ناو: حەسەن
نازناو: حەسکۆ چیچۆ عەبدوڵڵا
ناوی باوک: محەمەد عەبدوڵڵا
ڕۆژی لەدایکبوون: 1916
ڕۆژی کۆچی دوایی: #21-06-1953#
شوێنی لەدایکبوون: شارەدێی #بارزان#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری تاشقەندی ئۆزبەکستان
$ژیاننامە$
ناسراوە بە حەسکۆ چیچۆ عەبدوڵڵا ساڵی 1916 لە گوندی بارزان سەربە شارەدێی بارزان لە شارۆچکەی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، پێش چوونی بۆ یەکێتی سۆڤێت خێزاندار بووە و خێزانەکەی بەناوی ئەسمێ شەریف مەلاحەسەن کوڕێکیان هەبووە بەناوی عادل حەسەن کە لە ساڵى 1947 لەدایکبووە، لە ڕێکەوتی 21 حوزەیرانی 1953 لە نەخۆشخانەی تاشمی تاشقەندی پایتەختی ئۆزبەکستان لە یەکێتی سۆڤێت کۆچی دوایی کردووه، لە ڕێکەوتی 31 تەمووزی 1983 لە ئۆپراسیۆنی ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن حکومەتی ئێڕاقی لە کۆمەڵگای قوشتەپە کوڕەکەی کە ناوی عادل حەسەن بوو، شوێنبزر کراوە.
$خەباتنامە$
لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
[1]