$چی بەرگەی زەمەن دەگرێ، داربەڕوو یا فاشیزم؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
عەرەبەکانی فەلەستین مۆتۆیەکیان هەیە دەڵێت ٚنحن باقون ما بقی الزعتر والزیتون واتە تا زەعتەر و زەیتوون بمێننەوە ئێمەش هەر دەمێنینەوە، چونکە مێژووی ئەو دوانە لە مێژووی عەرەب و ئیسلامیش لەو ناوچەیە کۆنتر و ڕەسەنترە. عەرەب ئەم مۆتۆیەیان هەڵبژاردووە چونکە دەزانن ئیسرائیل و جووڵانەوەی زایۆنیستیی لەگەڵ هەموو ئەو قەتڵوعام و تیرۆرە ڕێکخراوەی کە دەوڵەتە فاشیستەکەی نەتەنیاهو ئەمڕۆ پیادەی دەکات دەرحەق بە فەلەستینییەکان بایی ئەوەندە ئەخلاقی داگیرکاریی هەیە کە دەست بۆ زەعتەر و زەیتوونەکانیان نابەن و نابە بەشێک لە سڕینەوەی مێژوو و کلتور و دیمۆگرافیای فەلەستین ودەوروبەری. سەدام بە هەموو خوێنڕێژیی خۆیەوە ڕۆژێک لەڕۆژان دەستی بۆ سنەوبەرێکی زاوێتە، دارگوێزێکی هەورامان یا دارتوویەکی پێدەشتی شارەزوور نەدەبرد، دێیەکانی ڕادەگوێزا بەڵام ڕەزو باخەکان کە شوناسی کورد و کوێستانی کوردەوارین دەمانەوە. بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی دەیبینین ئەوەیە بە قەولی سالمی ساحێبقڕانڕۆمیی ئەوەندە شوومن لە داریش دەدەن زەرەر،
بڕینەوە و سووتاندن و پاشانیش تاڵانکردنی پیرەبەڕووەکانی کوێستانەکانی دهۆکە کە هیچ نییە جگە لە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو سیاسەتەی سوڵتانە ئیسلامیستەکەی ئانکارا لە گۆڕین و شێواندنی وڵاتی کوردستان بە موبارەکەی پان ئیسلامیستە عەرەب و کەواسوورەکانی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق پەیڕەوی لێدەکات.
ڕەجەب تایب ئاردۆگان بە بڕینەوەەی بەڕووەکانی دهۆک و زەیتوونەکانی عفرین و نوقمکردنی دێی حەسەن کەیف دەستیداوەتە جێبەجیکردنی سەرەتای ئەو قسەیەی کە بە جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاساییشی ئامریکای گوتبوو کورد تەنیا یەک جۆری باشی هەیە ئەویش ئەوەیانە کە چووەتە ژێر خاک، بۆیە هیچ سڵناکەتەوە لە بڕینەوەو تاڵانکردنی دارەکانیشی، چونکە زیهنییەتە فاشیستکەی کەوا تێکەڵەیەکی ناسازی ناسیۆنالیسیتیی پانتورکیی-ئیسلامیستییە جیاوازی لەنێوان مرۆڤێک و سنەوبەرێک و دێیەک و هەموو ئەو جوگرافیایە ناکات کەئەوانی دیکە لەسەری دەژیین و بەیعەت بەم نادەن.
بڕینەوەی دارستانەکانی دهۆک و تاڵانکردنی دارەکەی و پاشان درووستکردنی فێریچەر مۆبیلیا سەڵتەنەتی لێی و دواتر فرۆشتنەوەی بە بەرپرسانی ناوچەکە، هیچ نییە جگە لەوەی بە زمانی حاڵ دەڵێت تۆ نابێت بوونت هەبێت، هەبوون و کورسییەکەشت کە هەیە موڵکی منە.
ئیسلامۆفاشیزمی تورکیی و بە دیاریکراویش پانتورکیستێکی وەک ئارۆگان زۆر بەوردی کار لەسەر شێوانیدنی دیمۆگرافیای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیاندا کورد دەکات. ساڵی پار هۆشیار زێباری لە تویتەر مەترسیی شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستانی ئێراقی بڵاوکردبوویەوە.
لەسەرووبەندی پەلاماردانی عەفرین و گۆڕینی بە ویلایەتێکی مورتەزیقی تورکیا، زۆرترین زەرەر بەر دار زەیتوونە سەدان ساڵانەکانی ئەو شارە کەوتن. مورتەزەقە عەرەبەکان بە هاوکاری سوپای تورکیا سەدان پیرە زەیتوونی ئەو شارەیان لە ڕەگ و بێخ هەڵکێشاو لە بازاڕەکانی تورکیا و ئەوروپادا بە دەیان هەزرا دۆلار ساغیان کردنەوە، ئەوەشی پێیان هەڵنەکێشرا گڕیان تێبەرداو سووتاندنیان. زەیتوون دارێکی ڕەسەن و مێژوویی عەفرینەو وەک بەشێک لە دیمۆگرافیای ئەو شارە چاوی لێدەکرێت.
دیسان ساڵی پار دێی کوردنشینی حەسەن کەیف بە منارە و گومەز و گونبەدە حەوتسەد ساڵانەکانییەوە کرا بەژێر ئاوی دیجلەوە. مێژوونووسان مێژووی درووستبوونی دێکە بۆ نزیکەی حەوت هەزار ساڵ بەر لەزایین دەگێڕنەوە. دێی حەسەن کەیف یەکە لەو دێیانەی دەیان ئاسەواری ئەییوبییەکانی تێدایە و ئەوان وەک قەڵایەکی ئامین بەکاریان هێناوە لەسەردەمی عەباسییەکاندا. مزگەوتە مێژووییەکەی حەسەن کەیف، یادگاری ئەییوبییەکانە لەو دێیە کە بەتەواوی وردەکارییەکانییەوە چیرۆکی تەلارسازیی کوردیی و شارستانێتی ئەییوبییەکان دەگێڕێتەوە. حەسەن کەیف بە ماڵ و باڵەخانە و منارە و گومەزە هەزار ساڵییەکانییەوە نوقمی دیجلە کرا. چەند کیلۆمەترێک لاولاوە دێیەک لە چیمەنتۆ و ئەلیکۆبۆن و بلۆک و شیش و پلاستیک درووستکرا. مزگەوتی ئەیوبییەکانیش کرا بەژیر دیجلەوە و بۆ هەمیشە بە فەرامۆشی سپێردرا. ئەم ئاکتەی ئاردۆگان دونیاکەی ئیسلامی سیاسیی نەهەژاند، چونکە ناسیۆنالیزمی دینیی و نەژادیی ئاردۆگان ڕێگا نادات هیچ زانایەکی سوننی سەر بە ئاخوڕەکەی خۆی قسە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای گەلانی تورکیا و بە تایبەتیش گەلی کورددا بکات. ئەم بەنداوەی سەر دیجلە بەتەنیا حەسەن کەیفی خاپور نەکرد، بەڵکوو لە ئاییندەی نزیکدا ئاو دەبێتە چەکێکی بەهێز بۆ بەچۆکدا هێنانی کوردانی سووریا و ئێراق و لە ئەگەری ملەجەڕێ و ملنەداندا ئاردۆگان ناوچەکانیان بەتەواویی دەکاتە بیابانەکانی عەرعەر. سەرەتای ئەو ویستە ئەمساڵ هەم لە سووریا و هەمیش لەئێراق دەرکەوتووە. [1]