ناونیشانی بابەت: دیکتاتۆریەتی وەھم لە ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان
ئامادەکردن و نووسین: هاوڕێ جەمال
(دەریاس و لاشەکان) دواین ڕۆمانی نووسەری کورد (بەختیار عەلی) ە کە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەھەندەوە لە ساڵی 2019 چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە باس لە پانتایی ڕووداوە فکری و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردی و ھەروەھا دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکەی دەکات، بەشێوەیەک بەئاسانی لەوە تێدەگەین کەسەرە گوریسی ھەردابەشبوونێک وا بەدەستی سەرکردەو پاڵەوانێکی سیاسییەوە، کە لێرەدا سێ سەرکردە بەناوەکانی (سەردار قەمەرخانی، میر تەلارانی، ژەنراڵ بیلال) ئەو ڕۆڵەیان پێ سپێردراوە.
ھەرچی پەیوەستە بەزەمەنەوە، ڕۆمانەکە زیاتر باس لە ڕووداوەکانی پاش ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی باشوور دەکا، ئەگەر چی بۆ ھەر ڕووداوێکی گرنگ نووسەر بەزەمەنی ئەوساو ئێستاوە نەگیرساوەتەوەو ھەوڵیداوە ماکی ئەو ڕووداوانە لە قوڵایی مێژوو زەمەنە دێرینەکانی میللەتی کورد وەدەرخا.
ئەو موفرەدانەی لەم ڕۆمانەدا نووسەر کردوونییەتییە ئامرازی گوزارشتکردن و شیکردنەوە لەچوارچیوەی دەقێکی ئەدەبی، زیاتر موفرەدەی سیاسی و فکریین وەک موفرەدەکانی شۆڕش، سەرکردە، دیکتاتۆر، حەقیقەت، وەھم، مێژوو، ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا...
ئەوەی زیاتر سەرنجی منی بەلای ئەم ڕۆمانە نوێیەی بەختیار عەلی دا ڕاکێشا پەیوەندی نێوان حەقیقەت و وەھمە پەیوەندییەک کە لە چوارچێوەی دیکتاتۆریەتی وەھم بەسەر حەقیقەتەوە خۆیمان بۆ نمایشدەکا و بەئاشکرا جەبەروتی وەھم لە حیواری دەقەکاندا بەسەر حەقیقەتەوە دەبینین.
ئەم نەفەسبڕی و ھەیمەنەیە بە جۆرێک بەیانکراوە واتێدەگەیت کە لەگەڵ دەرکەوتنی وەھم ئەبێ حەقیقەت بچێتە قاوغەکەی خۆیەوە.
گەر بەدرێژایی مێژوو، ھەوڵی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان بۆ تەجەلاکردنی حەقیقەت بووبێ لەبەرانبەر وەھم، ئەوا بەختیار عەلی لەسەر زاری پاڵەوانانی ڕۆمانەکەوە پێچەوانەکەیمان پێ دەڵێ.
ئەوەتا کاتێک دەریاس پێداگری دەکات کە ژەنەراڵ بیلال بگەیەننە بیمارستان تاوەکو تەداوی بکەن، بەڵام ئەرشەد ساحێب ھاوڕێی ژەنەراڵ زۆر بەتوندی دژی ئەم کارەیە بیانووشی بۆ ئەمە ئەوەیە کە ژەنەراڵ خۆی ویستوویەتی وەک ڕۆحێکی نەمر ، سەرکردایەتی شۆڕش بکا، نەکا لاشەیەکی وا کارەساتێکی تر درووستبکا.ل195 و196
«...بەڵام تۆ دەزانیت ئینسان چۆن بەوەھمەکانی خۆیەوە دەنووسێت، دەزانیت نرخی ئەو وەھمانە چەندە گەورەن ، دەزانیت تێکشکانی ئەو وەھمانە چ کارەساتێک بەدوای خۆیدا دەھێنێت...تۆمێژووت خوێندووە و دەزانیت وەھم چ ھێزێکی مێژوویی گەورەیە...»
«پرسیارەکە ئەوەنییە گەر ھەقیقەت بکەوێتە مەترسیەوە چی ڕوودەدات، بەپێچەوانەوە ئەوەیە گەر وەھم بکەوێتە مەترسیەوە چی ڕوودەدات؟»ل199
ھیچ جەنگ و شۆڕشێک بەبێ بوونی پرەنسیپ و درووشمی پڕ لە یەقین و دڵنیاکەر نەچوونە پێشێ، بەڵام ئەی چی کاتێک باس باسی جەنگی ھەقیقەت و وەھمە؟
ڕۆمانەکە زۆر بەسانایی وەڵاممان دەداتەوە:
«ھیچ شتێک لە ھەقیقەت لاوازتر نییە کاتێک لەبەرانبەر وەھم دەکەوێتە جەنگەوە»ل200
موفرەدەکانی (سێبەرو جەستە) ، (خەیاڵ و واقع) وەک موفرەدەی ئەلتەرناتیف بۆ وەھم و حەقیقەت، لەو موفرەدانەن کە لە ڕۆمانەکەدا ململانێکان لەچانسی (سێبەر و خەیاڵ ) لەبەرانبەر (جەستە و واقع) یەکلا کراونەتەوە.
ئەوەتا ئەرشەد ساحێب بە دەریاس دەڵێ «ھەندێک جار وایە، بۆ ئەوەی سێبەرەکان بژین دەبێت جەستەکان ونبکەین، گەر جەستە دیاربێت تارمایی نرخی نامێنێت، بەڵام سێبەرێک بێ جەستە شتێکە تامردن لەخەیاڵی خەڵکدا دەژی...خەڵکی زیاتر لە شتە واقعییەکان دوای تارمایی دەکەون»
لەکاتی ناشتنی تەرمی ژەنەراڵیشدا ئەرشەد ساحێب دەڵێ «...بەڵێ ئەوە خواستی ژەنراڵ بوو، خەڵک بۆ ھەتا ھەتایە باوەڕ بەو ژەنراڵە دەکەن کە لە خەیاڵی خۆیاندایە، بێئەوەی ئەوەی تۆ لە پەڕتووکێکدا دەینووسیت نرخی ھەبێت...»ل204
واوەتر لەمە نووسەر ھێندە ڕۆدەچێت لە بارزکردن و قەبەکردنی چەمکی وەھم تا ئاستێکی میتافیزیکی، میتافیزیک بەو مانایەی شەمەندەفەری جیھان لە نەبوونەوە بۆ بوون و لە بوونەوە جارێکی تر بۆ نەبوون ڕێدەکا، ئەوەتا دەریاس بە ئەلیاسی برای دەڵێ «دەبینم بناغەی ھەموو شتەکان لە ئەوھامدایە»ل245
لەشوێنێکی دیکەدا مامۆستا مەردان بە دەریاس دەڵێ «ئەم شەڕە کۆتایی نایە خەڵک دوای تارماییەک کەوتوون کە لەسەری خۆیاندایە، سەرەکەش پان ببێتەوە تارماییەکە دەژی و بەردەوام دەبێت»250
بۆیە دواجار بە خوێندنەوەی پەیامی پشت ئەو دەقانەی لەسەر پەیوەندی نێوان ھەقیقەت و وەھم لەناو ڕۆمانەکەدا گوزارشتیان لێکراوە، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ؛ نووسەر ناراستەوخۆ پێماندەڵێ ئەوەی لە کۆتایی دا دەمێنێتەوە وەھمە نەک حەقیقەت و وجود، ئەوەی بەردەوام دەمانکاتە دێوانەی خۆی تارماییەکانە نەک جەستەکان. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=