ناونیشان: ئێراق بۆ دابینکردنی کارەباکەی بایەخ بە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەدات
نووسەر:مەحموود بابان
ڕۆژی دەرچوون: 25-04-2020
ڕۆژی 26ی نیسان ئەو ماوە 30 ڕۆژییەی ئەمریکا بۆ ئێراق داینابوو بۆ هاوردەکردنی گازی سرووشتی و کارەبا کۆتاییدێت، ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو چیدیکە ماوەکە درێژناکاتەوە، بەڵام شارەزایەکی بواری وزە پێیوایە درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە ئێراق بۆ هاوردەکردنی گازی سرووشتی و کارەبا لە ئێرانەوە بەندە بە سەرکەوتنی مستەفا کازمی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئێراق.
ئێراق پێویستی بە 10 ملیار دۆلار و چوار ساڵ کاتە بۆ ئەوەی ژێرخانی کارەبا بنیاتبنێ و وەبەرهێنان لە گازی سرووشتیدا بکات، تاوەکوو چیدی چاوی لە هاوردەی گازی سرووشتی و کارەبای ئێران نەبێت.
یەکێک لە بژاردەکانی بەردەستی حکومەتی ئێراق بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا و درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونەکە بۆ جاری هەشتەم پەیوەستە بەئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و نەوتی ئێراق.
بەپێی زانیارییەکان لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و سامر غەزبان، وەزیری نەوتی ئێراق لەسەر پێشنیازێک بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان بۆ ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرتاسەری ئێراق ڕێککەوتن.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانی هاوبەشدا، وەزیری نەوتی ئێراق گوتی گرنگیدەدەین بە وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ.
بەپێی ئەو پرۆپۆزەڵەی حکومەتی ئێراق بۆ وەبەرهێنان لە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە، ئامانج لەو هەنگاوە ئەوەندەی مەبەست لێی پەرەپێدانی ئاساییشی وزەیە، هێندە ئامانجی سیاسی لە پشتەوە نییە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی 200 تریلۆن پێ سێجا گازی سرووشتییە کە دەکاتە 5.67 تریلۆن مەتر سێجا.
ئێستا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وەبەرهێنان لە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەتوانن لە دوو ساڵی دیکە پێداویستی ناوخۆی ئێراق بە گازی سرووشتی بۆ ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکەن، لە ڕوانگەی ئاساییشی وزەشەوە بۆ هەرێمی کوردستان وا گونجاوترە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکات تاوەکوو حکومەتی ئێراق.
دوای سەپاندنەوەی سزا ئابوورییەکان لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا، ئێراق هەوڵیداوە هاوردەکردنی گازی سرووشتی و کارەبا لە ئێرانەوە کەمبکاتەوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست و ڕووداوە ئابووری و سیاسییەکانی ئەم دواییە نەیتوانیوە پیشکەوتنی بەرچاو لە وەبەرهێنانی گازی سرووشتی و بەرهەمهێنانی کارەبادا بکات.
ئەگەر ئەم جارە ئەمریکا ماوەی لێخۆشبوون بۆ ئێراق درێژ بکاتەوە، ئەوا دەبێتە هەشتەمین جار لە ساڵی 2018 ەوە ئەمریکا لە ئێراق خۆشدەبێت بۆ هاوردەکردنی کارەبا و گازی سرووشتی لە ئێرانەوە، بەڵام بەپێی بەیاننامەکانی واشنتن وادەردەکەوێت تەحەمموولی ئەمریکا کەمبووەتەوە، چونکە دوایین ماوەی درێژکردنەوە تەنیا 30 ڕۆژ بووە.
لوئەی خەتیب، وەزیری کارەبای ئێراق بە ئێس پی گڵۆباڵ پلاتی ڕاگەیاندووە پێویستیمان بە 3 بۆ 4 ساڵە بۆ ئەوەی بتوانین ژێرخانی گازی سرووشتی بنیات بنێن و پڕۆژەکانی دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ ویستگەکانی کارەبا لەنیوخۆدا بخەینە کار.
لوئەی خەتیب ئاماژەی بەوەشکرد کە لە بەرزترین کاتەکانی خواست لەسەر کارەبا، ئێراق هەموو ساڵێک 1 هەزار و 200 میگاوات کارەبا و 1.2 ملیار پێ سێجا گازی سرووشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، ئەو کاتەش پلەی گەرمی لە شارەکانی نێوەڕاست و باشوور گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی.
لە ساڵی 2019، حکومەتی ئێراق 19 گیگاوات کارەبای دابینکردووە، کە پێشبینیدەکرێت لە ساڵی 2020 بگاتە 20 گیگاوات کارەبا، بەڵام بەرزترین ئاستی خواست لەسەر کارەبا 25 گیگاواتە.
بە گوتەی حەمید حسێنی، ئەندامی بۆردی بازرگانی ئێران - ئێراق ئێراق ڕۆژانە لەنێوان 1200 بۆ 1500 مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، لەپاڵ هاوردەکردنی کارەباش بە بڕی 38 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی بۆ ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هاوردە دەکات.
پاتریک ئۆسگوود لێکۆڵینڤانی باڵا لە کۆنترۆڵ ڕیسک دەڵێت بەهۆی نەبوونی وەنەرهێنانێکی گەورە لە گازی سرووشتی و بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێراق، بە دڵنیاییەوە ئێراق لێخۆشبوون بەکاردەهێنێت، بەتایبەتیش لە دۆخێکی جیوپۆڵتیکی لەم شێوەیەی ئێستادا.
ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە ئێراق دەبێ لەڕووی کارەبا و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە پشت بەخۆی ببەستێت، هەر بۆیە پاتریک ئۆسگوود پێیوایە ئێراق ناتوانێ بەردەوامبێ لە هاوردەکردنی گازی سرووشتی و کارەبا لە ئێرانەوە.
زیاتر لە دوو هەفتەیە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئێراق هەوڵی ڕازیکردنی لایەنەکان دەدات بۆ تەواوکردنی کابینەکەی و پێشکەشکردنی بە پەڕڵەمان، بۆ ئەوەی هەوڵەکەی ئەویش بۆ دەرکردنی ئێراق لە بنبەستی سیاسی تووشی چارەنووسی هەوڵەکانی محەمەد توفیق عەللاوی و عەدنان زورفی نەبێت.
بە بۆچوونی ئۆسگوود درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی ئەمریکا لە ئێراق بۆ هاوردەکردنی گازی سرووشتی و کارەبا لە ئێرانەوە بەندە بە سەرکەوتنی مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئێراق، ئەگەر کازمی سەرنەکەوێت ئەوا ئەمریکا چیدیکە ماوەکە درێژ ناکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕەتیکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەبارەی درێژکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە ماوەی لێخۆشبوون بۆ ئێراق بدات سەبارەت بە هاوردەکردنی گازی سرووشتی و کارەبا لە ئێرانەوە. لەبەرئەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەکە و چۆنییەتی بڕیارەکە لە دەسەڵاتی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکادایە.
گوتەبێژەکە دەڵێت ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی ئێراق هاوئاهەنگییەکی باشی لەبارەی ئاساییشی وزەوە هەیە، ئێمەش پشتگیری ئێراق دەکەین بۆ ئەوەی لەڕووی وزەوە کەمتر پشت بە ئێران ببەستێت.
ئێراق ساڵانە بە بڕی 8 ملیار دۆلار گازی سرووشتی هاوردە دەکات، بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2017دا ئێراق بە بڕی 11 ملیار دۆلار کارەبای بە کەمتر لە نرخی بەرهەمهێنان داوەتە هاونیشتمانییانی ئێراق. [1]