ناونیشانی بابەت: منداڵ لە ئاوێنەی ڕەفتاری دایک و باوکیدا
ئامادەکردن: #لەیلا بەرزنجی#
هەنگاوەکانی منداڵەکەت بە گرنگ وەربگرە هەتا نەکەوێتە زەحمەتەوە، ببنە نموونە بۆ منداڵەکانتان و ڕێسا و بنەما سەرەکییەکانیان فێر بکەن، مرۆڤ بە تێکەڵی و هاوکاریکردنی بەرانبەر چەند بنەمایەک فێر دەبێت، کە لە ڕەفتار و گفتاریدا ڕەنگ دەداتەوە، کە هەر ئەوەش وا دەکات کەسایەتی و پێگەی لە ناو کۆمەڵگەدا هەبێت و هەست بە بوونی خۆی بکات.
لێرەدا باس لەو خێزانانە دەکەین کە دەیانەوێت منداڵەکەیان بەو جۆرە بێت کە ئەوان خۆیان دەیانەوێت، لاسای ئەو کردەوانە دەکاتەوە، کە لە دەوروبەری دەیبینێ و هەستی پێ دەکات، ئەگەرهاتوو ئەو ڕەفتارە ئەرێنی بوو یاخود بە پێچەوانەوە، دایک و باوک هەمیشە دەیانەوێت منداڵەکەیان لە خۆیان باشتر بێت، لەبەر ئەوەشە دەبێت هەموو هەوڵ و کۆششێک بدەن لەپێناو منداڵەکەیاندا، دەبێت لە هەڵسوکەوتی خۆیاندا ڕەنگ بداتەوە، نەک هەر بە دەم بێت بگرە بە کردەوە لەبەرانبەر منداڵەکەیاندا بیکەن.
ئەو خێزانانەی کە بایەخ دەدەن بە هەموو هەڵسوکەوت و جووڵەیەکیان، ئەوا دەتوانن منداڵێک پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن لە هەموو ڕوویەکەوە تەندرووست بێت و لە پاشەڕۆژدا نابێتە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگەوە.
نووسەر دەڵێت (ئەو خێزانانەی یاسا تاڵ و شیرینەکانی ژیان فێری منداڵەکەیان دەکەن، سامانێکیان بۆ بەجێ هێشتوون کە بە پارە ناکڕدرێ.) لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە دەبێت لە ئاستی داواکارییەکانی منداڵ وشەی (نا) بەکار بهێنرێ و درابێت بە گوێیدا، چونکە کاتێک منداڵ گەورە دەبێت بۆ وەرگرتنی ویستێکی کە پێی بوترێ نابێت، دووچاری ڕووخان دەبێت چونکە ئەو وا ڕانەهێنراوە لە ژیانیدا کە پێی بوترێ (نا) . لە لایەکی ترەوە منداڵ دەبێت لە تاڵیەکانی ژیانەوە فێر بێت هەتا تام لە ساتە شیرینەکان بکات، چونکە ئەوساتە زۆر گەورەیە بۆ منداڵ کە سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنێت لە دوای هیلاکی و ماندوویەتییەکی زۆر. لەبەر ئەوەشە دایک و باوک دەبێت هەمیشە لەگەڵ منداڵەکەیاندا بن، لە شکستدا پشتیان بگرن تا ئەو ڕادەیەی کاریگەریی نەبێت لەسەر کەسایەتی منداڵەکەیان؛ هەڵەیان بۆ دەستنیشان بکەن، ئامۆژگارییان بکەن هەتا ڕێگای ڕاست بگرنە بەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجی خۆیان و بێئومێد نەبن.
ئەوەی پێویستە خێزانەکان بیکەن هەر لە منداڵییەوە منداڵەکەیان وا ڕابهێنن لەسەر کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ژیان، کە پێویستە پێیەوە پابەند بن، ئەمەش بە خێزانێک دەکرێ کە گەرموگوڕ بێت و پڕ بێت لە سۆز و خۆشەویستی و ڕێزگرتن و متمانە، لەو کاتەدا منداڵ هەستی بە ئەمانە کرد، مەیلی بە لای خێزانەکەیەوە دەبێت و ئەو کارانە دەکات کە لە دەورووبەری خۆی دەیانبینێ و خۆشەویستیی خێزانەکەی بۆی گرنگ دەبێت، چونکە منداڵ لاساییکەرەوەی گەورەکان و چواردەورییەتی، وەک کاغەزی کاربۆن وایە ڕەفتاری گەورەکانی دووبارە دەکاتەوە باش و خراپ، کەواتە بۆ ئەوەی منداڵێکی تەندرووست پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەین، دەبێت ئاگاداری هەنگاوەکانیان بین، هەتا نەکەوینە زەحمەتییەوە لە پاشەڕۆژدا.
=KTML_Bold=تێبینی:=KTML_End= بۆ ئەم بابەتەم سوودم لەم پەڕتووکەی خالید ئیرتوغروڵ وەرگرتووە: پەروەردەی منداڵ لەنێوان خێزان و قوتابخانەدا، لاپەڕە 88
[1]