قوماش 62
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بابم پاش مەغریبەکی درەنگ هاتەوە، زۆر بێتاقەت بوو، دیاربوو زۆری سوو لە قادرە فەندی ببۆوە، هەتا بابم خۆی تەنیا کرد، مەلای عیشایێ بانگیدا، بابم چووە سەر دووگوردی و نوێژی عیشایێی کرد، لە نوێژێ بۆوە و هەردوو دەستی برند کردە عاسمانێ و گۆتی: یاڕەبی خوایە هەقی قادرە فەندی بکەی! داکیشم نانی داناو دەستی بە چایە تێکردنێ کرد، داکم گۆتی: دەبی فەوزیە خان وەزعی کووبی! بابم گۆتی: وەڵلاهی لەسەر قەبران دیتم، کافری پێ ئیسلام دەبوو، وەی بابە لە چ وەزعەکی دابوو، بە ڕاستی قورسە، بە سێ چار ژنان گرتبوویان ڕانەدەوەستا، هەر هاواری دەکرد: قادر لۆ بەجێت هێشتم، ئەوجە پاشی توو دنیا چ تامەکی تێدا مایە! گۆتم: بابە، هەورین لەوێبوو؟ بابم گۆتی: ئەدی کوو لەوێ نەبوو کوڕم، ئەرێوەڵلا کوڕم لەوێبوو، خۆی کووشت هەنکی بە مستان لەخۆ بدا، چووم گۆتم: کیژم ناوی خوای بینە و شوکر بە، مردن برا گەورەیە و لەبەر دەرکەی هەموومانە، وەکی گێی لە دەنگی من بوو، هێور بۆوە و سەری برند کرد و تێر تەماشای کردم، وەکی برێی لە ناو چاوەکانی من لە توو دەگەڕا و دەیوویست بزانی کووی! گۆتم: یاڕەبی خوای گەورە سەبریان بداتێ و ئەو موسیبەتەیان لەسەر ئاسان بکا!
لەگەر داکم و بابم نانی هێوارێمان خوارد و بەینەکی باش دانیشتین و خەم و خەفەتی ماری قادرە فەندیمان بەبا کرد، گۆتم: بابە، مێردی هەورینی لەوێبوو؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا کوڕم لەوێبوو، باش بوو نەهاتی، بە نەوعەکی تەماشا منی دەکرد، وەکی برێی دەیوویست بێ گووللەکم لە تەختی نیوچەوانی بدا، خوا لەناوی ببا یاڕەبی! دەوری یازدەی شەوێ هەستام و چوومە ژۆرەکەی خۆم، نوێژی عیشایێم کرد و چونکە هیلاک بووم، لێم پارداوە!
سبەینێ دەوری سعات نۆی لەگەر داکم و بابم دانیشتبووم، لە دەرکەی درا، چووم کردمەوە دیتم موختاری گەڕەکێ بوو، بەخێراتنم کرد و گۆتی: ئەوڕۆ بڕۆ دائیرەی ئەمن، ئەبو عەلا دەیەوێ بتبینی و بزانی لەگەر بازۆی چت کردەوە لە بالیسانێ! گۆتم: باشە، تۆزەکیدی دەچم، بەران وەمەکە داک و بابم بزانم، بەخوای بزانن لە خەمان دەمرن! گۆتی: ئەگەر ئەوڕۆ بچی پێیان نارێم، گۆتم: وەعد بی بچم، ئیدی موختار ڕۆیشت و ئەمنیش چوومەوە ژۆرێ، بابم گۆتی: کێبوو لە دەرکەی دا کوڕم؟ گۆتم: موختار بوو، داکم بە مشەوەشی گۆتی: چی دەویست؟ گۆتم: گۆتی، ئەمر هاتیە، دەبی لەوەپاش هەموو مارەک گلۆپەکی لەپێش دەرکەی قەیم بکا و لە پاش مەغریبێوە هەتا سبەینێ پێی بکا!
بابم گۆتی: ئەرێ کوڕم لەبەر مردنی قادرە فەندی، بازۆمان هەر لەبیرکرد، ئەتوو بە من برێ دیتت یان نا؟ گۆتم: بەرێ دیتم، گۆتی: وەزعی کوو بوو؟ گۆتم: وەڵلا باش بوو، سەلامی لێدەرکردن، پێمگۆ: بازۆ نەکەی بێیەوە، بێیەوە دەتکوژن، گۆتی: دەزانم، دەیانەوێ بێمەوە و بمکوژن! ئەمنیش سەلامینگۆم پێگەیاند و زۆر مەمنونی پارەکەی بوو کە لۆت نارد؟ بابم گۆتی: خۆ کەس نەیدیت وەکی پارەکەت دایێ؟ گۆتم: نەخێر وەم نەکرد کەس ببینی! گۆتی: زۆر باشە کوڕم، خوا بیپارێزی! بابم چایەکیدی خواردەوە و هەستاوە جلکی گۆڕی و گۆتی: ئەمن دەچم کرێی ئەو خانیەی کوران وەردەگرم و لەوێش شۆڕ دەبمەوە لۆ ئاوقافی ممکینە معاش هاتبی، دەچم وەردەگرم و دێمەوە مارێ، داکم گۆتی: لەسەر ڕێی خۆت تەبەقە هێلکەک و شووشە تەحینەکی بینە، نەمانمایە! بابم گۆتی: ئیشاڵلا، بابم خواحافیزی کرد و ڕۆیی، ئەمنیش چوومە ژۆرەکەی خۆم و جلکم گۆڕی و هاتمە دەرێ، داکم گۆتی: کێوە دەچی بابەکەی بابم؟ گۆتم: دەچم سەرەکی لە تەربیەی دەدەم بزانم ناوم نەهاتتەوە لۆ دامەزراندنێ، گۆتی: دەبڕۆ کوڕم بڕۆ، خوا ئاگای لێتبی، خواحافیزیم لە داکم کردو چوومە دەرێ!
گەیشتمە دائیرەی ئەمن و گۆتم: ئەبو عەلا لە دووی ناردیمە، ئەمنەک وەگەرم کەت و ئەمنی بردە ژۆرێ، وەکی چوومە ژۆرێ، ژنەکی کورد دانیشتبوو، ئەو ژنە ماوەک ماریان لەگەڕەکی مەبوو، بەدە بێ دەرپێیان پێ دەگۆ، سومعەی زۆر خراپ بوو، ماری ببووە ڕێی کانی، معەدەل دوو دەچوونە ژۆرێ و سێ دەهاتنە دەرێ، هەتا برێی زمان پیس و هاربوو، کەس نەدەوێرا خۆی تێبگەینی، قسەی ئەوەی هەبوو سەر بە دائیرەی ئەمن بی، خەرکی گەڕەکێ سەبریان نەما و مەزبەتەیان لەسەر کرد و شکایەتیان لێکرد، ئیدی ڕۆژەکی کۆمەرە پۆلیسەک هاتن و تەنگاویان کرد، ئەویش پاش ئەوەی هەزار جوونی دا ژن و پیاوی گەڕەکێ، باری کرد و دەفن بوو، وەکی چاوی بەمن کەت ڕەنگی تێکچوو، ئەبو عەلاش مشەوەش بوو، بانگی ئەمنەکەی کرد و دایە بەر زللان، بە عارەبی گۆتی: ئەو زەلامەت لۆ هینا ژۆرێ، کێ بەتووی گۆ بیهینە ژۆرێ، نابینی مێوانم هەیە! ئەمنەکە هەر دەپاڕاوە و دەیگۆ : العفو سیدی! دیاربوو ئەو ژنە هاتبوو تەقریری دەدا ئەبو عەلای، ژنەکە یەکسەر ڕووی وەرگێڕا و چووە دەرێ، خوا خوایبوو ئەمن نەیبینم و قسەی لەگەر نەکەم، پێشی هەنگی زۆر بەمنیان دەگۆ: هەرچی گەواد و ژنی بێ نامووسە، سەر بە دائیرەی ئەمنە، ئەمن باوەڕم نەدەکرد، بەران کە ئەو ژنەم لەوێ دیت، لۆم بەدەرکەت هەمووی ڕاستە!
ئەبو عەلا ئەمنەکەی بە پێلەقان دەرکردە دەرێ و هاتەوەو گۆتیە من: اگعد اگعد(دانیشە، دانیشە)! ئەمن دانیشتم، ئەبو عەلا دانیشت و پاکەتەکەی سەرمێزی هەرگرت و جغارەکی دەرینا و لۆمنی ڕاگرت، گۆتم: جغارەی ناخۆم! جغارەکەی هاویشتە بەینی لێوەکانی و پێی کرد، قوومەکی دوور و درێژی لێدا و دووکەرەکەی قووت داو ئەوجە هەمووی هیناوە دەرێ، بڕەک هاتەوە سەرەخۆ و گۆتیە من: چۆنی کاکا، باش؟ گۆتم: باشم بژی سوپاس، گۆتی: ئەتوو چوو بالێسان؟ گۆتم: بەرێ، هەستاوە و پەردەی پەنجەرەکەی بڕەک کردەوە و گۆتی: زۆڕ باش، عفیە کاکە، عفیە! ئەتوو دیت بازو؟ گۆتم: بەرێ دیتم! گۆتی: ها ئەو دێت سەف وەتەنی؟ گۆتم: زۆرم لەگەر هەوڵدا، گۆتی: ئەمن نایێمەوە و لێرەش نامینێم! گۆتی: نامینێ ناو موخەڕیب، ئەدی دەچی کێ؟ گۆتم: حەزدەکا بچیتە ئەوڕوپای، دەرێ دەڕۆمە وێ و لۆ خۆم دەخینم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!