نرخاندنی کاک #مەلا بەختیار# بۆ وەرگێڕانە تازەکەم، لێ بە تێبینی و سەرنج لەبارەی زمانی وەرگێڕانەکە. هەڵبەتە خوێنەر ئازادە بە بەڵگەوبەند (ئەرگومێنت)ەوە زمانی وەرگێڕانەکە هەڵبسەنگێنێ:
کتێبێکی زۆر گرنگ و کاریگەریەکی مێژوویی
لەم ماوەیەدا #شەفیقی حاجی خدر#ی وەرگێڕ، کتێبێکی نایابی بەناوی #شای ئێران؛ کوردی عێراق و شیعەی لوبنان-1958-1979# کە نوسەرەکەی (ئارەش ڕەئیسینەژاد)ە، لە زمانی ئینگلیزیەوە، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
کتێبەکەی بە بەڵگەنامە و پەراوێز نووسینەوە (619) لاپەڕەیە. تێکڕا (131) ناونیشانە. لە دووتوێی کتێبەکەدا سەدان بەڵگەنامە کە لەسەرچاوە هەستیارەکانی بڕیاری سیاسیەوە، دەستیکەوتون، بەکارهێنراوون.
بەگشتی کوردیەکەی ماندووبونێکی زۆری ویستووە. دڵنیام، کوردیزانە هەرە باشەکان، تێبینیان لەسەر دەستەواژەو زاراوە لۆکاڵیەکانی وەرگێڕانەکە، هەروەها لەسەر داڕشتنی ڕستە و پەرەگرافی کوردی، دەبێ.. چونکە کوردی موکریانی-#سلێمانی#، ساڵەهایە، گەلێک پێشکەوتووە و لە فۆرمێکی جوانیشدا، داڕشتنی ساغکراوەتەوە. تەنانەت هەردوو بەشی باشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان. خەریکە لەژێر کاریگەری فەلسەفەی سیاسی و ئەدەبیاتی هەرێمدا، داڕشتنی یەکگرتوو پەیڕەو دەکەن. ئەمەش نیشانەی جێهێشتنی قۆناغی لۆکاڵی داڕشتنی زمانی کوردییە.. کە هەقوایە، هەموو نوسەرێک دەربەستی بێ.
وەکو دی.. کتێبەکە بە چڕوپڕی ڕوداوەکانی (21) ساڵی ڕەبەقی سیاسەتی هاوچەرخی کوردایەتی، کردۆتە ئامانجی توێژینەوەی سەلمێنەر!
ئەو قۆناغە.. قۆناغی هەرە سەخت و هەتاڕادەیەکی زۆر، لە تاریکی سیاسیدا مانەوەی کێشمەکێشەکان و شەڕی ناوخۆو ڕوداوە سیاسیەکانی شەستەکانە بۆ حەفتاکان!
ئەو ڕووداوانە، بەحوکمی سیاسەتی فاشیانەی بەعسەوە، لەدوای 1975وە، پەردەیەکی ئەستوریان بەسەردا دراوە. بەڵام وا خەریکە، دوور لە هەژمونی سیاس هەردوو لایەنی شەڕی یەکدی کوشتن، نوسەری بێلایەن پەیدا بوون، بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕکەردا، سیاسەتیان کردبێ، کنەیان کردۆتە ئەرشیفی وڵاتان و سەرۆکەکان و حکومەتەکان و ئەم گەوهەرانەی ڕاستیەکانیان، گەوهەر بە گەوهەر دۆزراوەتەوە و لە باسێکی زانستیدا، چاپیشیان دەکەن.
ئەوەی بیەوێ بەشی بەرچاوی ڕاستیەکانی کێشەو خوێنڕشتنی شەڕی (مەلایی-جەلالی) و ڕۆڵی شای ئێران و ساواک بەقوڵیی بزانێ.. تەنانەت هەندێک زانیاری لەسەر چۆنیەتی بەرپاکردنی شۆڕشی ئەیلولی (1961) بەبەڵگەوە، بۆی دەربکەوێ.. خوێندنەوەی ئەم کتێبە، هەتا هەنوکە، لای من، هەرە گرنگترین ئەرکێتی، هەتا کتێبی باشتر دەردەکەوێ. یاخود، بەبەڵگەوە وەڵامی پێچەوانەی کتێبەکە دەدرێتەوە.
نیوەی کتێبەکە لەسەر شیعەی لوبنان و حیزبی ئەمەل و پەیوەندی خوالێخۆشبوو موسا سەدرە بە ئێران و شاوە. لە هەموو بارێکەوە دەخرێتەڕوو. لەلایەکەوە، سەربەخۆیی و ڕابەرایەتی موسا سەدر، وەکو کاریزمایەک باسدەکرێ. لەلایەکی دیکەشەوە، هاوکاریەکانی شا بۆ شیعەی لوبنان دەسەلمێندرێ ! زانینی تەواوی ڕاستیەکانی کتێبەکەش سەبارەت بە شیعەی لوبنان، پاشخانێکی گرنگن بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی ئێستای ئێران و شیعەکان و حیزبوڵڵای باشوری لوبنان.
لەکۆتاییدا دەڵێم: هەر سیاسی و نوسەرێک و ڕوناکبیرێک، ئەم کتێبە بەقوڵیی نەخوێنێتەوە، بۆی نییە حوکمی ڕەها لەسەر ئەو ڕوداوانە بدات، کە نوسەر لە کتێبەکە، زانستیانە لەماوەی (21) ساڵدا، باسی کردوون.
بەئومێدی ئەوەی لەم سەردەمە، ڕۆژگارە تاریکەکانی سیاسەت.. ڕووناکتر بکرێتەوە. [1]