پێنجوکانێ
هەروەها بەم یارییە دەشگوترێت(بەردبەردێن و بەردۆکانێ و بەردەقڵێ)، یارییەکی کچانەیە و لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا، کچان ئەم جۆرە یارییە دەکەن، ژمارەی یاریکەرەکانیش لە دوو تا پێنج یاریکەرە، بۆ ئەم مەبەستەش پێنج بەردی بە قەدەر هێلکە چۆلەکە کۆ دەکەنەوە و تەڕ و وشکانێ دەکەن، لەسەر ئەوەی کامیان پێشتر دەست بە یارییەکە بکات. ئەوەی سەردەکەوێت، دەست بە یارییەکە دەکات.یەکێک لە بەردەکان بە دەستییەوە دەگرێت و بەردەکانی دیکەش هەڵدەداتە سەر زەوی، ئه و بەردەی کە لەناو دەستی دایە، بۆ ئاسمان هەڵی دەدات و بەردێک لەسەر زەوی هەڵدەگرێتەوە و بەردەکەی ئاسمانیش دەگرێتەوە پێش ئەوەی بکەوێتە سەر زەوی، بەم چەشنە هەر چوار بەردەکەی سەر زەوی هەڵدەگرێتەوە و لەناو دەستیدا، دەیانگرێت. بۆ جارێکی تر، هەر چوار بەردەکەی ناو دەستی هەڵ دەداتەوە سەر زەوی، بەردەکەی دەستی بۆ ئاسمان هەڵدەدا و سێ بەرد لە زەوی هەڵدەگرێتەوە و بەردەکەی ئاسمانیش دەگرێتەوە، بەردەکەی دیکەش بەمجۆرە لەسەر زەوی هەڵدەگرێتەوە، لەپاشان هەرچوار بەرد بۆ سەر زەوی هەڵدەدا و هەر چواریان بەجارێ هەڵدەگرێتەوە، دیسان هەڵیان دەداتەوە و یەکەیەکە هەڵیان دەگرێتەوە، بەچەشنی یەکەمجار و دەست بە بەشی دووەمی ئەم یارییە دەکات.
ئەمجارەش هەرچوار بەردەکەی دەستی هەڵدەداتەوە سەر زەوی و تەنیا بەردێک لە دەستیدا دەمێنێتەوە، پەنجە گەورە و دۆشاو مژەی وەکو کەوان لێدەکات و لەسەر زەوی دەیانچەقێنێت، کچە یاریکەرەکانی دیکەش بەردێک لە چوار بەردەکە، لەپێش دەستە چەقاوەکەدا دەکەن بە (مەلا).
پێویستە کچە یاریکەرەکە هەرجارەی کە بەردەکەی دەستی بۆ ئاسمان هەڵدەدات، بەردێک لە سێ بەردەکانی زەوی جگە لە مەلا لەژێر دوو پەنجە کەوانکەیدا دەری بکات، بەبێ ئەوەی بەردەکە بە مەلا بکەوێت و بەردەکەی ئاسمانیش دەگرێتەوە پێش ئەوەی بکەوێتە سەر زەوی، بەمجۆرە هەرسێ بەردەکە لەژێر دەستی دەردەکات و لەپاشان بەمجۆرە، هەرسێ بەردەکە(مەلا)ش دەردەکات لەژێر کەوانەکەدا، لە دواییدا هەر پێنج بەرد لەناو دەستەکانیدا دەگرێت و بۆخۆی هەڵیان دەدات بۆ ئاسمان و بەپشتی هەردوو دەستی کە بەیەکەوە پانیان دەکاتەوە، بەردەکان دەگرێتەوە، ئینجا چەند بەردی بەمجۆرە گرتەوە، هەریەکەیان بە ئارەزووی خۆی دەکات بەشتێک، یەکێکیان دەکات بە مار، یەکێکیان بە لێفە، یەکێکی دی بە شانە.
ئەم یارییە لە کۆندا مداڵانی کورد کردوویانە، لە سەردەمێکدا، کە خەڵک هەژار بوون، هۆکارەکانی یاریکردن بۆ منداڵان وەک ئێستا لەبەردەستدا نەبوون، بۆیە منداڵان بۆ یاریکردن، پەنایان بۆ دیاردە ساکارەکانی سروشت دەبرد، وەک: بەرد و قوڕ و دار و کۆنە پەڕۆ، کە بۆخۆیان خانوویان لە قوڕ دروست دەکرد و بوکۆکەیان بە دار دروست دەکرد و لە کۆنە قوماش و پەڕۆ جلوبەرگیان بۆ دەدوری، یاریی پێنجوکانێش بەهۆی کۆکردنەوەی بەردەوە پێکدەهات و بە دەستیش دەکرا، دەستی مرۆڤ زۆر کاری گرنگی پێدەکرێت و مرۆڤ بەهۆی دەستەکانییەوە، کاروباری ڕۆژانەی خۆی ڕادەپەڕێنێت، بۆیە وشەی دەست، لە پەند و ئیدیۆمی کوردیدا، زۆر ناوی هاتووە، هەروەها لە مەتەڵیشدا هاتووە، وەک ئەوەی کە دەڵێت:
بانەکە، بن بانەکە
چوار مەڕ و شوانەکە (مەبەست، لە دەستە، هەر چوار پەنجە و پەنجە گەورە (دۆشاو مژە).[1]