قوماش 67
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بابم جلکی گۆڕی و ڕۆیی لۆلای مزگەفتێ، ئەمنیش لەگەر داکم لە مارێ ماینەوە، نازانم ئەو ڕۆژەمان کوو بە ڕێکرد، بە درەکی پڕ خەم و خەفەت، هەرکووی فکرم دەکردەوە و ئاوڕم دەداوە شکل و شێوەی بازۆم دەهاتە بەرچاوی، یان بریندارە، یان فڕێ درایتە پشتی پیکابی و لە تۆقی سەری هەتا بنی پێی گووللەیە، نەمدەزانی چبکەم و کوو خەبەرەکی وەگرم، داکیشم هەر دەهات و دەچوو و دەیگۆ: وەی چاوی داکت کۆرەبی بازۆ، وەی لۆت بمرم بازۆ، دەبی هەونکە بە قالبێ بەخین لە کێ کەتبی و هاواری ژانی برینت بگاتە کێندەرێ، نەمدەویست بچمە پێش دەرکەش، زۆر دەترسام مارمان چاودێری بکرێ و بیانەوێ بزانن کێ دێتە ماریمە و ئەمەش کێوە دەچین، ئەمن لەو خەیارانە دابووم، داکم تاقم و تراشی لە پێش دانام و گۆتی: ئەو شیرەی منت لێ حەرام بی، ئەگەر ئەو ڕدێنەی نەتراشی! بەینەکی تەماشا داکمم کرد و دیتم هەردوو چاوی پڕی ئاو بووە، ئاخر زۆر قورسە داک ڕجای لە کوڕی خۆی بکا، تا داواکاری جێبەجێ بکا، چارم ناچار بوو، گۆتم: بەسەرچاو دایە، ئەوە لەبەر خاتری توو دەیتراشم، دانیشتم و دەستم دا مەکینە و مووسی و دەستم بە ڕدێن تراشینی کرد، ئەو مووسەی بە ڕدێنم دادەهینا، وامدەزانی بە سینگ و پشتم دادەینم و شەقار شەقاری دەکەم، چونکە ئەوە سەرەتای شکاندنی یەکەم وەعد و پەیمانی من بوو لۆ هەورینی، ئاخر پەیمانمان دابوو ئەگەر لۆ یەک نەبووین، ئەو هەتا دەمری جلکی ڕەش لەبەرکا و ئەمنیش ڕدێنم نەتراشم! ئەی مردن ئەتوو لەکێی، ژیان کووشتمی، ئازار کووشتمی، دابڕان کووشتمی، فرمێسکەکانی هەورینی و برینەکانی لاشەی بازۆی برادەر و براو وەفادار کووشتمی!
ڕدێنم تراشی و ئاوەکم بە دەموچاوم داکرد و بە خاولی هیشکم کردەوە، چونکە لەمێژبوو ڕدێنم نەتراشیبوو پیستی ڕوومەتم سپی سپی ببوون، بابم هاتەوە مارێ، چاوی بەمن کەت، ڕدێنم تراشیە گەش بۆوە، گۆتی: ئەدی کوڕم، دە ئەوها بە گێی داک و بابت بکە! گۆتم: بابە هیچ خەبەرت دەست نەکەت، گۆتی: وەڵلا کوڕم کاک مامەندم دیت، ئەوەی نائیب زابتە لە خەستەخانەی عەسکەری، گۆتی: مەیتەکانیان هینا کنەمە، دوو جاش سەگتۆپ بووینە و چاریش بریندارن، بەران هەتا ئێستا پێشمەرگە بریندارەکە نەگیرایە و هەر لە دووی دەگەڕێن، حوکمەت هەر چاوەکی کردیتە چار چاو، کوون بە کوون مارەکانی ئەو گەڕەکەی تەفتیش دەکا کە تەقەی لێکرایە و هەتا ئێستا هیجیان دەست نەکەتیە، گۆتم ئیشاڵلا بازۆ نەجاتی بووە و نەگیرایە!
وەختی عەسرێ لە مارێ دانیشتبووم کتێبەکم لە دەستی بوو دەمخیندەوە، لە دەرکەی درا، داکم چوو کردیەوە، هاتەوە و گۆتیە من: وەرە کوڕم ئەو دوو فەردە هوردکە نانەی بینە بدە ئەو پیاوەی دەرێ، بە سێ چار کیسە خێیان گۆڕیتمەوە، گۆتم: باشە دایە ئەوە هاتم، چووم دەستم دا دوو فەردە هوردکە نانەکەیی و بردمە دەرێ، کابرا وەریگرت و کیسە خێیەکانی دا داکم، داکم هێشتا نەچووبووەوە ژۆرێ، گۆتمە کابرای: ڕاوەستە با جامە ئاوەکت لۆ بینم! گۆتی: مەمنون دەبم، چوومە ژۆرێ و جامە ئاوەکم لۆ هینا و دامە دەستی، داکم خێیەکەی بردە ژۆرێ و کابراش ئاوەکەی خواردەوە و جامەکەی داوە دەستم، لێم وەرگرت و پشتم تێکرد بڕۆم، گۆتی: دەستخۆش پرتەقار! بڕەک ڕاوەستام و دامام، ئاوڕم داوە کابرا سەری برند نەکرد فەردەی هاویشتە سەر پشتی و گۆتی: دەچمە سەری کۆرانێ، بە شێرۆی برێ بەخۆو بە داوو و دەرمانەوە بێ، هەرمگری و بڕۆین، نەکەی ئەتوو بێی، تووشی کێشە دەبین! کابرا لێیدا ڕۆیی و ئەمنیش چوومەوە ژۆرێ، هەموو لەشم تەزی بوو، هەستم کرد ئەو خەبەرە بازۆ ناردیتی و هێشتا لەناو شاریە و بریندارە و پێویستی بە داوو و دەرمانی هەیە! بڕەک ڕاوەستام و چوومە ماری شێرۆی، دیاربوو شێرۆ ڤیدیۆی بە کرێ هینابوو، فلیمی سێودەڵاندمی ئیبراهیم تاتڵسی لێدەدا و بە خۆ و بە مندارەوە لە دیار دەگریان! گۆتم: دختۆر شێرۆ هەتا دەرێ وەرە ئیشم پێتە! قیت بۆوە و هات، گۆتی: گووت لە وەزعەکەی کرد و نەتهێشت تێر تێر لۆ ئیبراهیمی بگریێم! گۆتم: بگە بازۆی، وەزعی باش نیە! شێرۆ ڕەنگی پەڕی، گۆتی: ئەگەر ئەتوو ئەمنت بە ئیعدام کردن نەدا ئەمن چنیمە! گۆتم: ئیشاڵلا خوا دەتپارێزی، دەرزی و دەرمان چت هەیە، ببەو لەسەری کۆرانێ پیاوەک ڕاوەستایە دوو فەردە هوردکە نانی پێیە، هەریگرە و بڕۆ!
گۆتی: ئەتوو دەرێی ئەمن بە شێت تێدەگەی، پارچە پارچەشم کەی ناچم، دیارە خۆم لە دەشتێ دیتتەوە، وازم لێ بینە با بچم بڕەکی دی لە دیار ئیبراهیمی بگریێم! گۆتم: بە ویزدانت ئەوە قسەیە ئەتوو دەیکەی! بازۆ لە بەینی ژیان و مردنیە، ئەتووش دەرێی لێمگەڕێ لۆ ئیبراهیمی بگریێم، بڕۆ فریای بازۆی کەوە، هەر لەبەر هیچ نا، لەبەر خاتری جیرانەتی و پلکە گەلاوێژی داکی! شێرۆ ئەعسابی نەما، ویستی هاوار کاو برێ: وازم لێ بینە، تووند دەوم گرت، گۆتم: مەکە هەرا با دنیا تێنەگا، پیاوی چاکبە و بڕۆ بازۆی لە مردنێ قورتارکە! گۆتی: ماخران ئەتوو چ لەزگەکی، دەرێی بنیشتی ئەبوسامی، وەکی بە قونی ئێکەکی وەنووسای، لێی نابیەوە هەتا داکی بە... نەدەی، ئەوهاشت لە کیژی قادرە فەندی کرد، هەتا هەمووت تەفر و توونا کردن! گۆتم: زووبە کابرا وا لە دەرێ ڕاوەستایە، گۆتی: کێ دەرێ ئەو کابرایە جاسوس نیە و دائیرەی ئەمن نەیناردیە، خێرت دەگاتێ لێم گەڕێ، مندارم هوردە! گۆتم: تەئکیدم جاسوس نیە، زوو داوو و دەرمانت بینە و بڕۆ بگە بازۆی!
خوا ڕەحمی کرد شێرۆ دری نەرم بوو، گۆتی: دەبڕۆ ئەتوو دەفن بەو بڕۆوە مارێ، ئەمن وا جانتایەکەم دەبەم و دەڕۆم، دوو ماچم لە شێرۆی کرد و گۆتم: وەڵلا پیاوی! گۆتی: دوعای بکە ئەو ماچانە قوون دڕانی لە دوو نەبی! وەرامی شێرۆم نەداوە و غارم داوە لۆ مارێ، لە کەلەنی دەرکەی تەماشا ماری شێرۆم دەکرد بزانم دەچی یان نا، وەختەکی دیتم هاتە دەرێ، جانتای فڕێدا ناو شڕە لادەیی و سلفی لێداو ڕۆیی، هەناسەکی خۆشیم هەرکێشا و گۆتم: خوایە ئەتوو بکەیی و ئەو جارە بازۆ قورتار بی!
چوومەوە ژۆرێ و داکم گۆتی: ئەرێ پێم نارێی ئەو جرت و فرتەت لە چیە، دە وەرە دانیشە کوڕم دانیشە، گۆتم: شتەکی وەها نیە دایە، دوعای بکە بازۆی بە سەلامەتی دەرچی و نەگیرێ، وەڵلا چشتەکی لێبێ، پلکە گەلاوێژ وەزگ دەدا، گۆتی: یاڕەبی خوایە بە گەورەیی خۆت بە هانای بێی! داکم هەستا و گۆتی: ڕاوەستە با هەندە موڕەبات لۆ بینم، بزانە کووە؟ گۆتم: دایە ئەوجە کەنگی چشتی دەستی توو ناخۆش بووە هەی بەقوربانی ئەو دەست و پەنجانەت بم، داکم هەندە موڕەبای لۆ لە قاپەکی کردم و لەگەر مراکەکی هینای، ئێک دوو مراکم لێ خوارد، هەر دەتگۆ شەکرە، گۆتم: ئەی دەستەکانت نەڕزی دایە، بە ڕاستی موڕەبایە ئەوجە لۆ!
دوو سعاتەک پێچوو، هەر چاوەڕێ بووم شێرۆ دەرکەویتەوە، زۆر خەمم بوو تووشی کێشەکی بووبی، ئەوجە ئەگەر شێرۆ بگیرێ یان چشتەکی لێبێ، ئەمن چ وەرامی مار و منداری بدەمەوە، هەردوو دەستم برند کردە عاسمانێ و گۆتم: یاڕەبی خوایە بیپارێزی! ئەمن لەو دوعایانە دابووم سێ چار تڕومبێلی عەسکەری لە پێش ماری شێرۆی ڕایانگرت و پێنج شەش زەلامی جلک زەیتونی لەبەر هاتنە خوارێ، وەکی چاوم بەو وەزعەی کەت لە جێی خۆم هیشک بووم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!