قژی نەرمت وەکوو تاڵی خۆرەتاو
لەسەر قۆڵ و شانی سپی پەرش و خاو
نەغمەی شیرین، ئاوازی خۆش لە دەنگا
ورشەی سەرنج لەناو چاوێکی مەنگا
خاڵێکی کاڵ، نەخشێکی جوان، لەسەر ڕوو
بەژن و باڵات وردیلە و ڕێک و هەڵچوو
زەردەخەنەی ئەو ڕووە هیی ئەو لێوە
فریشتەی هەست، هیی ئەم دڵە بزێوە
وا لێ ئەکات بێتە سەما و گۆرانی
بیلەرزێنی تەلی ئاوازی جوانی
درەختەکەی سەر کانییەکەی باخی چەم
پێئەکەنێ گەڵای ئەڵێن پڕ بە دەم
لە بیرمانە مناڵ بوون لەناو باخا
زەردەی دەمتان ئەدا بە پشتی داخا
تۆ بنواڕە ئەو کانییە نازدارە
ئێستەش وێنەی هەردووکمانی تیا دیارە
تۆم خۆش ئەوێت بەڵام نابم بە یەخسیر
لە تاوی قژ بۆ دڵم بکەی زنجیر
نە شوانم بە، نە شوانت بم بە شمشاڵ
بۆ دڵێکی وشک بکەین – پەڕ و باڵ –
نە کۆڕنوشت بۆ ئەبەم، نە تۆش بۆ من
با لە باخی شادییا، دەست لە گەردن
دوو دڵدار بین، بەڕاستی دوو فریشتە
ئەو ژیانە بەو جۆرە بێت بەهەشتە
لە گوڵی یاد، لە یادی جوانی ڕەنگین
پێشکەشت بێت چەپکێک گوڵاڵەی شیرین
شیعری یاد نووسەر: #کامەران موکری# [1]