چوتە چم سروی چمان اشکم چمان
چم لچم جاری نبی بو چم چمان
چم لە بیداری چمی بختی چمی
چم دکا دیوت لچم کمتر چمان
#مەحوی#
#دیوانی مەحوی#
------
چۆتە چەم سەرووی چەمان ئەشکم چەمان
چەم لە چەم جاری نەبێ بۆ چەم چەمان؟
چەم لە بێداری چەمی بەختی چەمی
چەم دەکا، دەیوت لەچەم کەمتر چەمان (1)
چوتە= چووەتە؛ جووتە
چم/چەم= چەم و ڕووبار؛ چاو؛ خوار و چەماوە.
(سَروِچَمان) = سەروی ڕەوان؛ دڵبەری باڵاجوان
بۆ چەم= بۆ چیمە؟؛ بۆ ناو چەم.
(1) ئەو شۆخە باڵابەرزەی کە وەک سەرووی ڕەوان وایە. یان ئەوەی کە وەک جووتە چاوەکەم ئازیزە، چووە بۆ چەم. منیش لە تاوی ئەو فرمێسک بە چاوانمدا دێتەخوارێ.
هەرواش دەبێت، چونکە چاو بۆ فرمێسک ڕشتن کراوە، کە فرمێسک وەک ڕووبار لە چاوم بەخوڕ نەیەت، کەواتە چاوەکانم بۆ چییە؟ (بۆیە هەڵی دەدەمە چەمەێکەوە).
چاوم ئەوەندە بەبێداری مایەوە لە خەفەتی بەختی چەماوە و خوارم.
ئیتر شەپۆلی فرمێسکم، دەیوت: من شەپۆلم زیاترە. تا ڕووبار، لەوێ کەمتر شەپۆل دەبینرێت.
(#زریان سەرچناری# 2023). [1]