$لە پشت ئەوانەوەی کە وترا$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووسێک لەبەردەم کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی هەرێمدا چەند ڕەخنەیەک دەگرێت، ئیدی بوو بە هەڵا. هەبوون کردیان بە پاڵەوان و هەشبوون هزرخوازانە سەیریان کرد و پەرەگرافی زۆر جوان و هزریم دیت لە فەیسبووکی چەند هاوڕێیەکدا. لە سادق زیبا کەلامەوە تاکو میدیاکاری محەمەد ڕەئوفەوە چەند نووسینێکی گەلێکم دیت کە هزریان نەبووە گۆڕەپانی یاریەکانی دەسەڵات لە پیشاندانی پاڵەوانی کاغەزی و ئەوە جێگەی دڵخۆشکەریەکی بێ پایانە.
ئەوەی کە من لێرەدا دەیڵێم دووبارە بوونەوەی قسەکانی ئەوان نییە بەڵکوو دەمەوێ یەک خاڵ ئاماژە پێ بدەم ئەویش ئەوەیە کە چوارچێوەیەک هەیە و گەر لەو چوارچێوەیەدا نەبیت ناتوانیت بچیتە دانیشتنی ئەو دەسەڵاتدارانەوە. ئەو چوارچێەوەیە هەموو ئەو پارت و دەزگا و کەسێتی و میدکارانە دەگرێتەوە کە لە ناو دەسەڵات و سێبەرەکەی و دەوروبەرەکەیدان. واتە تۆ دەبێ لە گۆشەیەکی ئەو چوارچێوەیەدا بیت تاکو بتوانی بچیتە ئەوێ و قسەی خۆت بکەی. جا لە قسەش ئاسانتر نییە بیکەی بەتایبەت گەر بتەوێ بەرانبەر ئەو دەسەڵاتدارە ستەمکار و تاڵانکارێتیە شتێک بڵێیت. چونکە تۆ لەوێدا هیچت لێ ناکرێ و هیچت پێ ناوترێ چونکە ئەوان دەزانن تۆ لە ژێرەوە مۆراڵی خۆت بەوان فرۆشتووە یاخود بێدەنگیت هەڵبژاردووە یاخود بویتە ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنەی لە هەرێم هەیە کە جگە لە دەسەلات و خۆیان هیچ کەسێکی تر سوودی لێ نابینێ.
ئێمە چەندان جار دیومانە گوایە شیرکۆ بێکەس نامەیەکی باشی بۆ مەکتەب سیاسی یەکیتی نووسیوە یاخود فڵان ئەندام پەڕڵەمان لە ناو پەڕڵەمان کردوویەتی بەهەرا یاخود فلان میدیاکار قسەی چاکی بە سەرۆکی هەریم و دارودەستەکەی وت ڕوو بە ڕوو. ئەمانە جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک هیچی تر نیە، چونکە شێرکۆکان و محەمەد ڕەئوفەکان و ئەندام پەڕڵەمانە دەنگبەرزەکان جا ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هەموویان ڕازی بوونە بەو چوارچێوەیەی کە حوکمی کوردستان دەکات و سەرکردەی حزبەکانیان و حزبەکانیان قبوڵە کە بووەتە هۆی وێران بوونی ئەو وڵاتە و خاڵی کردنی ئەو کۆمەڵگەیە لە هەر شتێکی ماقوڵ و جوان و بەرێز و نرخ. ئەستەمە میدیاکارێک سەربەخۆ و خۆنەفرۆش و خاوەن هەڵویست و بیری دادخوازی و مۆراڵی هەبێت بچێتە ئەو شوێنانە. ئیمکانی نیە!
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو حەشاماتە لە خەڵکە کە چەندە دڵیان خۆش دەبێ بە پاڵەوانە کاغەزیەکان. گۆڕان و نەوەی نوێ و میدیای سەربەخۆ و هتد ئەوانەن کە بەرهەمهێنەری ئەو جۆرە لەپاڵەوانن کە جگە لە فسفس پاڵەوانێک لەبەردەم دەسەڵاتدا هیچی تر نین. فایلی دەزگا سیخوڕیەکانی ئەوانەی ڕۆژ تا ئێوارە قسە بە سەرۆک و سەرکردەی حزبی و حکومی دەڵێن هەموویان هەن و ناسینیان هەر زۆر ئاسانە و پێویستیت بە هیچ بەڵگەیەک نییە تاکو بزانێ کێ لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتەدایە. زۆرمان بینی خۆی و مۆراڵی خۆی فرۆشت بۆ موچەکەی باخەڵی، زۆریشمان دیت کە بۆ موچەی سەربازی و عەرزەی چەند سەد مەتری و چی و چی ملکەچی هەڵبژارد. زۆریشنمان هەن بیدەنگیان هەڵبژاردووە و خۆیان سەرقاک کردووە بە مێژوویەکەوە کە هەمووی باسی نادادی و بێ وەزعی کورد دەکات کەچی هیچ قسەیەکیان لەسەر ئەم نادادی و بێ وەزعیەی ئیستای وڵاتەکە نیە. دیارە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو خەوی خۆشترە لە ئیستایەکی خەوزڕاندا گەر قسەت هەبێ جا ئەو قسەیە لەهەر شوێنێەوە بێت. تۆ کە هەڵوێستێک یا وشەیەک یا بەرهەمێکت لەسەر ئەو نادادی و گەندەڵی و سەرکوت و لیدان و کوشت و بڕ و تاڵانیە نەبێت پێم ناڵێی بوونی میدیاکاری و ڕۆژنامەنووسی و سیاسی بوونی تۆ چییە گەر لە تەرەفی ئەولا نەبیت! ئەوەی قسە و کردار دەکات بە یەک ئەو مامۆستا و کرێکار و موچە خۆر و ناڕازیانەن کە لەسەر جادە یاخود لە شوێنە گشتیەکاندا دەری دەبڕن نەک ئەوەی بەو حزبیانە بڵی ئێوە وان و وان وەک ئەوەی خۆیان نەزانن.
بەڵام ئەوەی کە من دەیڵێمەوە ئەوانە نین کە لە ناو یاخود سێبەری ئەو چوارچێوەیەدا هەن و ڕۆژانە لە دەزگا و میدیاکانیان و چاپەمەنیەکاناینادا دەیانبینین بەڵکوو ئەوانەن کە بە ناوی دەنگی ناڕازی و کەرامەتی خەڵکەوە وشەی باق و بریق بە خەڵک دەفرۆشن ڕووبەڕووی دەسەڵات. [1]