بۆ ڕای گشتیی
هەر هەنگاوێک لەبارەی شەنگاڵەوە بنێرێت، هەر بڕیارێک سەبارەت بە شەنگاڵ بدرێت، پێویستە ویست و ئیرادەی شەنگاڵیەکان تیایدا بە بنەڕەت بگیرێت
لە 09، 10، 2020 ڕێککەوتننامەیەک لەسەر شەنگاڵ لە نێوان حکومەتی هەولیر و حکومەتی بەغدا ئیمزا کرا. ئەو ڕێککەوتنە بێ پرس و ئاگاداریی خەڵکی شەنگاڵ کراوە. لە شەنگاڵ ئیرادەیەکی ئازاد و ئەنجومەنێکی سەربەخۆی شەگالییەکان هەیە. ئەو ئەنجومەن و ئیرادەیە تێکۆشانێکی بێهاوتایان لە دژی #داعش# کردووە. بەڵام ئەمڕۆ بە بێ بەشداریی و ئاگاداریی ئەوان و لەسەر چارەنووسی خەڵکی شەنگاڵ ڕێککەوتن و پەیمانی نابەجێ ئیمزا ئەکرێن. ئەم پەیمانە لە بری ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات، کێشەی دی بەدوای خۆیدا دێنێت و ویستی خەڵکی شەنگاڵ پشتگوێ ئەخات. ئەگەر ئەو پەیمانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، خەڵکی شەنگاڵ جارێکی تر بێ بەرگریلێکردن و پاراستن ئەبن.
لە پێش جاومانە کە شەش ساڵ پێش ئێستا - 3 ئابی 2014 - داعش هێرشی کردە سەر شەنگاڵ و خەڵکێکی زۆری کۆمەڵکوژ کرد. ئەو هێزانەی کە پاراستنی شەنگاڵیان لە ئەستۆدا بوو (هێزەکانی پ.د.ک و هێزەکانی حکومەتی عێراق)، هەرێمەکەیان نەپارست، هەڵاتن و شەنگاڵییەکانیان لەبەردەستی داعش جێهێشت. ئەوانەی بەرگرییان کردوو خەڵکی شەنگاڵیان پاراست، ئەوانەن کە ئەنجومەنی سەربەخۆی شەنگاڵیان پێکهێناوە. ئەو کەسانەن کە ماوەی 6 ساڵە بە ڕۆح و گیانی خۆیان شەنگاڵ ئەپارێزن. بەڵام ئەمڕۆ ئەو هێزانەی بەرگرییان لە شەنگاڵ نەکرد و خەلکی شەنگاڵیان لەبەر شمشێرەکانی داعش جێهێست، بەدەر لە ویست و ئیرادەی ئازادی خەڵک، لەسەر شەنگاڵ ڕێککەوتن ئەکەن.
نوێنەرانی خەڵکی شەنگاڵ ئەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان حکومەتی هەولیر و حکومەتی بەغدا ئیمزا کراوە، قبوڵ ناکەن و ڕەتی ئەکەنەوە. ئەمەش مافی ئەوانە. چونکە پرسیان پێ نەکراوەو ویست و ئیرادەی ئەوان لەبەرچاو نەگیراوە. ئەوەی سەرنجراکێشە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەر لەهەرکەس خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە. هەموو ئەزانین کە تورکیا دوژمنی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە و دەمێکیشە هێرش ئەکاتە سەر شەنگاڵ. جا ئەگەر دوژمن بە ئەو ڕێککەوتنە شاد بێت، واتا ئەوە پەیمان و ڕێککەوتنە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە.
شەنگاڵ بە پێکهاتەکانییەوە، هەرێمێکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. زۆرینەی ئەوێ کوردی ئێزدین، شەنگاڵ بەشێکە لە خاکی کوردستان. هەر لەبەر ئەو تایبەتمەندییەش سەدان ساڵە ئامانجی هێرشی نەیارانە. هەرە دواییش ئەو دڕاندایەتییەی داعش بەرامبەر ئەو هەرێمە کردی، برینی قووڵی کردۆتە جەستەی خەڵکی شەنگاڵەوە. پێویستە شەنگاڵ، خەڵکی شەنگاڵ و کێشەکانی شەنگاڵ بە شێوازێکی تایبەت هاوکاریی بکرێن و چارەسەربکرێن. نابێ دوولایەن کە لە شەنگاڵ نین و خەڵکی ئەوێ نین، پێکەوە کۆببنەوەو بێ پرس و ڕای خەڵکە خۆجێیەکە بڕیار لەسەر چارەنووسیی هەرێمەکە بدەن.
ئێمە ناڵێین نابێ حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا کارەکانی خۆیان لە شەنگاڵ بکەن. با ئەوانیش لەناو کاردا بن. بەڵام با لایەکەی تریش کە بەرگرییکارانی شەنگاڵن لەناو ڕێککەوتنەکاندا بێت. کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادبوونی نوێنەرانی خەڵکی شەنگالیش بکرێت. لەوێدا وتووێژ لەسەر کێشەکان بکرێت و بڕیار لەسەر چارەسەرکردنیان بدرێت. ئێمە ئەڵێین هەر هەنگاوێک لەبارەی شەنگاڵەوە بنێرێت، هەر بڕیارێک سەبارەت بە شەنگاڵ بدرێت، پێویستە ویست و ئیرادەی شەنگاڵیەکان تیایدا بە بنەڕەت بگیرێت.
دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتییەکی سەربەخۆ لە شەنگاڵ، هەروەها پێکهێنانی هێزێکی بەرگریی لەوێ، مافێکی ڕەوای خەڵکی شەنگاڵە. پێویستە شەنگاڵ خاوەنی پێگەیەکی جیاواز و تایبەت بیت.
لەبەر ئەو هۆکارانە ئێمە ئەو ڕێککەونەی لەسەر شەنگاڵ کراوە بە نابەجێی ئەبینین. پێویستە هەموو ڕێککەوتنێک لەوبارەیەوە لەسەرەتاوە دەستپێبکاتەوە.
ئێمە داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و لە ڕای گشتیی کوردستان ئەکەین لەو بارەیەوە بێدەنگ نەبن. خاوەن هەڵوێست بن و خاوەندارێتیی لە خەڵکی شەنگاڵ بکەن.
هەروەها داوا دنیای مرۆڤدۆست ئەکەین کە شەنگاڵ و شەنگاڵییەکان بە تەنیا جێنەهێڵن.
#15-10-2020#