ناونیشانی بابەت: دوو گیراوەی بەسوود بۆ ئازارشکاندن، کەدەتوانرێت لەبری ئازارشکێنە دژەهەوکردنەکان بەکاربهێنرێت
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ئەوەی ڕوونە وەرگرتنی ئازارشکێنەکان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا کەمێک زەحمەتە لەبەر ئەو کاریگەریانەی زۆربەی ئازارشکێنەکان درووستی دەکەن لەسەر گەدە. بۆیە لێرەدا باس لە دوو گیراوەی سرووشتی دەکەین ، کە ئەوانەی ئازار و هەوکردنی بەردەوامی جومگەکانیان هەیە ، دەتوانن بەکاریبێنن، بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردنیان...
=KTML_Bold=شەربەتی ئەنەناس + خەیار + زەردەچەوە+ دارچینی:=KTML_End=
میکانیزمی کارکردنی:
ئەنەناس ڕێژەیەکی زۆری دژە ھەوکردنی تیادایە بەناوی (برۆمیلاین) ، خەیار ڕێژەیەکی زۆر ئاو وڤیتامین سی (c) ی تیادایە، زەردەچەوەش ڕێژەیەکی زۆر دژەئۆکسید و دژەھەوکردنی تیادایە و ئازارشکێنی سرووشتی لەش بەرزدەکاتەوە، دارچینیش بەھەمان شێوە.
چۆنییەتی ئامادەکردنی:
یەک ئەنەناسی مامناوەند
دوو خەیار
(10-15) سەلکی سێ ئینجی لە ڕەگی زەردەچەوەی فرێش
یەک کەوچکی چا دارچینی.
ھەمووی لە عەسارەیەکدا دەگوشرێن و دەکرێنە ناو دۆلکەیەکەوە و ئینجا دارچینیەکەیان تێکەڵ دەکرێت. ئەم بڕە بەشی شەش نەفەر دەکات.
=KTML_Bold=شەربەتی توتڕک و سپێناغ و سێو:=KTML_End=
میکانیزمی کارکردن:
توتڕک ڕێژەیەکی زۆری دژەئۆکسیدی تیادایە بەناوی (ئەنتۆسایەنین) کەھەوکردن و ئازار کەمدەکاتەوە ، سپێناغ ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵ و ئاسن و ڤیتامینەکانی تیادایە ، سێو ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین و ڕیشاڵی تیادایەو تامیشی خۆشە.
چۆنییەتی ئامادەکردنی:
دوو کوپ توتڕکی فرێش
دوو کوپ گەڵای سپێناغ
دوو سێوی سووری مامناوەند
لەعەسارەدا دەگوشرێن و دەخورێنەوە.
گرنگە ئەم شەربەتانە بەفرێشی ئامادەبکرێن و بخورێنەوەو لە 24 کاتژمێر زیاتر لەناو سەلاجەدا نەمێننەوە. [1]