ئەگەر لە خۆت دەخەفتی دەڵێی ماینی بەڕەختی، ئەگەر لە خۆت ناخەفتی دەرێی کوندە بە جەفتی
لە کوردەواریدا ژنان زۆرترین کاروباری ناوماڵ و کێڵگەیان هەڵسوڕاندووە لە گەردی بەیانی و کازێوەوە دەستیانکردووە بە ئامادەکردنی کولێرە و نان و چا و ماست، دواتر جێگا هەڵگرتن و گسگدانی ماڵ و حەوشه و هەیوان و ئاوهێنان لەسەر کانی و پڕکردنی حاجەت و پێداویستیەکانی ماڵ و دواتر کاری ڕادان و دۆشینی مێگەلە مەڕ و بە گسکی کفر ماڵینی گەوڕ و کۆکردنەوەی خۆڵەمێش و زبڵ و خاشاکی ماڵ، توتنەوانی و پەلک و گەڵاکردنەوە و داو لێدان و بژارکردن و تێڵەگە و پاشۆڵی پڕ گیا بۆ ئاژەڵی دابەستە و دروێنە و تێلەکێشی و بێژینگ کردن و ساوار کوڵاندن و...تاد، هەموو ئه و کارانە تەپ و تۆز و ئارەقە و تەمینۆکی سێر و ساج و دووکەڵی ئاگردان بە دەم و چاو و تەوێڵ و گەردن و بناگوێیان دەنوسا و وەکو(کوندەی بەجەفت)یان لێ دەهات، ڕەنگیان ڕەش هەڵدەگەڕا وەکو کوندەی ڕەشی قەترانی کە بەهۆی کوڵاندنی جەفت و خستنە جەفتاوەوە ڕەنگی ڕەش ڕەش هەڵدەگەڕا، هەفتەی یەک ڕۆژیش ژنان دەچوونە کوڵ کردن(کور) خۆیان دەشوشت و ئارەقە و چڵکی یەک هەفتەیان بە ئاو دادەدا و خاوێن دەبوونەوە و دەبوونەوە بە کولیکە سورەی جوان و ماینی بە ڕەخت، ئه و حاڵەتەی ژنی کورد ئه و پەند و ئیدیۆمەی دروستکردووە کە دەڵێت: ئەگەر لە خۆت دەخەفتی دەڵێی ماینی بەڕەختی، ئەگەر لە خۆت ناخەفتی دەرێی کوندە بە جەفتی.[1]
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 513 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!