=KTML_Bold=پەیامی ڕێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان RAK بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان=KTML_End=
لاوان پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری ڕێگای سەربەخۆیی کوردستانن
لاوانی ئازا و بوێری کوردستان!
کچان و کوڕانی تێکۆشەری کورد!
لاوانی نەتەوەی کورد تەنیا بە هەڵتەکاندنی سنوورە دەسکردەکان و کۆتایی هێنان بە سەروەری و دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەر لەسەر نیشتمانەکەمان و لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا دەتوانن بە مافەکانیان بگەن.
سەرەڕای داگیر و دابەشکراویی کوردستان و حەوڵەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ سڕینەوەی نەتەوەکەمان و گرتنەبەری هەموو جۆرە تاوانێک دەرحەق ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە، و غافڵ نەبوونیان لە پەلامار و پیلانەکانیان دژ بە لاوان و بە سیاسەتی کوشتن، گرتن، لێدان، تێکدانی باری دەروونی و گیرۆدەکردنیان بە مادەی هۆشبەر ڕووبەڕووی لاوان بوونەتەوە.
بەڵام لاوان وەک هەمیشە پێشەنگی خەبات بۆ ڕاماڵینی داگیرکەران لە کوردستان بوون و ڕۆڵی کارا و بەهێزیان گێڕاوە لە بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستاندا.
لە یەک ساڵی ڕابردووشدا جیهان شایەتی ئازایەتی و بوێریی لاوانی کورد بوو.
لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە درێژایی ڕاپەڕینی ژینا هێمای ئازایەتی، کۆڵنەدان و هیوای لە شکاننەهاتووی نەتەوەکەمان بوون.
لە ڕاپەڕینی ژینادا لاوان هێز و وزە و گڕ و تینی ڕاپەڕین بوون. لە شەقام و گۆڕەپانەکان، قوتابخانە و زانکۆکان، دێهات و شارەکان، ئیرادەی پۆڵایین و دەنگی دلێر و درووشمی نەتەوەیی لاوان، گڕی لە هەناوی دوژمنی داگیرکەر بەردەدا و لە مەیدانەکاندا ڕووبەڕووی پەلامار و هێرشەکانی هێزەکانی بەرفەرمانی تاران دەبوونەوە.
ئەمڕۆ 12 ئاگۆست، ڕۆژی جیهانیی لاوانە و لەم ڕۆژەدا ڕێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان پیرۆزبایی دەکات لە سەرجەم لاوانی کوردستان بەگشتیی و لاوانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی. ڕۆژی جیهانیی لاوان پیرۆز بێت لە کچان و کوڕانی ئازای ڕۆژهەڵات کە لە ڕاپەڕینی ژینادا بۆ دا کۆکی کردن لە مافە نەتەوایەتییەکانمان لە مەیدانەکاندا ڕووبەڕووی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری فارس بوونەوە.
ڕۆژی جیهانیی لاوان پیرۆز بێت لە کچان و کوڕانی ماندوویی نەناسی ڕیزەکانی سپای میللیی کوردستان و #پارتی ئازادیی کوردستان# کە بە بەرپرسایەتییەوە ئەرکی نەتەوەیی و پێشمەرگەییان هەڵگرتووە و ڕێگای سەربەخۆیی کوردستان و ڕاماڵینی داگیرکەرانیان گرتووەتەبەر. [1]
ڕێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان RAK
21 گەلاوێژی 2723 کوردی
12 ئاگۆستی 2023 زایینی