بە ئەمری سوبحان ڕۆژێ لە ڕۆژان
دەروێشێکم دی ملهوڕ و گوێپان
قەوی و تەندروست ئەعزای بێ نوقسان
ئەگەڕا بۆ سواڵ دووکان بە دووکان
مێزەری چڵکن سەر و مل ڕشکن
پرچی بە دوولا پەخشان بوو وەک ژن
ئەسپێ وەک مێگەل پەنا مل کوڵکن
خەرمانی سوور بوو لە جۆ و لە هەزرن
توورەکەی ملی وەک هی بارگیر بوو
تەسبیحی دەسی داری هەنجیر بوو
لای ڕاستی زەرگ و لای چەپی شیر بوو
وا تێگەیشتم ئیجازەی پیر بوو
هەر کەسێ وەها ناوی بەشەر بێ
کە خێری نەبێ و ئالەتی شەڕ بێ
کاشکی گایەک بێ کە گێرەکەر بێ
یا بەستەزمانێ کە بارەبەر بێ
خولاسە دڵم پڕ بوو لە جەخار
لێی هەستام بە تین دەستم دایە دار
وازم نەهێنا بە جار و دوو جار
ناچار دەستی کرد بە هاوار هاوار
وتی برا گیان بۆچ هاتیە جەستەم
گوناهم نییە بە قورئان قەستەم
خەلیفە دەستی نایە ناو دەستم
دەروازەی ئەقڵ و ژیانی بەستم
تەڵقینی کردم ئا بەم شتانە
عەبا و کەشکۆڵ و دەف و هەمانە
مار بگرم پرچم بکەم بە شانە
ئەمە نیشانەی دەروێشیمانە
بەوە تەفرەی دام ئەو ئاخرشەڕە
لە من خراپتر خۆی ماڵانگەڕە
لە وەختی تەقوا و لە زیکری هەڕە
فکری هەر لەسەر بەران و مەڕە
کەسب و سنعەتی هووهووکێشانە
زیکر و ئەورادی تەپڵلێدانە
ئەم بەزم و ڕەزمە مەعلووم بزانە
بۆ خودا نییە بۆ پارووی نانە
خەلیفەیش کاکە سەرلێشێواوە
ئەویش بەو ڕەنگە دەرس دراوە
کەوای دووڕەنگی بە بەر بڕاوە
پیشەی سواڵکەری وا دانراوە
عەشرەتەکەمان ئادابی وایە
بێ کەسب و کار و بێ جووت و گایە
خواردنیان ماڵی عباداللهیە
دەروازەی سواڵیان بۆ بەڕەڵایە
کەریم دەروێش جوابی نەستەق بوو
خەتای خۆی نەبوو تۆبەکەی لەق بوو
لە پێشدا دڵم دەربارەی ڕەق بوو
دوایی تێگەیشتم شەقی ناهەق بوو
موفتی زبانی تیغی دەبانە
ئاسن ئەبڕێ هەر وەک هەمانە
واوەیلا ئەمڕۆ بۆ ئەو کەسانە
نانی حەرامیان سواڵ و گەڕانە [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#