$لە یادی 100 ساڵەی دەوڵەتی ئێراقدا: بەرەو گرێبەستێکی سیاسیی تازە و حوکمڕانییەکی درووست$
#بەرهەم ئەحمەد ساڵح#
#13-12-2021#
سەدەیەک (1921-2021) بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقدا تێدەپەڕێت کە پڕە لە وەرچەرخانی مێژوویی جۆراوجۆر کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە جووڵانەوەیەکی نیشتمانیی ئازادیخوازی بەخۆیەوە بینیوە هاوشانی پەرەپێدانی ئابووری و سیاسی و مەدەنی و برەودان بە سیستەمی تەندرووستی و فێرکردن و فەرهەنگی و یەکسانیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی، سەرەڕای دەستەبەرکردنی ڕۆڵ و پێگەی شیاو بۆ ژنان، سەرەنجام ئەم هۆکارانە وایان کرد ئێراق ببێتە وڵاتێکی پێشەنگ لە ناوچەکە و مەڵبەندی پەرەسەندنی فیکری و شارستانی کە لە مێژووی دێرینی میزۆپۆتامیا سەرچاوەی گرتبوو، بەڵام قۆناخەکانی دواتری بەدەر نەبوون لە لێکترازان، نوشوستی، مەرگەسات، جەنگ، کاولکاری، چەوساندنەوە، گەمارۆ و هەڕەشەی تیرۆر و تیرۆرستان.
ئێستا خەڵکی ئێراق سەبارەت بە بەردەوامی قەیرانەکان و ئەو سیستەمە سیاسییانەی حوکمی وڵاتیان کردووە نیگەرانن، لە دەستتێوەردانی سەربازی لە سیاسەت و کودەتا و دەستوورە کاتییەکان و جیاکاری و سەرکوتکردن و مەرگەساتی هەڵمەتی کۆمەڵکوژی و شاڵاوی ئەنفال و گۆڕی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە #هەڵەبجە# و وشککردنی هۆڕەکان.
گەورەترین وانە و پەند کە لە 100 ساڵی ڕابردووی دەوڵەتی ئێراق فێری ببین بوونیادنانی حوکمڕانییەکی درووستە؛ چونکە سەرباری دەرامەتی سرووشتی و مرۆیی و پێگە جوگرافییە گرنگەکەی، تاوەکووئێستا ئاشتیی و ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتییانی ئێراق دابین نەکراوە.
بۆیە ئێمە لەبەرەم ئەرکێکی نیشتمانی گرنگداین کە بریتییە لە پێکهێنانی حکومەتێکی تازە بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پارێزگاری لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی حوکمڕانییەکی درووست، لەسەر بنەمای پێداچوونەوە بە کەموکوورتییەکانی ڕابردوو.
ئەم هەنگاوەش پێویستییەکی مێژوویە بە ئاڕاستەی درووستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونکە قۆناخی ئێستا قۆناخێکی هەستیارە و پێویستی بە کارکردنێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونکە ئێستا کەس لە ئێراق بە شیعە و کورد و سوننە و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە بەم دۆخە ڕازی نین و پێیان وایە ناکرێ بەمشێوەیە بەردەوام بێ.
کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا کە لە سەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی ئێراق تاوەکووئەمڕۆ بەردەوامە، پێویستی بە چارەسەر و گفتوگۆیەکی جیددی هەیە لە بەغدا کە زامنی شەراکەتێکی ڕاستەقینە بکات لە ڕێگەی چارەسەرێکی بنەڕەتی کە خزمەتی سەرجەم ئێراق بکات.
هەر چەندە ناکرێ دەسکەوتەکانی دوای 2003 بەکەم وەربگرین کە شەش کابینەی حکومەت و پێنج خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام یەکێک لە کۆسپە گەورەکانی بەردەم حوکمڕانییەکی درووست، قەیرانی سیستەمی حوکمڕانی دوای 2003 یە، چونکە لە ئاستی داخوازییەکانی گەلی ئێراق نەبوو و پێویستی بە چاکسازییەکی ڕیشەیی ڕاستەقینە هەیە.
ئەم هەنگاوەش بە گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بە سیستەمی سیاسی و پارێزگاری لە سەروەری دەوڵەت و کۆتاییھێنان بە پێشێلکارییەکان دێتەدی.
وەک دەزانن بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەمان ئەنجامدا، وەکوو بەدەنگەوەهاتنێک بۆ داواکارییەکانی شەقام و ڕێزگرتن لە کۆدەنگیی نیشتمانی و ئەنجامدانی چاکسازییەکی بنەڕەتی، چاوەڕوانین ڕێوشوێنە یاساییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن تەواوبن و بە گوێرەی بەرکەوتی دەستووری حکومەتێکی نوێ پێکبهێنین.
سەرباری قەیران و هێرشە تیرۆرستییەکان و ئەو شەپۆلی تووندوتیژییەی وڵاتی گرتووەتەوە، مایەی دڵخۆشییە ئێراقییەکان لە بری پەنابردنە بەر جەنگ و ململانێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، پەنا دەبەنە بەر میکانیزی ئاشتییانەی هەڵبژاردن، لە هەمان کاتیشدا کەمی بەشداریی هاووڵاتییان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا نادیدە ناگرین، چونکە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە خودی خۆیدا دوایین ئامانج نییە، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئارامی و بەشداری بەرفراوانی ئێراقییەکانە لە پڕۆسەکەدا، تاوەکوولە و ڕێگەیەوە هاووڵاتییان بتوانن بژاردەکانی بەردەمییان زیاتر بکەن و لە ڕێگەی پتەوکردنی پایە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکی تەندرووست، خواست و هیوا و ئاواتەکانیان بێننەدی.
گەندەڵی ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم بەرجەستەکردنی حوکمڕانییەکی درووستە، ئافاتێکی مەترسیدارە و پەیوەستە بە تووندوتیژی و تیرۆرەوە، سەرچاوەی نەهامەتی پەرتەوازەییە و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و ئێراقیش دەخاتە بەردەم جیاکاری و نادادپەروەری.
دەبێت لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانەوە، کاری جددی و پێکەوەیی بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گرفتە، ئەم جەنگە جەنگێکی نیشتمانییە و بێ سەرکەوتن لەو جەنگەدا ناتوانین لەئاست چاوەڕوانی خەڵکدا بین، دەبێت سەرچاوەکانی گەندەڵی وشک بکەین و پارە بەتاڵانبراوەکانیش بگێڕێنەوە.
پێویستە لە قۆناخی ئاییندەدا کار بۆ هەموارکردنەوەی ئەو بەندانەی دەستوور بکەین کە لە ئەزموونی کارکردنەوە دەرکەوتووە کە هۆکاری هەندێ قەیران و تەنگژەن و بەربەستن لە بەردەم پڕۆسەی سیاسی، دەبێت شۆڕشێک لە بواری یاسا تەشریعییەکاندا بەرپا بکەین کە وڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە بێت و هاوسەنگی کۆمەڵگەش بپارێزێت، چونکە ئەو گۆڕانکارییە زۆرانەی بەسەر ئێراقدا هاتوون لە چوارچێوەی سیستمە یاساییەکانی پێشوودا هاوتەریب نەبوون لەگەڵ پەرەسەندنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، وەک یاسای سزادانی ئێراقی بە نموونە.
ئەرکێکی دیکەمان بریتییە لە ئەنجامدانی پەرەپێدانی ئابووری، چونکە ناکرێت چی دیکە پشت بە ئابووریی بەرخۆر ببەستین کە 90%ی لەسەر داهاتی نەوت بێت، داتاکانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە خواست لەسەر نەوت لە کەمبوونەوە دایە و جیهان بەرەو پشتبەستن بە وزەی پاک هەنگاو دەنێت، ئەمەش دوور و نزیک کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ئابووریی ئێراق.
لە سایەی ڕێککەوتننەکانی تایبەت بە ژینگە و وەرچەرخانی ئابووریی جیهان بەرەو پشتبەستن بە وزەی تازە، دەبێت پلانی سەراپاگیری پێشوەختەمان هەبێت، ئەمەش گرێدراوی گەورەترین مەترسییە کە هەڕەشە لە ئاییندەی وڵاتەکەمان دەکات کە گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتە خراپە ئابوورییەکانییەتی بۆ سەر وڵاتەکەمان.
دیاردەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی و گەردەلوولە لماوییەکان لە بەرزبوونەوەدان، زەوییە کشتوکاڵییەکانمان بەهۆی بە بیابانبوونەوە لە مەترسیدان، لە ئەنجامی دورستکردنی بەنداوەکان لەسەر لقەڕژێنەکانی دیجلە و فورات، بەشە ئاوی ئێراق کەمی کردووە، بۆیە زۆر پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتمانی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببینەوە، پێویستە لە ڕێگەی داڕشتنی پلانی ستراتیژییەوە خاکی میزۆپۆتامیا ببوژێنینەوە و هەمەچەشنی ژینگەکەی وەک باخەکانی خورما و زۆنگاوەکان و دەشت و چیا سەرکەشەکانی کوردستان پارێزگاری لێ بکەین.
یەکێک لەو ڕەخنانەی لە ئێراقی تازە دەگیرێت ئەوەیە کە سوودی لە پێگە جوگرافییەکەی وەرنەگرتووە کە دەکەوێتە ناوجەرگەی ناوچەکەوە، لەگەڵ دراوسێکانی کەوتووەتە جەنگ و ململانێی بێهودەوە، ئەمەش کۆسیستەمی هەرێمی ناوچەکەی بەرەو داڕووخان بردووە، ھەر ئەمەش بۆتە هۆی پەرتەوازەیی و لێکترازان و ڕەنگدانەوەی خراپی هەبووە بۆ سەر ناوچەکە و ئێراق.
پێویستە سیاسەتی دەرەوەی دوور لە میحوەربەندی و ململانێکان دابڕێژینەوە، پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموواندا بنیات بنێین، ئێراق کە پێشتر ناوەندێک بووە بۆ ململانێ و ناکۆکییەکان، دەبێت بیگۆڕین بۆ پردی پەیوەندی و بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە، کە لە بەرژەوەندی ئەوانیش دایە ئێراق بە ڕۆڵە میحوەرییەکەی جارانی هەستێت لە ناوچەکەدا و نەهێڵێت خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ ئەوانی دیکە، نابێت ڕێگە بدەین دەوروبەر کێشەکانیان لەسەر خاکی وڵاتەکەمان یەکلایی بکەنەوە، دەبێت بەغدا بکەینە چەقی بەیەکگەیشتنی کولتوورە جیاوازەکان هەروەک پێشتر پایتەختی شارستانییەت و مەڵبەندی فرەیی و لێبووردەیی بووە.
ئێراق لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنیدا ڕووبەڕووی گەلیک ئاڵنگاری مەترسیدار بووەتەوە، ھەروەھا ئیستحقاقی گەورەشی لە بەردەمە، دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و دەستوور، سەرچاوەی گرفت و کێشە جۆراوجۆرەکانی وڵات و بگرە خودی ناوچەکەشە، لە ئەزموونی ئەو 100 ساڵەوە دەرکەوتووە کە ئێراقێکی سەقامگیری خاوەن سەروەری تەواو کە لەگەڵ گەل و دەوروبەرەکەیدا ئاشتییانە هەڵبکات، دەوڵەتێک دەستوور ڕێوێنی بێت، دەوڵەتێک بێخزمەتکاری خەڵکەکەی بێت و یاسا تێدا سەروەر بێت، ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بنەمای هاووڵاتیبوون بچەسپێنێت، پشتیوانی بکات لە سیستەمی فێرکردن و گەشەپێدان و پێشکەوتن، دەوڵەتێک بنیات بنێین کە شایستەی ئێستا و ئاییندەمان بێت.
نەمری و سەربەرزی بۆ سەرجەم شەهیدانی ئێراق کە لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و بەرگری لە نیشتمان گیانی خۆیان بەخشی. [1]