پەیوەندی نالی و مەولانا خالیدی نەقشبەندی
#محەمەد هەمەوەندی#
وا دیارە هێشتا نالی فەقێ بووە یان ئەوپەڕەکەی لە سەرەتای مەلایەتیدا بووە کە مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە هیندستانەوە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و تەریقەتی نەقشبەندی بە بەرگ و باوێکی نوێوە لە ناوچەی سلێمانیدا زیندووکردۆتەوە.
مەولانا خالید پیاوێکی بێ سەروسەدا نەبوو. ئاوی مەنگی کۆمەڵەی ئایینیی ئەو سەردەمەی ناوچەکەی بە جۆرێک شڵەقاندووە کە پاش ڕۆیشتنی خۆیشی تا ماوەیەکی درەنگ ئارام نەبووەوە، بەڵکوو جێ پەنجەی گەورە و دیاریشی بەتێکڕای ژیانی کلتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی سەرانسەری کوردستانەوە بەجێهێشتووە. مەولانا خالید لە ساڵی 1811 زاینی لە هیندستانەوە گەڕایەوە بۆ کوردستان و دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ڕێبازەکەی و کەسانێکی زۆر کەوتنە دژایەتیکردنی، چونکە مەولانا خالید بەرژەوەندییەکانی خستبوونە مەترسییەوە لەسەروو هەمووشیانەوە شێخ مارفی نۆدێ بووە. دوای کۆچکردنی مەولاناش بۆ بەغدا شێخ مارفی نۆدێ هەر وازی لێ نەهێنا و بەردەوام بووە لە دژایەتیکردنی. مەبەستی ئێمە ژیانی و ڕێبازی مەولانا خالید نییە، بەڵکوو ئەوەیە نالییەک لە خانەقای مەولانادا ژیاوە و ژوورێکی تێدا هەبووە، هەرچەند نازانین هەروەک مەلایەکی بێ ژن و ماڵ لە و ژوورەدا ژیاوە یان مەلایەکی خانەقاکە بووە.
نالی نە بەچاکە و نە بەخراپە ناوی مەولانا خالید ناهێنێ و هەڵوێستی خۆی لە و کێشە گەورەیەی ئەو سەردەمە بە هیچ شێوەیەک دەرنابڕێ. ئێمە کە دیوانی نالی دەخوێنینەوە وا هەست دەکەین ئەم شاعیرە مەزنە کە لە ژیانی ئەدەبی ناوچەکەدا، لەچاو شاعیرەکانی تری سەردەم و پاش خۆیدا هیچی لە مەولانا خالید کەمتر نەبووە لە ژیانی تەریقەت و سۆفیگەریدا، ڕۆژێ لە ڕۆژان نە لە کوردستان و نە لە شام و ئەستەنبوڵ کە مەولانا خالید ناوی هەرکام لەم سێ وڵاتە بەسەر زارانەوە بووە و بابەتی لێکۆڵینەوە و بەرپەرچی یەکتر دانەوەی کەڵە مەلاکانی سەردەم بووە، ناوی ئەم پیاوەی بەرگوێ نەکەوتووە.
نالی زیاتر لە بیست شوێنێ دیوانەکەیدا هێرش دەکاتە سەر سۆفی و تانووت و پلاری تاڵ و سوێریان تێ دەگرێ و بەشووڵی ئەگەر بیەوێ ناوی کەسێ بێنێ و ئەگەر بڵێین ترسابێتیش، لە پشتیوانی و پەناداری بابانەکان بەرخورداربووە و کەس لەبەر ئەوە پێی نەوێنراوە، بەپێچەوانەی مەولانا خالیدەوە کە کۆچی یەکەمیشی بۆ بەغدا و کۆچی دووەمیشی بۆ بەغدا لەوێوە بۆ شام، ئەوەندەی بەهۆی فیت و ئاژاوەی ناحەزە ئایینییەکانییەوە بوو، چەند ئەوەندە لەبەر پەیوەندی ناکۆکی بووە لەگەڵ میرەکانی بابان و دیارە ئەمەش هەلێکی باشی بۆ هەر کەس ڕەخساندووە کە دژی مەولانا خالید بووبێت بەئارەزووی خۆی و لەژێر سایەی هەڵوێستی ڕەسمی بابانەکاندا، چەندی بوێ هەڵمەت بەرێتەسەری.
نالیش ئەگەر مەولانا خالیدی بەیەکێ لە و سۆفیانە دانابوایە کە لە دژیان دواوە، هیچ تەرەگەیەک نەبوو ڕێی لێ بگرێ و لە دژی بدوێت، بیانوویەک نەبوو بۆ ئەوەی خۆی لە ناوهێنانی بدزێتەوە. لەمەوەوە من دەگەمە ئەوەی کە نالی هەڵوێستی بەرانبەر بە مەولانا خالید خراپ نەبووە و بە چاوی خراپ لێی نەڕوانیوە. بەڵام بۆیەش بەچاکە ناوی نەهێناوە چونکە خۆی لە دەروونیا سەروساختێکی لەگەڵ سۆفیەتی نەبووە و بەهەموو هێزی دژی ئەو چوارچێوە ژیانییە بووە کە سۆفییەکان لە سنووری خۆیدا کۆ دەکاتەوە. بەحکومی ئەوەش یەکێک بووە لە پیاوماقوڵانی دەرباری بابان، بابان و مەولانا و بەڵکوو بابان و تێکڕای پیاوانی ئایین پەیوەندییەکی ئەوەندە کۆکیان نەبووە. بۆی نەگونجاوە چاکەی بڵێ، هۆیەکی تریشم بۆ ئەمە بەدڵدا دێ کە ئەوەیە مەولانایش و نالیش هەردوو لە هۆزی میکایەڵین. لەوانەیە کێشەیەکی خیڵەکی لەنێوان بنەماڵەی هەردوولادا بووبێ ڕێگای لەوە گرتبێ نالی دانێکی خێر بەمەولانادا بنێت و لەولاشەوە پاکی دەروونی ڕێگای ئەوەی نەدابێ بەخێرناوی ببات. هەرچۆن بێ ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەکە پێویستی بە بەدواداگەڕانێکی وردتر و قووڵترە. تەنیا بەوە هەموو شتێ نابڕێتەوە کەسێک خۆی حەزی لە چارەی مەولانا خالید نەبێ لەخۆیەوە بێت بە مانا لێدانەوەی بێ سەروبن و بەزۆر داسەپاندنی بۆچوونی خۆی بیەوێت خوێنەران بێنێتە سەر ئەو باوەڕەی نالی هەرچی بەشێخ و سۆفی وتووە، مەبەستی لە مەولانا بووە و نەشتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارە سووک و سادەیە بداتەوە کە ئەگەر ڕاستە و وایە وەک جەنابتان ئەفەرموون، ئەی بۆچی جارێک ناوی مەولانا خالید ناهێنێت؟.[1]
سەرچاوەکان:
1- نالی لە کڵاوڕۆژنەی شیعرەکانییەوە ، محەمەدی مەلا کەریم ، چاپی یەکەم 1986 ، لاپەڕە 76 ، 77.
2- ناسیۆنالیزم و هەستی نەتەوایەتی لای مەولانا خالیدی نەقشبەندی، ئازاد گوڵەدین، چاپی یەکەم 2016 ، لاپەڕە 67.