قوماش 72
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
دەرکەم کردەوە و دابەزیم، ڕووم لۆ لای هەولێرێ وەرگێڕا و هێدی هێدی بە کەلەنی تڕومبێلان ڕۆیشتم، درم لەسەر هەزار لێی دەدا جەماعەتی سەیتەرەی بمبینن، لەو داڵغانە دابووم و دەڕۆیشتم، ئێکەک بە هەموو دەنگی هاواری کرد: اوگف، لا تتحرک(ڕاوەستە و نەجولێی)! خۆم لە گێلی داو ڕۆیشتم، گۆتم بەشکوو لەگەر منیان نەبی، وەختەکی بووە ڕاکێش ڕاکێشانی کلاشینکۆفی، ترسام تەقەم لێبکەن و بمکوژن، لۆیێ گۆتم: با ئاوڕەکی بدەمەوە بزانم لەگە منیتیان، ئەمن ئاوڕم داوە و دوو ئینزیباتی کراوسۆر، بە کلاشینکۆفەوە گەیشتنە سەرسەرم، کلاشینکۆفیان لەسەر سینگم دانا و ئێکیان گۆتی: هویتک(هەویەت بدە)! دەستم لە گیرفانم ڕاکرد و هەویەی کولیەم دا دەستی، وەریگرت و بەینەکی تەماشای کرد، هەویەکەی برد و گۆتی: یاللە تعال ویانە(یاڵلا لەگەرمان وەرە)! ئەمن لەناو قەدم ڕا پسا، گۆتم: تەواو گیرام و تێچووم، بە تەنیشت تڕومبێلی شێرۆیان دابردم، ئاوڕەکم لە شێرۆی داوە، دیتم لە لایەکی ڕوحی چووە، نەکوو ئەویش بگرن چونکە ئەمنی هینایە، لەلایەکیش تەواو بێتاقەتە چونکە گیرایمە!
ئەمنیان بردە ناو ژۆرەکەی سەیتەرەی، زابتەکی ئەمنی ڕەش دانیشتبوو، سمێرەکی زۆر گەورەی بەردابۆوە، دەبانچەکی لە بن پانتۆڕی نابوو، هەویەکەی منیان دا دەستی و گۆتیان: اتفضل سيدي(فەرموو گەورەم)! ئەویش هەویەکەی وەرگرت و بەینەکی تەماشای کرد، هەویەکەی فڕێدا سەر مێزی و هەستاوە، هەتا ڕاشدی گرتی لەبن گێی دام، لەسەر یەک سوڕام و کەتمە ئەو گۆڕەی، قیتی کردمەوە و ڕاشدیەکی دی لێدام و گۆتی: وین تروح یا کلب(هەی سەگ کێوە دەچی)؟ نەمزانی چبرێم و کوو وەرامی بدەمەوە، ئەوجارە کەتە سەرم بە پێلەقان و هەموو کەپوو و دەوم بووە خین، دوو سێ کەسیدیش لەوێبوون، ئەوان بەس تەماشایان دەکرد و هیچیان نەدەگۆ، هاواری کرد: ڕوحوا شوفوا ویە منو یرید یهرب، جیبوا(بڕۆن بزانن ویستیتی لەگەر کێ هەرێ بیهینن)! لەسەر ئەو هەموو خەمانە خەمی شێرۆم بوو، ترسام ئەویش بگرن و شتەکی لێبکەن و بە ملە من دابێ، دیسان گۆتیە من: ویە منو ترید تهرب(دەتەوێ لەگەر کێ هەرێی)؟ گۆتم: انی میعرف عربی(ئەمن عەرەبی نازانی)، گۆتی: گواد لعد شلون کملت الکلیە(ئەدی کوو کولیەت تەواو کردیە گەواد)! جاشەکی کوردی خۆڕی لەوێبوو، گۆتیە من: سەیدی دەرێ لەگە کێ ویستیت هەرێی و بچیە ناو موخەڕیبان؟ گۆتم: کەسم لەگەر نەبووە و بە تەکسیەکیش هاتیمە، ناچمە ناو موخەڕیبان و دەچوومە شەقراوەی سەر لە برادەرەکی بدەم! جاشەکە لۆ عارەبەکەی تەرجومەکرد، عارەبەکە ڕاست شێت بوو، کێبلەکی هینا و کەتە سەرم بە کێبلان، هاوارم دەگەیشتە تاقی عاسمانێ و کەس گێی پێ نەدەدا، گۆتی: تروح یم صدیق لو یم بازو المخرب(دەچوویە کن برادەرەکی، یان دەچیە کن بازۆی موخەڕیب)! جاشەکە کلاشینکۆفی سوار کرد و بە عارەبیەکی سەقەت گۆتی: سیدی خل اکتلە و نخلس من هازا الخائین(گەورەم با بیکوژم و نەجاتمان بی لەو خائینەی)!
عارەبەکە گۆتی: لا لا، احنە نعرف شلون نکتلە، انت لا تتدخل(نانا، بەخۆمان دەزانین کوو دەیکوژین، ئەتوو خۆ تێکەر مەکە)! هەندەی نەبرد، کەلەپچەیان لە دەستی کردم و چاویان بەستام و فڕێیان دامە ناو تڕومبێلەکی و سێ چار زەلامیش سوار بوون و تڕومبێل پێی لێنا، ئیدی نازانم لۆ کێندەرێ، ئەمن لەناو ئەو هەموو خەمەی درم بەوەی خۆشبوو شێرۆیان نەگرت، خۆ ئەگەر بیانگرتبا و پێی لێنابا، کەوا بازۆی تیمار کردیە، دەمودەست لە سێدارەیان دەدا، هەر دوعام دەکرد: خوایە ئەمن هەرچیم لێبێ، کێشە نیە، بەس شێرۆ نەگیرێ، ئەگەر بگیرێ ئەویش لە نیوچەوانی من تێدەچی!
تڕومبێلەکە دەوری نیو سعاتی ڕۆیی، وەختەکی ڕایگرت و هاتنە خوارێ و ئەمنیشیان هینا خوارێ، قۆریان گرتم و ئەمنیان لەگەر خۆیان برد، بەینەکی ڕۆیشتین، دوایێ دەست و چاویان کردمەوە و فرێیان دامە ژۆرەکی، تەماشام کرد ژۆرەکە مەتر و نیو بە مەترەک دەبوو، ئاودەستیش هەر لەناو خۆیبوو، ئەگەر بنووستبام نەمدەتانی بە تەواوی درێژ بم و یان لاقم یان سەرم دەکەتە لای ئاودەستەکەی، دانیشتم و بە قۆری کراسم ئەو خینەی لەکەپوو و دەوم هیشک ببوو لێم کردەوە، هەر چاوەڕێ بووم بزانم چم لێدەکەن و بە تەمای چنە، چونکە ئەو ئەمنە سەگبابە لە سەیتەرەی زۆری لێدام، هەموو قالبم تێکشکابوو، جێی کێبلەکان هێشتا خینیان لێ دەهات، بەدەم فکر کردنەوە و داڵغە لێدانی، پاش ماوەکی زۆر دیاربوو خەوم لێکەت!
وەختەکی بە پێلەقەی وەرگەڕانە دەرکەیی و کردیانەوە، هاتنە ژۆرێ و قۆریان گرتم و گۆتیان: یاللە گوم عدنە حفلە(یاڵلا هەستە، حەفلەمان هەیە)! دیسان چاویان بەستم و لەگە خۆیان بردم، ئەمنیان بردە ژۆرەکی و ڕایان گرتم، چاوەڕێ بووم پرسێارم لێبکەن و تەحقیقم لەگەر بکەن، وەختەکی بە کێبلان کەتنە سەرم، بەوەی دەمزانی دوو کەسن لێم دەدەن، چونکە کێبلەکان لە دوو یەک پێم دەکەتن، هاوارم دەگەیشتە تاقی عاسمانێ، بەران لەو جێیانە نەکەس گێ لە هاوارت دەگری و نەکەسیش گێی لێدەبی، هاوارم کرد: بکەن لە ڕاهی خوای، چیدیم لێ مەدەن دەمرم! کەس وەرامی نەدەداوە و زیاتر لێیان دەدام، ئەوجارە بە عارەبی هاوارم کرد: خاطر الله(بکەنە خاتری خوای)! خوایە تۆبە ئێکەکیان گۆتی: اللە مجاز میسمعک(خوا ئیجازەیە و گێی لە دەنگی توو نیە)، دەوری نیو سعاتی بەس لێیان دام، ئەمن لەو گۆڕەی کەتبووم، لەتاو ئازاری کێبلی خۆم هەرگێڕ و وەرگێڕ دەکرد، ئەوان بەلایان گرنگ نەبوو، کێبل بە کێندەرێ کەتبا، لەکنەوان ئەوە گرنگ بوو، باشم لێ بدەن!
وەختەکی لێدانیان ڕاگرت و ڕۆیشتن، بەینەکی بە تەنێیان بە جێهشتم، دوایێ قیتیان کردمەوە و لەسەر کورسیەکیان دانام، چاویان کردمەوە، هەروەختبوو هەردوو چاوم کۆرەبی، بلاجکتۆرەکی زۆر بە قووەتیان پێکردبوو، لە ناو هەردوو کونی چاومی دەدا، چاوم قەپات کرد و ئێکەک لە پشتەوە هەتا مست گرتی لێیدام و گۆتی: افتح عیونک(چاوت بکەوە)! ئێکەک دەستی بە قسان کردو گۆتی: احنە نعرف کلشی عندک، فاحسنلک تعترف(ئەمە هەموو شتەکی لەسەتوو دەزانین، لۆخۆت باشترە پێ لێبنێی)!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!