لە کوردستان هاوسەرگیری کرد، کەچی لە تورکیا کچێنیان فرۆشت!
#ڕۆزا حە مە ساڵح#
تەواوکردنی خوێندن یەکێک بوو لە خەونە مەزنەکانی (ژوان) بۆ ئەوەی لە دەزگایەکی حکومیدا دابمەزرێ و بتوانێت هاوکاریی باوکە هەژارەکەی بکات لە دابینکردنی قووت و بژێوی خانەوادەکەی.
ژوان خوێندنی تەواوکرد بەڵام وەک هەموو هاوڕێکانی دیکەی ئەویش بەهۆی بێسەروبەری و نادادپەروەری کاربەدەستانی حکومەتی باشووری کوردستانەوە دانەمەزراو بێ ئیش مایەوە لەماڵەوە، هەتا ئەو ئێوارەیەی کە لە ئاهەنگی یەکێک لە هاوڕێ کچەکانیدا (ئازاد)ی ناسی.
لە ئاهەنگەکە ژمارەی تەلەفۆن گۆڕدرایەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان دەکرد، ئازاد پێشنیازی هاوسەرگیری بۆ ژوان کردو پێی گووت کە باری دارایی زۆر باشە و بەکاری قاچاغچیەتی پەنابەرانەوە خەریکە لە نێوان وڵاتانی تورکیا و یۆناندا، پێشی ووتبوو کە خاوەنی شوقە و ماڵ و حاڵی خۆیەتی لە شاری ئیستەنبوڵ، دواتر درێژە بەقسەکانی دەدات و پێی دەڵێت کە دوای هاوسەرگیری واز لەکاری قاچاغچیەتی دەهێنێت و پێکەوە ڕوو دەکەنە ئەوروپا بۆ ژیانکردن.
ووشە ڕەنگاوڕەنگ و پرشنگدارەکانی ئازاد، ژوان ڕازی دەکات، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا مەراسیمی خوازبێنی و مارەکردن ئەنجام دەدەن دوور لە چاوی یاسا، ئازاد وەک ئەوەی ڕۆڵی کوڕێکی سەلار ببینێ بڕێک پارەش دەدات بە باوکی ژوان.
بەپەلە پاسەپۆرتێکی ساختە بۆ ژوان دەکڕێت و دوای دوو ڕۆژ کوردستان بەجێدەهێڵن، پێکەوە دەچنە ئیستەنبۆڵ، هەر کە دەگەنە ئەوێ ژوان هەست بە کاڵبوونەوەی ووشە بریقەدارەکانی ئازاد دەکات بەڵام هیچ ناڵێ، بەر لەوەی بچنە شوقەکە لادەدەنە نوسینگەیەک، هاوڕێیەکی ئازاد لەوێ دەبێت، سەر لە سەری یەکتر نزیکدەکەنەوە بە دەنگی نزم چەند قسەیەک دەکەن، ژوان هیچ تێنەدەگەشت لەوەی کە دەگوزەرا.
شەو داهات، کات درەنگبوو، ئازاد و ژوان بەرەو شوقەکە ڕۆیشتن، هەر کەگەیشتن ئازاد قاتێک جلی خەوتن دەداتە دەست ژوان، پێیدەڵێ تۆ پشوو بدە من دەچم خواردن دەهێنم.
ژوان بەدەم ماندوویەتی چاوەڕوانی و نیگەرانیەوە لە سەر تەختی خەوتنەکە خەوی لێدەکەوێ، بەڵام لەپڕێکا بەهێزی دەست و پەنجەیەکی توکن، بە لوشەلوشی هەناسەو، ژانی دڕک و چقڵە ڕەشەی سمێڵی پیاوێکی کەڵەگەت و چوارشانەی برسی بۆ گۆشتی ژن وەخەبەردێت، ژوان نەیتوانی پارێزگاری لە خۆی بکات، پیاوەکە ئەوەندەی ئازاردا هەتا کەنەفت و بێهۆش خستیە بن بازوە زبرەکانی.
وەختێ ژوان هاتەوە هۆش خۆی، هەتاو لە پەنجەرەوە هاتبوە ژوورێ، بەڵام هیچی بەدینەدەکرد، جگە لەوەی کەخۆر بەو هەموو گەورەییەوە لە دڵۆپێک خوێنی کچێنی خۆیدا دەبریسکایەوە!
ئازادیش هەر نەگەڕایەوەو نەگەڕایەوە.[1]