پێنج خشتەکی موفتی لەسەر شیعرێکی قانع
من مەراقێ وا لە دڵما با نەبێ ئیتر نیهان
با لە هەر کوچە و کەنار و کۆمەڵێ بیکەم بەیان
نەشری کەم تەزویری شێخ و وەزعی ئاغا و میر و خان
سەر لەبۆ سەربازی چاکە نەک لەبۆ چەفتەی گران
دڵ لەبۆ خەمخۆری چاکە نەک لەبۆ میهری کچان
گەر بەخت نەکرێ لە ڕێگەی خزمەتا بڕزێ بەدەن
کرمەڕێزی کەی ئیلاهی با نەمێنێ ڕۆح و تەن
شوێنی ون بێ قەسر و قەبر و بەرگ و پۆشاک و کەفەن
چاو ئەگەر فرمێسکی خوێنین دانەڕێژێ بۆ وەتەن
دەک بە کوێری هەر بمێنێ تاوەکوو ئاخر زەمان
من لە خەودا بووم و هات و پێی وتم پیرێ لەپڕ
ڕوو لە خزمەت گەر نەکەی بۆ قەومەکەت نابی بە کوڕ
گەر بەشەر ئازاری بوو نەوعێکە وەک حەیوانی دڕ
دەم ئەگەر هاواری هۆزی خۆی نەکا پڕ بێ لە قوڕ
سینە وەک کۆتر نەناڵێ دایمەن پڕ بێ لە ژان
لاف و شیعرم گەر درۆ بێ زوو زەمان ئەیخاتە دەر
ڕووم لە دیوانی خوا ڕەش بێ ئەگەر نەیبەم لە سەر
تاجی ڕاستی فیکری میللی وەک کەوا نەیکەم لە بەر
بۆیە شانم پێ ئەوێ باری خەمم بۆ باتە سەر
یا زبانم بۆیە چاکە کە ببڕێ وەک تیغی دەبان
بۆ بە سووک و سرکە بدوێین تازە با دەنگ هەڵبڕین
بێنە سەیری چابوکی و میللەت فرۆشی و شت کڕین
گەه لەبەر خوێنخواری زاڵم گەه لەژێر بەیداخی دین
بۆ جلیتبازی قسە و مەیدانی فێڵ و دەسبڕین
شەهسوارێکم بە وێنەی ڕۆستەمی مازەندەران
ڕایوەشێنم دەنگی لێ بێ چاکە شیعرم وەک جەرەس
بێ ترس، خائن ئەبێ ناوی بنێم، لالۆی تەرەس
خۆت ئەگەر هەوڵێ نەدەی تا هەی بە کەس نابی بە کەس
تابەکەی بۆت لێ بدەم شاپوور و ناقوس و جەرەس
تاکوو کەی حەپسی و ڕەزالەت بێتە نەجمە و تاجی شان [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#