ئازاری بەردەوامت هەیە کە خەوت تێکدەدات؟
چۆن خەوت باش دەکەیت، چییە ڕێگا چارەکان؟
ئامادەکردن: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
توێژینەوەکان دەریان خستووە 3⁄2 ی ئەوانەی ئەناڵێنن بە هۆی ئازاری بەردەوامی لەشیانەوە کێشەی کەم خەووی و ناڕێکی خەویان هەیە..وەلەبەر ئەوەی کەم خەوی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر زیادکردنی ئازار و بەهەمان شێوەش ئازار دەبێتە هۆی ناڕێکی و کەم خەوی کەهەردووکی وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکەن.
بۆیە هەندێ ڕێنمایی هەیە کە گرنگە پەیڕەوی بکرێت بۆ نەهێشتنی کەم خەوی و باشکردنی ناڕێکی خەو لەو نەخۆشانەی ئازاری بەردەوامیان هەیە.
$ڕێنماییەکان:$
1- پەیڕەوی کردنی هەندێ عادەت و خۆ دوورخستنەوە لە هەندێکی تر:
زۆرێک هەیە لەو کردارانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر نووستن، هەندێکیش وا لە جەستەمان ئەکات کە تێ بگەین ئیتر کاتی خەوەو خۆمان حازر کەین بۆ نووستن، هەندێک لەو کردارانەی ئەبێت خۆمان بە دوور بگرین لێی ئەمانەن:
- دوورکەوتنەوە لەوخواردنەوانەی کە ماددەی کافایینی تیادایە وەکو : چا، قاوە، بیبسی و خواردنەوە گازییەکان بۆ ماوەی 6 سەعات پێش خەوتن.
- دوورکەوتنەوە لە وەرزش 4-6 سەعات پێش کاتی خەو، چونکە یارمەتی هۆشیار کردنەوەی لەش دەدات، کە کاتی پێویستە هەتا وات لێ بێتەوە بخەویت.
- دوورکەوتنەوە لەخواردنی زۆر یاخود خواردنی خواردەمەنی تون و پڕ بەهارات نزیک کاتی خەوتن، ئەمانە هەمووی کاتی ئەوێت بۆ هەرس کردن.
- دوورکەوتنەوە لەبەکارهێنانی ماددە کحولیەکان و یان ئەوانەی نیکۆتینیان تیادایە وەکو جگەرە کەتوشی کەم خەویمان دەکەن.
بەهەمان شێوە هەندێ کردار هەیە کە کردنیان دەبێتە هۆی ڕێکخستنی خەو وەکو:
- ئەنجامدانی وەرزش لە بەیانیان زوودا، دەبێتە هۆی زوو خەوتن لە شەودا.
2- خۆشتن یاخود شاوەر بە ئاوی گەرم لە ئێواراندا دەبێتە هۆی خاو کردنەوەی ماسولکەکان و زوو خەوتن لە شەودا.
- خۆ کێشانەوەو ڕاکێشانی ماسولکەکانی لەش بۆ ماوەی 3-5 خولەک پێش نووستن یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان و جومگەکان دەدات.
- خواردنەوەی شلەمەنی گەرم کە ماددەی کافایینی تیادا نەبێت سەعاتێک پێش خەوتن یارمەتی زوو خەوتن دەدات وەکو : شیری گەرم، چای ڕووەکی..
- لەهەمان کاتدا ڕێکخستنی خەو بە جۆرێک هەموو ڕۆژێک لەهەمان کاتدا بچیتە ناو جێگاو لەهەمان کاتدا هەڵسیت، یارمەتی ڕێکخستنی خەو دەدات و شەونخوونی کەم دەکاتەوە.
3- بەکارهێنانی تەکنیکی دەروونی بۆ کەم کردنەوەی ئازار لە کاتی پێش خەودا:
- هیپنۆسیس (hypnosis): ئەویش بە بەکارهێنانی هەندێ ڕێگا بۆ ئارام کردنەوەو لەبیرکردنی ئازار، وەکو کوژاندنەوەی گڵۆپ، داخستنی دەرگاو پەنجەرە، دروست کردنی کەشێکی بێ دەنگ.
- بینینی هەندێ دیمەنی ئارام کەرەوە پێش نووستن بۆ نموونە: سەیرکردنی ئاسمان و ئەستێرەکان، سەیرکردنی هەور لە ئاسماندا، ئەم جۆرە دیمەنانە توێژینەوەیان لەسەرە کە بینینیان دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی ئەو ستریس و بێزارییەی لە ڕۆژدا بە هۆی کار و ژیانەوە تووشی دەبین وە ئارام بەخشن.
- میدیتەیشن و ێۆگا : ئەمانە هەمووی ڕێگان بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان و ئارام کردنەوەی بیر و هۆش، و نەهێشتنی ستریس و بێزاری.
- دانانی دەفتەری بیرەوەری، بۆ نوسینەوەی ستریس و بێزاریەکانت چەند سەعاتێک پێش نووستن، بۆ ماوەی 10-15 خولەک و بەجێهێشتنی ئەو ژوورەی کە تیایدا دەنووسی بۆ سەر جێگای خەوتنت، هەر جارێکیش بە بیرت هاتەوە ئەبێت خۆت دڵنیا کەیت کە بەیانی کاتی تەواوت هەیە بۆ بیرکردنەوە لێی.
4- دروست کردنی کەشێک بۆ خەوتنێکی ئارام:
- بەکارهێنانی پێخەف و دۆشەک و سەرینی گونجاو، دانانی سەرین لەنێو ئەژنۆکاندا لەکاتێکدا لەسەر لا دەخەویت زۆر یارمەتی خاووبوونەوەی ماسولکەکان دەدات.
- بەکارهێنانی دۆشەکی تەندروست کەنەزۆر ڕەق بێت نەزۆر نەرم.
- کۆنتڕۆڵ کردنی ڕووناکی و دەنگ بۆ ئارام بوونەوەو نەهێشتنی کەم خەوی هەندێک جار موسیقایەکی ئارام لەوانەیە یارمەتی زوو خەوتن بدات.
- دورخستنەوەی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان و کوژانەوەیان و لابردنیان لەو ژوورەی کە لێدەخەویت.
5- بەکارهێنانی دەرمان: هەنێک جار پزیشک ناچار دەبێت هەندێک دەرمان بەکاربهێنێت بۆ یامەتیدانی نەخۆشەکە بۆ خەوتن وەنەخۆش بێ ڕێنمایی پزیشک بە هیچ جۆرێک نابێت بەکاریان بێنێت وەکو:
1 ئازارشکێنەکان: وەکو ئەسپرین، ڤوڵتارین، پڕۆفین... هتد.
- ماسولکەخاوکەرەوەکان.
-هێورکەرەوەکان یاخود دژە پەرکەمەکان هەندێ جار بەکار دەهێنرێن.
- نارکۆتیکەکان: کە ئەمانە تەنیا دوای نەشتەرگەری بەکاردەهێنرێن و مرۆڤ تووشی ئالودەبوون دەکەن، لەبەرئەوە دەبێت هەتا ئەتوانرێت بە دوور بین لێیان.
- هەندێ دەرمان هەن خەولێخەرن وەکو ئەو دەرمانانەی بۆ حەساسیەت بەکار دەهێنرێن (ئەنتی هستامینەکان).
$میلاتۆنین:$
کە بەشێوەی کەپسولی تەواوکەر (supplement)هەیە
کە ئەمیش ئەو هۆرمۆنەی تیادایە کە یارمەتی زوو خەو لێخستن ئەدات.
هەمیشە ئازاری پشت ڕێگری لە زوو خەوتن دەگرێت و ئەبێتە هۆی شەونخوونی و کەم خەوی بۆیە باشترە هەمیشە ئەو ڕێنماییانە پەیڕەو کەین کە دەبنە هۆی کەم کردنەوەی ئازار.[1]