ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
پێویست ناکات خۆت تووشی دڵەڕاوکێ و ناخۆشی بکەیت تەنیا لەبەرئەوەی نەشتەرگەریت ھەیە و پێویستە بێھۆشکاری گشتی وەرگریت . لەبەرئەوەی بێھۆشکاری ڕێگایەکە بۆ نەھێشتنی ناڕەحەتی و ئازاری تۆ لەکاتی نەشتەرگەریدا، جگە لەخاوکردنەوەی ماسوولکەو ھێورکردنەوە و خەولێخستن بەھۆی دەرمانەکانی بێھۆشکاری.
بەڵام بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی کە ھەموو شتەکان بە ڕێگای ڕاستی خۆیان دەڕۆن پێویستە پێشتر بەڕێگایەکی زانستی خۆت ئامادەبکەیت، ئەم خاڵانە ڕەچاو بکەیت.
ئایا پێویست دەکات بە ڕۆژوو بم؟
بەڵێ پێویست دەکات و پزیشکەکەت بە دڵنییایەوە پێت دەڵێت کە لەنیوەی شەوەوە بەڕۆژوو بیت شەوی پێش نەشتەرگەری، ئەویش لەبەر ئەوەی دەرمانەکانی کە لەبێھۆشکاری گشتیدا بەکاردێت ماسوولکەکانی گەدە و قورگ خاودەکاتەوەو ئەمەش دەبێتە ھۆی ڕشانەوەو ھەندێک جار بەھۆی ئەمەوە خواردن دەچێتە سییەکان و تووشی ھەوکردنی کیمییایی (chemical pnemonities) سییەکانمان دەکات، گەدەی بەتاڵ ڕێگری دەکات لەدرووستبوونی ئەم حاڵەتە.
=KTML_Bold=ئایا پێویست دەکات دەرمانەکان و چارەسەرەکانی پێشوم بوەستێنم؟=KTML_End=
پێویستە بە پزیشکەکەت بڵێت کە چ دەرمان و چارەسەرێک وەردەگریت و ئەویش بەپێی ئەوە ڕێنمایت دەکات. ھەندێک چارەسەر پێویستە بوەستێنرێت چونکە لەگەڵ دەرمانەکانی بەنجدا کارلێک دەکەن، ھەندێکی تریان لەوانەیە ڕێژەی خۆین بەربوون زیاد بکەن وەکوو ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری خەستبوونەوەی خوێن بەکاردێن وەک؛ ئەسپرین، پلاڤێکس ..ھتد یاخود ئازارشکێنە ناستیرۆیدەکانی وەکوو ڤۆڵتارین ، پرۆفین، ئیبۆپرۆفین...ھتد. چارەسەری بەرزی فشاری خوێن و یاخود چارەسەری نەخۆشی گەدە و ھەندێک چارەسەری تر ئاساییە وەربگیرێت بەڵام دەبێت بە پێی ڕێنمایی پزیشکەکەت بێت.
=KTML_Bold=ئایا تەواوکەرە خۆراکی و ڕوەکییەکان دەبێت بوەستێنرێت؟=KTML_End=
ھەندێک لەو تەواوکەرە ڕووەکیانە کارلێک دەکەن لەگەڵ بێھۆشکاری گشتیدا و ئەگەری خوێنبەربوون زیاد دەکەن، یاخود کاریگەرییان ھەیە لەسەر پەستانی خوێن، بۆیە پێویستە بوەستێنرێن. بۆ نموونە؛ حەبی سیر، زەنجەفیل، جینسینگ، جنکۆبایلۆبا، ئۆمێگا 3 ..ھتد.
پێویستە بە پزیشکەکەت بڵێت کەچ تەواوکەرێکی خۆراکی بەکاردێنیت.
=KTML_Bold=چ جۆرە بێھۆشکاریەک و بڕی چەند بێھۆشکاری وەردەگرم؟=KTML_End=
پزیشکی پسپۆڕی بێھۆشکاری بڕیاردەدات کە چ جۆرە بێھۆشکاریەکت بۆ بەکاربێنێت کەئەویش بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەکەو حاڵەتی نەخۆشەکە دەگۆڕێت. وەبڕی دەرمانی بێھۆشکارییەکەش بە پێی؛ کێش، تەمەن، ڕەگەز، باری تەندرووستی نەخۆشەکە..ھتد دەگۆڕێت. پزیشکی بێھۆشکار بڕیاردەدات کەچ جۆرە بێھۆشکارییەک بۆ تۆ گونجاوەو یاریدەدەری بێھۆشکاری و ستافی تەندرووستی چاودێریت دەکەن لەکاتی نەشتەرگەریدا.
=KTML_Bold=پێویستە چی بەپزیشکی بێھۆشکار بڵێم پێش نەشتەرگەری؟=KTML_End=
کاتێک پزیشکی بێھۆشکار پشکنینت بۆ دەکات پێش نەشتەرگەری پرسیارت لێدەکات لەبارەی باری تەندرووستیت، پێویستە ئەم خاڵانەی پێبڵێت:
- ئایا ھەستیاری و حەساسیەتت ھەیە بە ھیچ جۆرە دەرمانێک، پلاستەر، لاستیک یاخود ھەر مادەیەکی تر؟
ئایا ھیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنت لەگەڵدایە وەکو؛ بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشی دڵ، شەکرە، نەخۆشییەکانی جگەر و گورچیلە، نەخۆشی غودە، گەشکەو بورانەوە، نەخۆشی دەروونی..ھتد؟
- ئایا کێشەی ھەناسە و نەخۆشی سییەکانت وەکو؛ ڕەبوو، ھەوکردنی بۆری سییەکان، کاکەو بەڵغەم ..ھتد ھەیە ؟
- ئایا جگەرە ، نێرگەلە دەکێشیت، خواردنەوە کحولیەکان بەکاردێنیت و بە ڕێژەی چەند، ھیچ جۆرە مادەیەک یاخود دەرمانێکی بێھۆشکار بەکاردێنیت؟
- ھیچ جۆرە ئازارشکێنێک یاخود دەرمانە ستیرۆیدیەکان بەکاردەھێنیت؟
- ئایا ھیچ لاوازییەک یان سڕییەک لە پەلەکانتدا ھەیە بۆ نموونە؛ لەقاچەکانتدا یاخود لە قۆڵەکانتدا؟
- ئایا کێشەی خوێنبەربوون و نەزیفت ھەبووە پێشتر؟
- لە ئافرەتاندا ئایا دووگیانیت؟
- ئایا پێشتر ھیچ ھەستیاریەک یاخود کێشەیەکت تووش بووە بە بێھۆشکاری گشتی ، یاخود بە بەنجی ناوچەیی؟
- ئایا لە خێزانەکەتدا ھیچ کەس ھەیە کە ھەستیار بوبێت بە بێھۆشکاری گشتی یاخود ژیانی لەدەست دابێت لەژێر بێھۆشکاریدا یاخود ھەر نەخۆشییەکی تری درێژخایەنی لەگەڵدا بێت.
- ئایا ھیچ نەخۆشییەکی درێژخایەن ھەیە لەناو خێزانەکەتدا بە تایبەت دایک و باوکت؟
پێویستە ڕۆژی پێش نەشتەرگەری چ پرسیارێک لە مێشکتدایە لەبارەی نەشتەرگەریەکەت و ئەو دەرمانانەی بەکاردەھێنرێن لەکاتی بێھۆشکاریدا، بیکەیت و دوودڵ نەبیت. خۆت دڵنیابکەرەوە لەوەی کە ئاسوودەو مورتاحیت لەگەڵ پزیشکە بێھۆشکارەکەت و تیمە پزیشکیەکەت و متمانەت پێیانە. و باشترە گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت لەبارەی ئاکامە نەخوازراوەکانی نەشتەرگەری و بێھۆشکاری گشتی. خۆت ھێوربکەرەوە و ئەگەر زانیت پێویستت بە ھێورکەرەوە ھەیە باشترە بە پزیشکەکەت بڵێت کە ھێورکەرەوەیەکت بۆ بنووسیت کە گونجاو بێت بۆ تۆ و نابێت سەربەخۆ لەخۆتەوە ھیورکەرەوە وەربگریت .
ئایا پێویستە کەسێکم لەگەڵدا بێت لەکاتی وەرگرتنی بێھۆشکاری گشتیدا؟
بەڵێ زۆر گرنگە کە کەسێکت لەگەڵدا بێت بەتایبەت دەبێت کەسی پلە یەک بێت ، واتە ئەگەر ھاوسەرگیریت نەکردبوو ، باوک ، دایک، خوشک و برا . ئەگەر ھاوسەرت ھەبوو ئەوە ھاوسەرەکەت. لەوڵاتی ئێمەدا لە ڕووی یاساییەوە کە واژووی ڕازیبوون بۆ نەشتەرگەری ئیمزا دەکرێت، پێویستە نەخۆشەکە و کەسی یەکەمی نەخۆشەکە واژوو لەسەر فۆڕمی ڕازیبوون بکات پاش خوێندنەوەی فۆرمەکەو ڕازیبوون بە ئاکەمەکانی نەشتەرگەری و بێھۆشکاری . بۆ کەسێک کە کەسی پلە یەکەکانی لە دەست دابێت ئەوە پێویستە پزیشکی بێھۆشکار لەگەڵ نزیکترین کەسی نەخۆشەکە و بەرپرس لێی گفتوگۆبکات و واژووی ڕازیبوون وەربگرێت. لەکاتی وەرگرتنی بێھۆشکاری ناوچەیشدا پێویستە کەسێکی نزیکت لەگەڵ بێت چونکە بێھۆشکاری ناوچەیش ھەندێک جار دەرئەنجامی خراپی ھەیە.
لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە تەنیا نەخۆش خۆی بەرپرسیارە لە خۆیی و تەنیا واژووی خۆی وەردەگیرێت لە کاتی نەشتەرگەریدا، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا بەو جۆرە نییە و کەسی پلە یەک بەرپرسە و لەڕووی یاساییەوە دەبێت واژووی ڕازیبوونی وەربگیرێت. [1]