دڵ لە زوڵفا بە سیاحەت هەوەسی (چین)ی هەیە
بە (سەمەرقەند)ی لەبا، نییەتی (ماچین)ی هەیە
بێ بە (کیشمیر)ی ڕوخا، دەوڵەتی ماچینی کە دی
بۆ خەتای توڕڕە، دەڵێن: نافەیی موشکینی هەیە
دێ لە ڕێگەی (حەبەش)ی زوڵفەوە بۆ (میسر)ی ڕوخت
زوڵمەتی کوفری هەمووی دی، هەوەسی دینی هەیە!
بە سەفا دێت و دەکا هەروەلە بۆ (مەروە)یی عیشق
خاری ئەو ڕاهە لە پا نەرمییی نەسرینی هەیە
بە دوعایی وەسڵ ئەبەد حەلقەیی زوڵفت دەگرێ
گەر بزانێ لەبی تۆ نییەتی (ئامین)ی هەیە!
دڵی (سالم) بە ئەبەد سونبولی زوڵفە جێگەیی،
کە دەماغی هەموودەم مەیلی ڕەیاحینی هەیە! [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#