ناونیشان: دانا گاز وەک #داعش#ە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 3#
ڕۆژی دەرچوون: #30-11-2015#
کۆمپانیای دانا گاز کەیسێکی لە دادگایەکی لەندەن لە دژی حکومەتی کوردستان بردووەتەوە. هێشتا حکومەت مافی تێهەڵچوونەوەی هەیە لە بڕیارەکەی دادگا و بڕیارەکە کۆتایی نییە، بەڵام گریمان بڕیارەکە بووە کۆتایی و کوردستان ناچاربوو نزیکەی دوو ملیار دۆلار بداتە ئەو کۆمپانیایە، لەوکاتەدا دەبێ دڵخۆش بین بەوەی حکومەت هەڵەی کردووە یان نا؟
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە کە کاتی ورووژاندنی ئەو دۆزە لەلایەن کۆمپانیاکەوە گونجاو نییە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە کوردستان لە شەڕدایە لە دژی داعش و بەرگەی گوشاری دارایی سەربار بۆ ئەو گوشارەی بەهۆی شەڕەوە لەسەریەتی ناگرێت. ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە دۆزەکە دووسەرەیە و هەردوولا تێبینی و سکاڵایان لەسەر پابەندنەبوونی لایەنی بەرانبەر بە جێبەجێکردنی گرێبەستی نێوانیان هەیە. بەڵام تەنانەت ئەگەر وامان دانا حکومەتی کوردستان هەڵەی کردووە و لەو دۆزەدا خەتابارە، نابێ پشتی حکومەتی خۆماڵیمان بەربدەین و بۆ کۆمپانیایەکی بیانی لە زەویی بدەین.
ئەوە ڕوونە کە هۆکارێکی گرنگی درووستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان سیاسەتی نادادپەروەرانەی بەغدایە بەرانبەر #هەولێر#. ئەوەش ڕوونە کە دانا گاز کۆمپانیایەکی عەرەبییە و ڕەنگە هەر هێندەی بڕیارسازانی بەغدا ناهەمواریی ژیانی خەڵکی کوردستانی بەلاوە گرنگ بێت. بۆیە دڵخۆش بوون بە سەرکەوتنی دانا گاز و ژێرکەوتنی حکومەتی کوردستان درووست وەک چیرۆکی ئەو گوێدرێژە وایە کە مردنی خۆی پێ چاکترە لە قازانجی خاوەنەکەی.
زۆرتر لە ساڵێک پێش ئێستا داعش بەسەر باشووری کوردستانیدا دا و تووشی شەڕێکی نەخوازراوی کردین. ئەوەی دانا گاز بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، هەمان ئەو کارەیە کە داعش کردی، بەڵام ئەمەیان بە دیوە ئابوورییەکەیدایە. بۆیەش وەکچۆن خەڵکی کوردستان لە شەڕی دژی داعش، سەرەڕای لۆمەکردنی پارتی و یەکێتی بەهۆی هەڵەکانیانەوە، پشتی پێشمەرگەیان گرت و وایانکرد پێشمەرگە سەرکەوێت، دەبێ لەو قەیرانە داراییەش کە بەرۆکی کوردستانی گرتووە هەمان کاربکەن و بەشداری لە شەڕە ئابوورییەکەدا بکەن.
ڕاستە حکومەتی کوردستان هێشتا وێنەیەکی ڕوونی نەداوەتە خەڵک کە بۆچی دەبێ ئومێدەوار بێت بەو سیاسەتی وزە و ئابوورییەی هەیەتی. ئەوەش ڕاستە کە هەنگاوە داراییەکانی حکومەت لە پازدە ساڵی ڕابردوودا ڕەخنەی جدیی هەڵدەگرن، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە خەڵکیش پشکی خۆیان بەردەکەوێت لە سووککردنی باری حکومەت بۆ دەرچوون لەو قەیرانە داراییە. واتە خەڵکی کوردستان نابێ خورماشیان بوێت و بەغداشیان بوێ. نابێ چاوت لە مووچەی بندیوار و بەردەوام بێت، گلەییش بکەی لەوەی حکومەت لەژێر باری مووچەی زۆر و خەرجیی زیادەی زۆر دەرناچێت.
ئەوەی کە خەڵک دەتوانێ چی بکات و چۆن هاوکاریی حکومەت بکات بۆ گێڕانەوەی ئەو شەمەندەفەرەی حکومەت و فاکتەرە دەرەکییەکان بەهەڵە لە سکەی خۆی دەریانچوواندووە، قسەی زۆر هەڵدەگرێت. هی ئەوەشە لە ڕۆژانی داهاتوودا گەنگەشەی گەرمی لەنێو میدیا و خەڵکدا لەسەر بکرێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە قایل بین بەوەی چیدیکە ناکرێ وەکوو کاراکتەری ڕەجەب-ی درامای (هەبوو، نەبوو) بین. واتە لەژێر دارهەنجیری حکومەت پاڵبدەینەوە و چاوەڕێ بکەین کەی هەنجیرێک بە قودرەتی قادر و بەبێ ماندووبوونی خۆمان بەردەبێتەوە نێو دەممان. [1]