ناو: حالی
ناوی باوک: محەمەد خەلانی
نازناو: حالی محەمەد خەلانی
ساڵی لەدایکبوون: 1927
ساڵی کۆچی دوایی: #18-07-1995#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #خەلان# ی سەربە شارەدێی #مەزنێ#
شوێنی شەهید بوون: #ڕواندوز#
$ژیاننامە$
حالی محەمەد خەلانی ساڵی 1927 لە گوندی خەلانى سەربە شارەدێی مەزنێ لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، محەمەد خەلانى باوکی پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشی یەکەمی بارزان کردووە و ساڵی 1932 شەهید بووە.
خەلانى لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی لە بوارى کشتوکاڵ لە زانکۆی تاشکەند وەرگرتووە، ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی بەکرەجۆ دامەزراوە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1945 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و لە شەڕەکانى ئەم شۆڕشە بەشدار بووە، لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفی سەربازیی ئێڕاقی دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراو و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 5ی ئەیلوولی 1945 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووە، لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە. لە 29ی نیسانی 1946 بەشداریی شەڕی قاراواى کردووە لە ناوچەی سەقز.
دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕێکەوتی 13 لەسەر 14ى ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی گوجاری کردووە و لەم شەڕە بریندار بووە، دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19-04-1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15-05-1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى،بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، پاسەوانی تایبەتی بارزانیی نەمر بووە لە بەغدا، ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و فەرماندەى بەتالیۆن بووە، ساڵی 1962 بە فەرمانی بارزانی نەمر وەکۆ هێزی پاڵپشت دەچێتە ئەشکەوتی شەرمنێ لای حسۆ میرخان و لە هاوینی هەمان ساڵ لە گەلیى زاخۆ دەست دەگرن بەسەر چەند تۆپێک و بەشداریی شەڕی قەڵای ڕایەتی کردووە. ساڵی 1963 بەرپرسی بەرەی شەڕی سەری پیرس بووە، لە ڕێکەوتی 25ى تەمووزدا بەشداریی لە گرتنی یەکێک لەسەرۆکەکانی سوورچی بەناوی شێخ توفیق لە گوندی سوسناڤا کردووە، هەمان ساڵ لە شەڕی شوش و شەرمن و دەربەندی گۆمەسپان بەشداربووە. مانگی تەمووزی 1965 بە فەرمانی بارزانی نەمر ڕەوانەی وڵاتی ئێران کرا بۆ بینینی خولی تۆپخانە کە ماوەی یەک مانگی خایاند، ساڵی 1974 بەشداریی شەڕی چیای گۆڕەزی کردووە و ڕەسەدی تۆپچی بووە، لە هەمان ساڵدا بەرپرسی گشتی تۆپخانەی هێزی باڵەک بووە، بەشداری شەڕی دۆڵی ئالانە لە ناوچەی خەلیفان کردووە، لە شەڕەکانی ساڵی 1974 بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.
ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕوودەکاتە شانشینی ئێران و لە نەغەدە نیشتەجێ دەبێت و دواتر لەگەڵ مەلامستەفا بارزانی چووەتە کەرەج، لە ڕێکەوتی 4ى تشرینی دووەمی 1979 بەشداریی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە، ساڵی 1979 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە.
ساڵی 1980 لەگەڵ #ئیدریس بارزانی# و محەمەد خالید بارزانی گەڕاوەتەوە کوردستان و سەردانی ڕێکخراوی برادۆستی کردووە، ساڵی 1987 بەشداریی بۆسەی مێرگەسۆری کردووە و ساڵی 1988یش بەشداری داستانی خواکوڕکی کردووە و بەرپرسی سەربازیی ڕێکخراوی برادۆست بووە.
ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بەشداریی لە داستانی کۆڕێ کردووە، لە ڕێکەوتی 12 ئاداری 1992 و دواى ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان، لە شارۆچکە دیانا بەشداریی ڕاپەڕینی کردووە. ساڵی 1993 کراوە بە بەرپرسی لێژنەی کۆمەڵایەتی ناوچەی دۆڵەمەری، لە 16ى ئابی 1993 لە کۆنگرەی یازدەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێبەخشراوه، لە 18ى تەمووزی 1995 لە ڕواندز شەهید بووە.
[1]