بابەت: وتار
نووسین: #عومەر محەمەد قادر#
$گۆری ئەنفالکراوان لە نوگرە سەلمان لە بەردەم هەڕەشەی فەوتاندان$
بۆ بەریزان:
پەڕڵەمانتارانی کوردستان لە ئێراق و پەڕڵەمانی کوردستان.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و تیمی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی سەربە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەزگای شەهیدانی ئێراق .
لە کاتی گەشتەکەمان بۆ شارۆچکەی سەلمان و نوگرە سەلمان خانەوادەی بەڕێزان ئەحمەد ئەلزبیدی و محەمەد ئەلزبیدی لە بنەماڵەی ئەلزبیدی شارۆچکەی سەلمان باسێکیان دەربارەی زەوییەکانیان لە نزیک قەڵای نوگرە سەلمان کردەوە، لەبەرئەوەی ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان لە حکومەتدا نییە، هیچ وەڵامێکیشمان بۆ باس و پێشنیارەکەیان نەبوو. بەڵام دیارە ئەوان بروایان بە بێدەسەڵاتی ئێمە نەهێناوە بۆیە لەوکاتەوە هەتا ئێستاش بەردەوام تەلەفۆن دەکەن و هەمان داوا دەکەن و دەڵێن ئەگەرهیچتان پێنەکرێ دەتوانن دەنگمان بەلایەنی پەیوەندیدار بگەیەنین.
داواکەیان ئەوەیە کەوا ئەو گۆڕە تاکە کەسیانەی لەدەوروبەری قەڵای نوگرە سەلمان نێژراون هەڵبگرنەوە و لەشوێنی تربیان نێژنەوە یاخود قەرەبووی زەوییەکەمان بکەنەوەو بەیەکجاری بیکەن بە گۆرستانیان، ئێمەش ئامادەین داری زەیتونی تێدا بنێژین و بیانپارێزین .. بەپێچەوانەوە مافی خۆمانە زەوییەکانمان بکێڵین و بیکەینەوە بەکشتوکاڵ .. چونکە ئەوە 35 ساڵە ئەو زەویانەمان ئاوا ماونەتەوە. هەڵبەت نامەی دەنگییان لەلام پارێزراوە و جگەلەمن تەلەفۆنیان بۆکەسانی تریش کردووە. هەر لەو گەشتەماندا دوای ئەوەی لەنوگرە سەلمان گەڕاینەوە بۆقەزای سەلمان محەمەد ئەلزوبیدی ئەم داوایەی لەمن کردەوە. بەڵام وەڵامی من هەر ئەوەبوو کە هیچ دەسەڵاتێکم نییەو هیچ پلەو پۆستێکی حزبی وحکومیم نییە، بەڵام دیارە ئەوان هێشتا بروایان بەوە نەهێناوە، نازانم کێ لەوێ پێگوتوون کە من کارمەندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانم .
هەرچەندە لەکاتی نانخواردندا لە شاری سەماوە بە ئامادە بوونی (خالید ئال ئعیشم) ئەم داوایەیانم بەسروە محەمەد ئەندام پەڕڵەمانی ئێراق گەیاند. بەڵام ئیتر نازانم چی کردووەو چی پێدەکرێت.
بێگومان ئەگەر ئەو زەوییە بەیار (صخري) نەبێت و مڵکی ئەوان بێت، مافی خۆیانە قەرەبووبکرێنەوەو شوێنەکە پارێزراوبێت. چونکە هەتا ئەوکاتانەی ئێسک وپروسکی ئازیزانمان لەوێ بن دەبێت بەیاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان شوێنیان پارێزراوبێ ونابێت دەستکاری بکرێن.
بەهیوام چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە، تیمەکانی گۆڕهەڵدانەوە بچن بەهانایانەوەو هەوڵبدەن ئەو ڕووفاتانەش بهێندرێنەوە بۆ کوردستان و بەڕێوڕەسمی ئایینی و داب ونەریتی کلتوری بەخاک بسپێردرێنەوە.
وێنەکە دوو پیاوی گەرمیانین بەدیار ئیسک وپروسکی ئازیزانیانەوە بەناوی محەمەد ئەحمەدو ئەلوەن.. لەم گەشتەی نوگرە سەلماندا وێنەکەیان گیراوە.
#26-05-2023#
[1]