$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 17$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$ڕاگوێزانی هۆزە عەرەبییەکان بۆ کوردستان و نیشتەجێبوونیان$
یەکێک لەو سیاسەتانەی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی، دوای شاڵاوە یەک لە دوا یەکەکانیان بۆ ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و لە ماوەی دەسەڵاتیاندا پیادەیان کرد، ڕاگوێزانی دەیان خێڵ و هۆزی عەرەبی بوو لە نیوەدوورگەی عەرەبییەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی باکووری، لە باشووری ئێڕاقی ئیمڕۆ و خاکی شام و کوردستان و هەورەها خاکی ئێران و ناوچەکانی تر.
ئەوەش دوای ئەوە هات کە چەند بنکەیەکی سەربازییان لە شار و قەڵا و شوێنە بەرزەکان درووست کرد، تا هێزەکانیان، ناوچەکان لە هەر ڕاپەڕین و هەڵگەڕانەوە و هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی بەرانبەریان بپارێزین. بۆ ڕێگریش لەو کردە سەربازییانە و پشتیوانی بۆ بنکە سەربازییەکان، هانی ڕاگواستنی دەیان خێڵ و هۆزی عەرەبی درا، تا کۆچ بۆ ناوچە نوێیەکان بکەن.
کۆچی ئەو خێڵ و هۆزانەش، وێڕای پشتیوانی بۆ بنکە سەربازییەکان و دەسەڵاتی والییەکان، چەندین هۆکاری تر لەپشتەوە بوون. لەوانە کاتێک دووەمین خەلیفەی ڕاشدی (عومەری کوڕی خەتاب/ ڕ.خ) بڕیاری شەڕی لە دژی هەردوو ئیمپراتۆڕیی ساسانی و بێزەنتی دا، پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانیی خێڵ و هۆزە عەرەبییەکانی نیوەدوورگەی عەرەبی و دەرەوەی هەبوو.
بەتایبەت ئەوانەی باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام نەهێنابوو. هۆیەکەش ئەوە بوو، دژایەتیی (دوو) دەوڵەتی بەهێزی وەک (ساسانی و بێزەنتی) پێویستی بە هێزی زۆری چەکداری و ئامادەکاریی پێشوەخت و پشتیوانیی هەموو ئەوانە هەبوو، کە ویستی شەڕ و دەسکەوتی داراییان هەبوو. هەر بۆیە بانگەوازێکی لەو جۆرە لەلایەن (عومەری کوڕی خەتاب/ ڕ.خ)ەوە، پێویستی بە قبووڵکردنی مەرجی ئەو خێڵ و ئەو هۆزانە هەبوو، تا بەشداریی لەو شاڵاوانەدا بکەن.
مەرجی ئەوانیش بەشی خۆیان بوو لە دەسکەوتەکانی شەڕ و ئەو زەوییانەی دەکەونە دەست دەوڵەتی خەلافەت. خودی خەلیفەش بەو مەرجانە ڕازی بوو، تا بەیەکەوە شەڕی هەردوو ئیمپراتۆڕیی ساسانی و بێزەنتی بکەن. بەو هۆیەوە دەیان خێڵ و هۆزی گەورەی عەرەب قایل بوون شەڕی هەردوو دەوڵەتی ناوبراو و هەموو ئەوانە بکەن، کە دەبنە لەمپەر لەبەردەم سوپای عەرەبی ئیسلامیدا.
کاتێکیش ئیمپراتۆڕیی ساسانی کۆتایی بە دەسەڵاتی هات و دەسەڵاتی ئیپمراتۆڕیی بێزەنتیش لە خاکی شام و کوردستان و تەنانەتی باکووری ئەفریقیاش وەدەرنرا، ئیتر کاتی ئەوە هات، خەلیفەی ناوبراو بەڵێنەکەی بباتە سەر و لە ناوچە نوێیە دەست بەسەر گیراوەکاندا، زەوییان پێ بدات و لە دەسکەوتی شەڕەکان بەشیان بدات. بەو هۆیشەوە، ڕێگای بە دەیان هۆزی وەک (بەکر، وائیل، لەخم، تنوخ، کەلب، ..تاد) درا کۆچ بۆ ناوچە نوێیەکان بکەن و تێدا نیشتەجێ ببن.
بەو هۆیەش، بەشێکی خاکی کوردستان بووە مۆڵگە و زەوی ئەو خێڵ و هۆزانە، تەنانەت وەک هێزی سەرکەوتووی شەڕ خۆیان ناساند و کوردەکان و کۆمەڵگای کوردییان وەک هێزی دۆڕاو و شکستخواردووی شەڕ ناسی. دوای ئەو خەلیفەیەش (عوسمانی کوڕی عەفان/ڕ.، خ) وەک سێیەمین خەلیفەی ڕاشدی دریژەی بەو کارە دا و هۆزەکانی (رابیە، قەیس، ئەسەد)ی لە ناوچەکانی جزیرە نیشتەجێ کرد، کە ئەوەش ڕۆڵی لە بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانەدا بینی.
هەروەها هەمان خەلیفە، سوپایەکی عەرەبی (هەشت هەزار) کەسیی بە سەرکردایەتیی (حەبیب کوڕی موسلمی فەهری) ناردە ناوچەکانی باکووری کوردستان و ئەرمەنستان، تا کارئاسانی بۆ نیشتەجێبوونی خێڵ و هۆزی تری عەرەبی بکەن و زمانی عەرەبی و ئایینی ئیسلام و سیمای دەوڵەتەکەی تێدا بچەسپێنن.
جیاواز لەوەش، خودی بەرپرسانی شاڵاوەکە، بە مەبەستی قایمکردنی پێگەی خۆیان و هێزەکانیان و دەوڵەتەکە لە ناوچە تازە دەست بەسەرگیراوەکاندا، چەندین سەربازگەی تایبەتیان بۆ فێرکردنی دانیشتوانەکەی بە زمانی عەرەبی، کە زمانی قورئان و یاساکانی ئیسلام و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی بوو، کردەوە. ئەو سیاسەتەش لەگەڵ شاڵاوەکاندا و دوای گرتنی ناوچە یەک لە دوایەکەکانی کوردستان پەیڕەو کرا.
هۆکارێکی تر کە ڕۆڵی لەو لایەنەدا گێڕا، کێشە و ململانێ خوێناوییەکانی نێوان خەلیفە و بەرپرس و کەسایەتییە دیارەکانی دەوڵەت بوو. ئەوەش لە سەردەمی چوارەمین خەلیفەی ڕاشدی (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب) دەستی پێکرد، کاتێک (عائیشەی کچی ئەبووبەکری سدیق)ی هاوسەری پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بە پشتیوانیی هەریەک لە (تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵا و زوبێری کوڕی عەوام) لە شاری (بەسڕە) ڕووبەڕووی خەلیفە بوونەوە و شەڕی (جەمەل) لە ساڵی (35ک/ 655ز) ڕووی دا. بەدوایدا شەڕی (سەفیین) لەنێوان هەمان خەلیفە و (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) والیی شام بە پشتیوانیی (عەمری کوڕی عاس) لە ساڵی (37ک/ 657ز) ڕووی دا.
بەو هۆیەشەوە یەکەمین کۆمەڵی سیاسی بە ناوی (کۆمەڵەی خەواریج) سەری هەڵدا. هەردوو ڕووداوەکەی پێشوو و دەرکەوتنی ئەو کۆمەڵەیەش، هۆکاری هاتنی دەیان خێڵ و هۆزی عەرەبی تر بوون بۆ ناوچەکانی کوردستان، تا پشتیوانی لە یەکێک لەو هێزانە بکەن. وەک ئەوەی (ناوچەی شارەزوور) لە ساڵی (38ک/ 658ز) بووە مەڵبەندی کۆمەڵەی خەواریج، کە زۆرینەی ڕەهایان لە خێڵ و هۆز و تیرەکانی عەرەبی بوون. تەنانەت (ئەبوو مەریەم سەعدی تەمیمی) وەک سەرکردەیەکی کۆمەڵی خەواریج، بە (پێنج هەزار) کەسی خیڵەکەیەوە هاتە ناوچەی شارەزوور و تێدا نیشتەجێ بوون و ئەو ناوچەیان کردە بنکەی سەربازیی خۆیان بە ڕووی دەسەڵاتدارێتیی (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب)ی خەلیفەدا. ئەم ڕەوتەش تا کۆتایی ئەو دەوڵەتە درێژەی هەبوو.
بە کورتی، سیاسەتی ڕاگوێزانی خێڵ و هۆزە عەرەبییەکان لە سەردەمی خەلیفە (عومەری کوڕی خەتاب) بەدواوە، لەژێر هەر پەردە و پاساوێکدا بووبێت، ئەنجام درا و بووە سیاسەتی یەک لەدوای یەکی خەلیفەکانی (ڕاشدی) و دەوڵەتەکانی دواتریش. بەو هۆیشەوە نەتەوەی عەرەب وەک نەتەوەیەکی سەردەستی ئەو سەردەمە، بوونە بەشێک لە پێکهاتەی خاکی کوردستان و خۆیان بە برابەشی نەتەوەی کورد لەو خاکەدا زانی کە بۆ هەزاران ساڵ خاکی نەتەوەی کورد بوو. [1]