و پەیمانمانە لە تەک شەهیدانی بەرخۆدانی زیندان، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، علی حەیدەریان، شیرین عەلەم هوولی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئەو گۆڕەپانە. کۆنگرە وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەو شەهیدانە، جەختی کردەوە لەسەر درێژەپیدانی ڕێگای ئەوان و بە سازدانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک لەسەر بنەمای ئەو نرخ و بەهایانەی لە دەرئەنجامی خۆڕاگریانەدا ئافرێندراوە. کۆنگرە سەبارەت بە هەلومەرج و دۆخی زیندانیانی سیاسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گفتوگۆ و باسی کرد و پەرەپێدانی فەرهەنگی بەرخۆدانی زیندانی وەک مەرجی سەرەکی پاراستنی دەسکەوتەکانی شەهیدان لەو سەنگەرەدا دەستنیشان کرد. هەروەها کۆنگرە بە پێویستی دەزانێ بۆ پەرەپێدانی ڕۆحیەی هەرەوەزی و هاوکاری کۆمەڵایەتی، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا سەبارەت بە خاوەندارێتی لە زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بەرپرسیارانە هەلس وکەوت بکەن و سیاسەتی شەڕی بەردەوام و هەمیشەیی لەبەرامبەر کۆمەڵگا شکست پێبهێنن. کۆنگرەکەمان بە پێداگری لەسەر یەکگرتوویی و تۆکمەیی کۆمەڵگا بە پشت بەستن بە نرخ و دەسکەوت و سەرمایە کۆمەڵایەتیەکان و بانگەوازی لە هەموان بۆ پەرەپێدان و بەسازی کردنی ئەو پاشەکەوت و خەزێنە بەنرخانەی هەبوونی کۆمەڵگا، یادی شەهیدانی پارێزەری ژینگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەریف باجوەر و هاوڕێیانی، شەهیدانی سەرهەڵدانەکانی سەرماوەز و گیانبەختکراوانی گۆڕەپانی سڵامەت و تەندروستی کۆمەڵگا واتە ئەو بەڕێزانەی لە بەربەرەکانێ لەتەک پەتای کۆرۆنا گیانیان بەخت کردووە، بەرز ڕاگرت.
کۆنگرە دۆخی سیاسی لە ئاستی ناونەتەوەیی و هەرێمی خستە بەر باس و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ڕوانگەی پاڕادایمیەوە و لە سۆنگەی جیاوازەوە نرخاند. بەو پێیە؛ لە دۆخێکدا کە هەرێمکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕی جیهانی سێیەم و پەرگالی نیۆلیبڕاڵ، قۆناغێکی نوێی لە داگیرکاری لە ئاستی جیهان و هەرێمەکەدا وەڕێ خستووە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری کۆمەڵێ گۆڕانکاری خێرا و هەمەلایەنە بووەتەوە. دۆخی ئێستاکە لە بواری سیاسی و سەربازییەوە زۆر وەک دەورانی شەڕی یەکەمی جیهانی دەچێت، کە ئەو کاتە پەرگالی جیهانی بە شوێن داڕشتنی نەزمی دەوڵەت- نەتەوە وەک جێگرەوەی ڕژیمە ئیمپراتۆریەکان بوو. بەڵام لە قۆناغی ئێستادا پەرگالی جیهانی هەمان دیزاینی کۆن وەک گەورەترین ئاستەنگ و لەمپەر دەبینێ بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی لە چوارچێوەی بەرفراوانی کردنی بازاڕی ئازاد و پیاسەی سەرمایەی ڕەهادا. بۆیەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بووەتە گۆڕستانی پرۆژەکانی ڕۆژئاوا و هێشتاش خۆڕاگری دەکات، کراوە بە گێژاوی جەنگ. سەرەڕای شەڕی نوێنەرایەتی و ڕاستەوخۆی هەموو هێزەکانی دەرگیر لە جەنگدا و تێچووی یەکجار زۆری ئێنسانی و لەناوچوونی ژێرخانەکانی هەبوون و ژیانی گەلان، بە هیچ شێوازێک مۆدێل یا پرۆژەیەکی سەرکەوتوو، چارەسەرساز و گشتگیر بەدی ناکرێت. شیاوی باسە کە ڕژێمەکانی هەرێمی لەمێژە کە دووچاری چەقبەستوویی و ناکارامەیی بوونەتەوە. پێویستە بزانین کە ئەو ڕژێمانە دەسکردی هەمان پەرگالی جیهانین و بە هیچ شێوەیەک لە لایەن گەلانی هەرێمەکەوە پەسەند نەکراون و پشتیوانیان لێناکرێت. هێزە هەرێمی و جیهانیەکان بە شوێن ئەوەدا دەگەڕێن کە لە ناڕەزایی و تێکۆشانی گەلان و خەڵکی هەرێمەکە بە بەرژەوەندی خۆیان سوود وەرگرن و خڵەتێنەرانە ئیدعای پێشتیوانی و یارمەتیدانی گەلانیان هەیە. لە هەمان کاتدا، حوکمەتە هەرێمیەکانیش هەمان ئیدعا بە شێوەیەکیتر دەردەبڕن و خۆیان بە پارێزەر و پاڵپشت دەزانن لە مەر پاراستنی کیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکەکەیان لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕۆژئاوا. لە نێوانەدا جێگەی بەتاڵی پرۆژەیەک لە خواست و ئاوات و پێداویستیەکانی گەلان لەخۆ بگرێ هەستی پێدەکرێ.
کۆنگرە وێڕای ئاماژە بەوەی کە دۆخی باسکراو، سەبارەت بە ڕژێمی ئێران هەڵگری هەمان ڕاستیە لەو بڕوایەدایە کە؛ ماوەی چڵ ساڵ بەسەر ناکارامەیی ڕژێم تێدەپەڕێت و پەرگالی ڕژێمی ئێران لە هەموو بوارکانی پێکهاتەیی، ڕێکخراوی، سیاسەتدانان و بڕیاروەرگرتن، ڕێوەبەری، بەرهەم هێنان و گوفتمانیدا دووچاری پێری و پووکانەوەیە. لە هەموو گۆڕەپانەکاندا ڕووی لە دروشم گەرایی کردووە. پێویستی گۆڕانکاری بە ڕوونی خۆی دەنوێنێ. لەیەک ترازانێکی هەمەلایەنە دەبینین لە مابەینی گەل و دەسەڵات یا خود خەڵک و حاکمییەتدا. چینە کۆمەڵایەتیە نوێیەکان کە دەرکەوتووی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری، بەرفراوان بوونی پێوەندییە جیهانیەکان و پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیان، بووەتە هۆی وەدیهاتنی داخوازی و خواستی نوێ و جیاواز لە ئاستی گشتی کۆمەڵگادا کە ڕژیم بەو ئاستە موحافزەکارییەی کە هەیەتی، توانایی وەڵامدانەوەی نییە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی درز و شکستەکانی پیکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا بەرچاوتر ببن. دەبێ کە لەبەر نەبوونی یەک وتاری و ڕێوەبەرییەکی یەکگرتوو و یەکڕیزی لە نێوان دژبەرانی ڕژێمی ئێراندا پەڕاوێزێکی ئەمنی ناسەقامگیر بۆ ئێران ساز ببێ، بەڵام بەردەوامی ئەو ڕەوتە، تەنانەت لە دۆخی ئێستادا بۆ ڕژیم لە هەموو کاتێ دژوارتر بۆتەوە.
بزووتنەوی ئاپۆیی بە تێکەیشتن لەو ڕاستیە و بەهرەمەندی لە ئەندێشە و فەلسەفەی قووڵی ڕێبەر ئاپۆ، هێڵی سێیەمی تێکۆشان و ڕێکخستنی کە بریتیە لە جێ گرتن لە بەرەی گەلان و دووری لە جەمسەرەکانی هێز و دەسەڵاتی وەک ستراتژی هەڵبژاردووە. بۆ ئەو مەبەستە بە پێشکەش کردنی فۆڕمێکی نوێ لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لەسەر بنەمای گشتیەتی زهنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە بنەما وەرگرتنی پێکەوەژیانی گەلان و لەسەر خەتی بەرخۆدانی مێژوویی لە چوارچێوەی کۆنفێدڕاڵیسمی دیموکراتیکی گەلان، نوێنەرایەتی هێڵێ سێیەمی وەئەستۆ گرتووە. ڕێکخستنی کۆدار بە بەهرەمەندی لەو زانست و هۆشمەندێ سیاسی و کۆمەڵایەتیە بۆ چارەسەری پرسە کەڵەکەبووەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوی ناوەتە مەیدانی خەباتەوە. کۆدار وێڕای شیکاری هەمەلایەنەی هەلومەرجەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئاگاداری لە نیاز و داخوازییەکانی مێژوویی و نوێی دەرکەوتوو لە هەلومەرجەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی تازە، پێداگرانە لە ناو خەبات و تێکۆشاندایە. لەسەر ئەو بنەمایە دەستی داوەتە بەڕێکخستنکردنی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو جیاوازییەکان لەخۆ دەگرێت. کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تێکۆشانێکی بەردەوام و هەموولایەنە خوازیاری ئەوەیە کە کۆنفدڕاڵیسمی دیمۆکراتیک و نەتەوەی دیمۆکراتیک بکاتە وتاری سەرەکی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. بێ گومان ئەو مۆدێلە سەرەڕای هەموو هێرشەکانی ئەنجامدراو لە لایەن هێزەکانی جیهانی و هەرێمیەوە، توانا و کارامەیی خۆی لە دژوارترین دۆخەکاندا نیشان داوە و دەتوانێ زەمینە خۆشکەری ئاشتەواییەکی هەمیشەیی لە نێوان جیاوازییەکان و لایەنەکانی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێ.
سێیەمین کۆنگرەی کۆدار بە شیکاری ئەو مژارانەی باسکراو و بۆ وەدەست خستنی ئامانجەکانی گەلەکەمان ئەو بابەتانەی لە ژێرەوە دیار کراون پێشکەش دەکات؛
1- کۆدار بۆ تێکشکاندنی سیاسەتی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ، بونیادنەری پەرگالی کۆنفدڕاڵیسمی دیموکراتیک و ئازادی لە بەندی زیندانی ئیمراڵی، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ و هەموو هەوڵ و توانای ڕێکخستنی و پراکتیکی خۆی بۆ ئەو مەبەستە بەکار دە هێنێ. هاوتەریب لەگەڵ ئەو تێکۆشانانە بە مەبەستی پەرەپێدان و بەسازی کردنی ڕامان و ئەندێشەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێکۆشانی خۆی بەرفراوان دەکاتەوە.
2- کۆدار لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تێپەڕاندنی پەرگالی دەوڵەت- نەتەوە بە مەبەستی دانانی سیستەمی کۆنفێدڕاڵیسمی دیمۆکراتیک گەلان، لە بەردەوامی خەباتی ڕابردوویدا، کار دەکا بۆ گەشەدانی کار و تێکۆشانەکانی لە چوارچێوەی خۆڕێوەبەری و لە هەموو گۆڕەپانەکانی کۆمەڵایەتیدا. سەبارەت بە ڕێکخستن کردنی هەموو تاک و چێنەکانی کۆمەڵگا بە شێوازێکی تایبەتیانە بۆ پاراستنی نرخ و دەسکەوتەکانی کودار بەرپرسانە کار دەکا. پێکهێنانی بەرەی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران بۆ گەشەپێدانی پێوەندییەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەتەک گەلانی بەلووچ، ئازەری، عەرەب، تورکەمەن و گەلانی دیکەی ئێران و نەتەوەکانی جیاواز و هێزە دیمۆکراتیکەکان بە کاری سەرەکی خۆی دەزانێ.
3- کۆدار بۆ بونیادنانی هاوژیانی ئازاد، لە بەرامبەر هەر جۆرە ڕەگەزپارێزی کۆمەڵایەتی، نەریتە پاشکەوتووەکان و یاساکانی پیاوسالاری کە ژنان دەچەوسێنێتەوە تێکۆشان دەکا و بۆ ئەو مەبەستە لە پەرگالی خۆڕێوەبەریدا، بەشداری هاوشێوە و چالاکانەی ژنان بە بنەما دەگرێ.
4- بە تێگەیشتن لەو خاڵەی کە لەناوچوونی زمان و فەرهەنگ بەستێنی لەناوچوونی گەلان دروست دەکات، بۆ وەدیهێنانی زەمینی هەڵدان و گەشەکردن و پێوەندی فەرهەنگی لە نێوان جیاوازییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە مەبەستی چالاککردنیان و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی سازدەر و بەرهەم هێن، ئەوپەڕی هەوڵدانی خۆی دەکات. لەبەر ئەوە هەموان بانگهێشت دەکات بۆ پەروەردە و ڕا هێنان لەسەر بنەمای زمان و فەرهەنگی دایکی.
5- ئایین و باوەڕییەکانی هەر کۆمەڵگایەک ستوون و کۆڵەکەی دونیای مانەوی ئەو کۆمەڵگایەن، کە دەبێ لەمەڕ تەندروستی و پاکی ڕۆحی و دەروونی پارێزوانیان لێبکرێ. ئایین و باوەڕییەکان بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە وەک ئامێری ڕەواییپێدان و چەوساندنەوە بەکارهێندراون. کۆدار وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو چەمکە کە مانەویاتی خەلک بە خراپ بەکار دە هێنێ، لەگەڵ ئەو لەڕێ لادانە بەربەرەکانێ دەکا و خوازیاری دانیشتن و گفتوگۆی ئایینە جیاوازەکانە و بەستێنی ئەو لەیەک تێگەیشتن و وتووێژە ساز دەکا.
6- بە دروشمی هیچ گەنجێ نابێت بێ پەروەردە و ڕێکخستن بمێنێ، سەرنجی هەرکەس بۆ پێشەنگایەتی جوانان لە تێکۆشانی گەلدا ڕادەکێشێ. ڕۆڵی ئەوان لە هەڵدان، گەشە و ژیاندنەوەی بەردەوامی کۆمەڵگا و پێشخستنیدا بەرجەستە دەکا و زمینەی چالاکی پێویست بۆ گەنجان فەراهەم دەکا تا بە شێوازێکی هەمەلایەنە بەشداری خەبات ببن.
7- ڕژیمی ئێران مادەی هۆشبەر، لەشفرۆشی، بەسیج، بێکاری، ... وەک ئامێری شەڕی تایبەت بەکار دە هێنێ. کۆدار بۆ بەربەرەکانێ لەتەک ئەو دۆخە و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی تەندروست و خاوێن، هەڵدەستێ بە ڕێکخستن کردنی کۆمەڵگا بە شێوازێکی خۆڕێوەبەر بۆ پێشگیری لە بە فێڕۆچوونی سەرمایە کۆمەڵایەتیەکان.
8- سیاسەتەکانی ئابووری نیولیبڕاڵی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە هۆی بێکاری و کارەساتی لێدەکەوێتەوە و هەر ڕۆژ لە چێنەکانی خەسارهەڵگری کۆمەڵگا وەک #کۆڵبەر#ان قوربانی دەگرێ، کۆدار بە بنەما گرتنی ئابووری کۆمەڵایەتی تێکۆشان دەکا کە گۆڕەپانی ئابووری لە قۆرغی دەسەڵات دەرخا. لەو چوارچێوەیەدا بە کەلک وەرگرتن لە وزە و پوتانسیەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەخت دەکاتەوە لەسەر دەمەزراندنی ئابووری کۆمەڵایەتی و هەوڵدان دەکا بۆ ڕێکخستن کردنی.
9- کۆدار بە تێگەیشتن لە کارەساتی ئێکۆلۆژیک کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بۆ ڕێکخستن کردن و دروست کردنی یەکگرتوویی لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا لەسەر بنەمای کۆمەڵگای ژینگەیی، تێکۆشان دەکا بەرپەرچی سیاسەتە دژە ژینگەیی ئێران بداتەوە کە بۆتە هۆی لەناوچوونی زاگرۆس و زاگرۆس نشینان. لە چوارچێوەی بڕەوپێدانی فەرهەنگی وڵاتپارێزی و پێوەندی دووبارەی مرۆڤ و ژینەوار، هەروەها خاوەندارێتی لە ڕەنج و خەباتی تێکۆشەرانی ئەو گۆڕەپانە؛ ساڵرۆژی شەهادەتی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی(3ی خەرمانان) وەک ڕۆژی پاراستنی ژینگە ڕادەگەیەنێ.
10- پاراستنی نرخەکانی کۆمەڵایەتی و مرۆیی ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەزانین. بە دوور لە ڕوانگەیی ئەڕتەش سالاری لەسەر ئەو بڕوایەن کە کۆمەڵگا پێویستە بە شێوازی خۆبەخش و لە چوارچێوەی ڕێکخستنی سەربەخۆ و تایبەتیانە، خۆی بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هەر جۆرە هێرش و دەست درێژی ئامادە بکا. کۆدار بۆ ئەو مەبەستە پەروەردەی کۆمەڵگا بەبنەما دەگرێ.
11- کۆدار بۆ بەکار هێنانی هەموو دەرفەت و ئیمکانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانجی دامەزراندنی پەرگالی خۆڕێوەبەری، ئامادەی دان وستاندن و هاوکارییە لەتەک هەموو حیزبە ئازادیخوازەکان و تەڤگەرە مەدەنی و سیاسیەکانی ئەو بەشە لە کوردستان. لەو چوارچێوەیەدا پێشوازی لە هەرجۆرە هاوکاری دەکا و بەستێنی بۆ فەراهەم دێنێ.
کۆدار بە مەبەستی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و ئازاد، بەو هێز و ورە و مانەویاتەی لەو کۆنگرەیە وەریگرتووە بۆ بەرفراوان کردن و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی پێکەوەژیانی گەلان و جیاوزییە کۆمەڵایەتیەکان تێکۆشانەکانی خۆی درێژەپێدەدا. جارێکیتر وێڕای دەربڕینی ڕەخنەداین سەبارەت بە هەموو لاوازی و ئەو کەم و کورتیانەی دەرکەوتووە لە پێش گەلەکەمان، هەوڵدەدەین کە تۆکمەتر و چالاکتر و بێ هەڵەتر هەنگاو بەرەو دامەزراندنی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیک هەڵگرین. بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی کۆنگرەکەمان لە ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدانی ڕێگای ئازادی، زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، گەلی کوردی وڵاتپارێز و هەموو ئازادیخوازان و شوێن کەوتوانی حەقیقەت پیرۆز دەکەین. هەروەها بۆ بونیادنانی پەرگالی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیک کە نیازێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بنەڕەتی و بەڕۆژە، لە هەموو جیاوازییەکان، بزاڤەکان، ڕێکخراوە مەدەنی و نوێنەرانی چالاکی مامۆستایان، بازاریان، ژنان، جوانان، بڕواپێکراوان و خاوەن ئەزموونەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، ڕێبەرانی دینی و ئایینزایی، چالاکانی مافی مرۆڤ، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و هەموو ئەو کەسانەی کە دڵەڕاوکەی جیهانێکی باشتر و ژیانێکی تەندروست تریان هەیە بۆ تێکۆشانێکی هاوبەش دەعوەت دەکەین.[1]