قوماش 127
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
نازانم چەندم پێچوو، بەران وەکی چاوم هەرینا، دیتم داکم و بابم لەسەرم ڕاوەستاینە، هەر چاوم کردەوە داکم خۆی بەسە دادام و لە پڕمەی گریانێیدا، گۆتیە بابم: چاوی کردەوە چاو، خوایە لێت بەزیادبی، ئەوجارەش ئەو کوڕەت بەمە بەخشییەوە، بابم هەر دوو دەستی برند کردە عاسمانێ و گۆتی: خوایە زۆرت لێ مەمنونم، هەزار جار سوپاس لۆتوو! بابیشم سەری شۆڕکردەوەو سێ چار ماچی لە ڕوومەتی کردم، ئەمن کە ئەو وەزعەم دیت فرمێسک لە هەر دوو چاوم هات، ئاوڕم داوە لای ڕاستم، دیتم لەسەر ئەو مێزەی تەنیشت قەرەوێرەکەم دەسکە گورەکی گەورە داندرایە، تەماشام کرد لەسەری نووسرایە: هەورین! سەرم سوڕاندە لای داکم و بابم گۆتم: ئەدی هەورین وەزعی کووە؟ بابم و داکم زانییان مێشکم بە ئیشکەتتەوە، لە خۆشییان جێیان پێ جێنەبوو، گریان لە چاویان ڕانەدەوەستا، داکم گۆتی: کوڕم ئەتوو باشبی، هەورینیش باشە، ئۆخەی خوایە گیان کوڕەکەم چابۆوە! خۆم جولاند قیتببمەوەو لەسەر قەرەوێرەکەی دانیشم، داکم قۆری گرتم و قیتی کردمەوە، بابم گۆتی: با گازی دختۆرەکی کەین و فەحسییبکا، هەتا بزانین وەزعی کووە؟ داکم و بابم چوونە دەرێ و بڕەک پێچوو دختۆرەک و دوو سێ مززەمیدو سستەر هاتن، دختۆرەکە دەستیدا فایلەکەی من و تەماشایکرد، لەناوی پرسیم و وەرامم داوە، گۆتی: تەمەنت چەندە؟ گۆتم: بیست و هەشت سار، گۆتی: خیندن چت تەواوکردیە؟ گۆتم: زانکۆ، دەستی لۆ داکم و بابم درێژکردو گۆتی: ئەوانە کێنە؟ گۆتم: داکم و بابمن! لەگەر ئەو وەرامانەی من داکم و بابم هوڕهوڕ دەگریان، دختۆرەکە چاوی فەحسکردم و گۆتی: قیتیکەنەوە، جەماعەت قیتیانکردمەوەو گۆتی: پیاسەی پێبکەن! ئەوانیش دوو سێ جار لە ژۆرەکەی پیاسەیان بەمن کرد، دختۆرەکە گۆتی: هیچ جێت نایێشی؟ گۆتم: بەس سەرم زۆر دێشی و ناشزانم ئەمن لێرە چدەکەم! گۆتی: دوایێ دەزانی ئەتوو لێرە چدەکەی، هەر ئەوەندە هەیە، ئەتوو مانگەک و پێنج ڕۆژە لێرەیی و لەژێر چاودێری چڕی، سوپاس لۆ خوای ئێستا چابوویەوەو بەرەو باشتریش دەچی، هەتا سعات نۆی شەوێ لێرەبەو چاودێریت دەکەین، ئەگەر دیتمان باشی، دەتانی شەوێ بڕۆیەوە مارێ! ئیدی دختۆرەکەو جەماعەتەکەی چوونە دەرێ، داکم و بابم دانیشتن و هوردە هوردە هەرچی بەسەرم هاتبوو لۆیان گێڕامەوە، کوو لە دائیرەی ئەمن گیرابووم و سەرم ئەزیەتی خواردبوو و هیچم لەبیرنەمابوو، ڕاپەڕین ڕوویدایەو پێشمەرگە هاتیتە خوارێ و دارو دەستەی سەددامی لە کوردستان نەماینەو بازۆ هاتیتەوەو سەرۆک جاشەکەی دایتە بەرگووللان، بەران نەمردیە! ئەوان کە ئەو قسانەیان دەکرد ئەمن هێدی هێدی هەموو شتەکانم دەهاتەوە بیری، لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەبوو کە خەجە گۆتی: ئەمن کوو مێرد بەو شێت و شوورەی بکەم! لەویش ناخۆشتر ئێستا ئەو سەرۆک جاشە مەسوولەکی گەورەیەو بازۆ لە ترسی وی چوویتەوە سووید!
سعات نۆی شەوێ دختۆرەکە هاتەوە، لەگەر دختۆرەکی مێشک و دەماری، زۆر بە هوردی فەحسیان کردم و کۆمەرە پرسیارەکیان لێکرد، تەواو تەئکیدبوون ئەمن باشم، گۆتییانە بابم: دەتانن بیبەنەوە، ئەگەر سەریشی هێشا ئەو حەبەی لۆ بکڕن و بیدەنێ! ئیدی کەلوپەلەکانمان خڕکردەوەو لە خەستەخانەی چووینە دەرێ، لەسەر جادەی تەکسییەکمان گرت و مارێ خۆت بگرە وا هاتین!
گەیشتینە پێش دەرکەی و هاتینە خوارێ، داکم دەرکەی دەکردەوە، دیتم دختۆر شێرۆ بەدەرکەت، دوو دارشەقەی لەبن هەنگریبوو، لۆلایمە هات، وەکی چاوم پێیکەت گەشبوومەوە، هاوارمکرد: لەخوای بەزیادبی دختۆر، مادام سەلامەتی ئەوە هەموو دنیای دەینی! هاتە پێش و گۆتی: دەرێی چ و ئەتوو کێی؟ تاسام و بەینەکی بێدەنگبووم، گۆتم: ئەمنم ئەمن، دختۆر شێرۆ، چیە نامانناسیەوە؟ گۆتی: نۆبەتی تووە، باشە ئەو زەلامە کێیە، دختۆر شێرۆی چ کاکە، ئەتوو باسی کێدەکەی، ئەمن ناو عەباسە، عەباسی پلکە خەزێمی! لەگەر ئەو قسەی ڕنگەم لە هەناوی وەهات و گۆتم: دە فەرموو دەی، یاڵلا یاڵلا ئەمن چابمەوە، ئەوجارە دختۆر شێرۆ وەکی منی لێهات! زۆر تێکچووم، لە خەمان خەریکبوو بکەوم، داکم سەرەکی باداو گۆتی: دەی دەی قوونکەتی، بزانم کوڕەکەن لێ شێت ناکەیەوە، باشە ئەتوو لۆ خۆت ئەوها لێکردیە، بابم پێکەنی و گۆتی: کوڕە کوڕم شێرۆ پێت ڕادەبوێری، وەڵلا مێشکی دەرێی کۆمپیوتەرە، بەران ئەوە لۆ سەختەچییاتی وەدەکا! لە خۆشیان گەشبوومەوەو باوەشم بە دختۆر شێرۆی کردو تێرتێر ماچمکرد، گۆتیەمن: بە شەرەفت تەمسیلەکی کووم کرد، ئەمن بە قووەتترم یان ئیبراهیم دارتی سات؟ گۆتم: وەڵلا هەناوی منت هیناخوارێ، هەقی وەنیە گەردەنت ئازاکەم!
هەندەی نەبرد جیرانەکان هەموو لێمان خڕبوونەوەو بووە قەرەبارغی، شێرۆ مێشکی تەواوبوو، بەران هەردوو ڕانی شکابوو، لۆیێ بەدار شەقەی دەڕۆیی، چووینە ژۆرێ و دانیشتین، جیرانەکان دەستە دەستە دەهاتن بەخێراتنەوەیان دەکردم و ئەحواریان دەپرسیم، دریان زۆر خۆشبوو کەوا ئەوجارەش قورتاربووم و بە سەلامەتی هاتمەوە مارێ!
جیرانەکان بەینەکی باش دانیشتن، پاشان پەرتەییان کردو داکیشم گۆتی: کوڕم ئاوم گەرمکردیە، دەبڕۆ ئاوەکی بەخۆتداکە و سەر و ڕدێنیشت بتراشە، ئەوجە وەرە دانیشە پارە نانەکی بە ماست و چای بخۆ، ئیدی چوومە حەمامێ و جوان خۆم شووشت و ڕدێنم تراشی و قاتە جلکەکی خاوینم لەبەرکرد، چووم دانیشتم و پارە نانەکم خوارد، بابم بە دورودرێژی باسی وەزعی کوردستانی لۆ کردم و تێیگەیاندم کوو گیرایمەو ڕاپەڕین بووە و شۆڕشی برادەرت ئەتووی هینایتەوەو چەند لەمێژە کەست نەناسیتەوە، دەیگۆ دیارە لە دائیرەی ئەمن لەبن تەعزیبی ئەوهات لێهاتیە، گۆتم: ئەدی شێرۆ لۆ بە تڕومبێلەوە وەرگەڕا؟ گۆتی: سەرۆک جاشەکە کەتبووە دووتان بتانکوژی، چونکە بازۆ هجومی کردبووە سەی هەتا بیکوژی، گۆتم: لۆ ئەو سەرۆک جاشە مایە؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا کوڕم، ئێستا مەسوولەکی زۆر گەورەیەو لە زەمانی سەدامی زیاتر دەستی دەڕوا، گۆتم: ئەدی دەیانگۆ شۆڕشی دەکەین و جاش و خائینی لەناو دەبەین، هەتا میللەت بە ئازادی بژی! گۆتی: وەیاندەگۆ، بەران عەمەلی پێناکەن و پێناکەن!
گۆتم: ئەدی هەورین دەبی وەزعی کووبی؟ گۆتی: ئەوێ ڕۆژێ مەجالەکی وەرگرت و هات سەرەکی لێدای، بەران ئەتوو لە هۆشخۆت چووبوویی و ئاگات لەخۆ نەبوو، لەلای سەرت دانیشت و زۆرت لۆ گریا، ئەمن دەمزانی ئەو لۆ دەگریێ، ئەو لە بنی دریەوە خەمی دەخوارد و دەیگۆ: بزانە ئەو کوڕە نازدارە بە سەبەبی من چی بەسەرهات و تووشی چ دەردەسەرییەکی بوو، ئەو دەستە گورەشی لۆ هینابووی کە لەلای سەرت دایناو ڕۆیی، وەکی بابم ئەو قسانەی کرد هەر دوو چاوم پڕی فرمێسک بوون، هەموو ئەو یادگارییانەم بە بیرهاتەوە کە یەکەمجار هەورینم دیت، هەتا ئەو لەحزەی کە لەگەر بابم و داکم دانیشتیمە، بابم گۆتی: کوڕی گەورەم با دوو قسەت لۆ بکەم و زۆرم پێخۆشە بەگێی بابی خۆت بکەی! گۆتم: برێ بابە! گۆتی: کوڕم، تازە ئەتوو و هەورین لۆیەک نابن، وا تەمەن دەڕواو ئەتوو لەناو خەمێ دێودەچی، بەگێ بابی خۆت بکەو لاپەڕەکی نوێ لە ژیانت هەردەوە، واز لەو ژنەی بینە، لەدوو ژیانی تازەی خۆت بگەڕێ، وا گوندەکانی کوردستان یەک یەک ئاوەدان دەبنەوە، زۆریان پێویست بە مامەستایە، لۆ مەکتەبەکانی گوندەکان، یەک دوو ڕۆژیدی وەکی هاتیەوە سەرەخۆ بڕۆ تەربیەیی و عەریزەکی بدە با داتمەزرێنن بە مامەستا، لۆ خۆت بڕۆ لە گوندەکی دەرسی برێوە، هەم مەشغول دەبی، هەم لەپێش چاوی ئەو سەرۆک جاشەی بزردەبی، سێ چار ساران لەوێ بمینێوەو پاشان دێیەوە شاری، هەتا ئەتوو دێیەوە ئەمن و داکت کیژەکی باشت لۆ دیاری دەکەین، یان بەخۆت دیاری بکەو لۆت دەینین، بەشکوو خوای گەورە ئاوڕت لێدەداتەوە دوو سێ منداری جوانت پێدەبەخشی، داکم گۆتی: ئەشەدەن و بیللا ئەوە قسەیە، وەڵلاهی کوڕم هەر کیژەکی ئەتوو دەست لەسەر دانێی وەعدبی ئەمن گوارەی گێی خۆمت لۆ بفرۆشم، کوڕم سەر هەرینەو خوای بناسە، خۆشت لە خەمان کووشت و ئەمەش تووشی هەزار دەردەسەری بووین، با لاپەڕەکی نوێ هەردەینەوەو واز لە هەرچی قەدیمە بینین، ئەو ژنەش با بچیتە دوو ژیانی خۆیی و هە ڕدوو لاتان چیدی گرفتار نەبن! بەینەکی باش بێدەنگ بووم و پاشان گۆتم: حەزدەکەم سەبرەکم لێبگرن هەتا دێمەوە سەرەخۆ ئەوجە هەنگی بڕیارەکی دەدەم و ئیشاڵلا ئەو بڕیارەش بە دری هەموومان دەبی، هەر دووکیان بێدەنگ بوون، دیاربوو ئەو قسەی منیان زۆر بەدری نەبوو، لۆیێ چ دەنگیان نەکرد!
ڕۆژی پاشی داکم لۆ نیوڕانێ خواردنەکی چاکی لێنابوو، دختۆر شێرۆش دەعوەتی خۆمان بوو، قسەی خۆشمان کرد و تێر پێکەنین، گۆتم: ئەرێ دختۆر تڕومبێلەکەت چی بەسەرهات؟ گۆتی: لە سایەی سەری جەنابت کەلوکۆم بوو، مەگەر جووجکەی لەناو بەخێو بکەم، لۆیێ بە سیکراب فرۆشتم، بابیشت هیممەتەکی چاکی لۆ کردم و بەڕازیلیەکی تەکسیم کڕی، وا بەوی تەقەتەقەکی دەکەم، گۆتم: وەڵلا دختۆر دەبی ببووری، بەسەبەبی من تووشی ئەو وەزعەی بووی، گۆتی: فشەیە، مهیم ئەوەیە ئەتوو سەلامەت بووی، بەران بەسە واز لەو عەشق و غرامیاتەی بینە، چیدی تاقەتی تەقوتۆق و خەستەخانانمان نەمایە، ماخران ژیانی توو بوویتە فەلیمی هیندی، هەمووی وەرگەڕان و تەقلە لێدانە، بەس مایە لەبەر بارانێ گۆرانی ئاجە ئاجەی شامی کابوری برێی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!