حەیدەر مەنتک چۆن خۆ لە زیوان و گلێرەکان دەپارێزێت؟
لە نووسینی پێشمەرگە دێریینەکانی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#ئاراس ئیلنجاغی#
لە دوای ڕێکەوتنامەی جەزائیر و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە (#06-03-1975# ) ەوە بیر لە دامەزراندنی پارت و بەرەیەکی نوێ کرایەوە کە مەشخەڵی شۆڕش بەدیدگای نوێ هەڵبگرێت کە لەسەر بنەمای (مەشخەڵانی شۆڕشی نوێی ئەمجارە، گڕی بڕوای ڕەنجدەران و هەژارە) ، ڕابەرایەتی شۆڕشێکی تازە بکات، ئەوە بوو (#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#) له و بارودۆخە لەباربراوەی شۆڕشی کوردستان بەماوەیەکی زۆر کەم توانی لە (#01-06-1975#) دا ژیانەوەی شۆڕش بە گوێی داگیرکەرانی کوردستان دابدات و هیوا و ئاواتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش زیندوو بکاتەوە، ئەمەش بووە بەرەبەیانێکی نوێ و ئیتر وردەوردە مەڕ و گورگ لەیەکتری جودا دەکرایەوە و پێشمەرگە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ لە دوای ساڵی (1976) ەوە تا دەهات لە پەنجەی دەستان تێپەڕی دەکرد و شانە و مەفرەزە و کەرت و هەرێمیان لێ پێک دەهات، تا گەیشتە (داستانی هەکاری) لە ساڵی (1978) بەسەدان پێشمەرگەی جەربەزەی قاڵبووەوەی خەباتی کوردایەتی چەکی پێشمەرگایەتیان کردە شان و گڵپەی شۆڕشی نوێیان گەیاندە هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی کوردستان، ئەو خەباتە دوورودرێژ و پڕچەرمەسەرییە، شکست و سەرکەوتن و هەوراز و نشێوی زۆری کەوتە پێش هەموو کەسێک خۆی لەبەر سەختی ئەو ڕێگایە نەگرتووە، بەبێ ئەوەی دووچاری لادان و گڵان نەبووبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێک بەخوێنی خۆیان ڕێبازەکەیان نەخشاند، ئەوانی تریش بەئارەقە و ماندوو بوون و کۆشش و خەبات تەمەنی گەنجی و لاوی خۆیان کردووە بە داینەمۆی شۆڕش و گەیاندیانە مەنزڵ.
ئینجا لێرەدا وێڕای دەست خۆشی لە (#حەیدەر مەنتک#) نووسەری بەتوانای ئینسایکلۆپێدیای شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانی #هەولێر#ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ماوەیەکی زۆرە خەریکی کۆکردنەوە و بە ئەرشیفکردنی ئەو شەهید و پێشمەرگانەیە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە باشووری کوردستان و بەتایبەت لە سنووری شاری هەولێر و شارۆچکە و شارەدێ و گوندەکانییەوە بوونە خۆراکی شۆڕش و کورەی خەباتیان جۆشداوە دژ بەداگیرکەری کوردستان، ئەو کارەی ئەو دەستی بۆ بردووە کارێکی زەحمەتە بۆ جیاکردنەوەی دان و ئاو و گورگ و مەڕ و جاش و باش، چونکە لەگەڵ ئەوەی ڕۆحی نیشتمانپەروەری ڕۆڵەکانی کورد بەرز و بەهێزە، لە بەرانبەریشدا داگیرکەرانی کوردستان نەخشە و پلانی گڵاو و نەگریسیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕش دەگرتە بەر و زۆر زۆڵە کوردییان لە خشتە بردووە و بوون بە خەفیە و جاش و سیخوڕ و (خەت مایل) و خاوەن دۆسیە لە دەزگاکانی (ئەمن) ی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی، ئەمە بۆ پێشمەرگە دێرینەکان و شەهیدەکانیش هەر هەمان شتە چونکە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستانی ساڵی 1991 لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی بەعس کە کەوتنە دەسەت هێزی پێشمەرگە و کۆمەلانی خەڵکی کوردستان دەرکەوت هەندێک کەس کە چۆن دۆسیەیان هەبووە لەگەڵ دەزگای ئەمن و هەواڵگری حکومەتی ئێراق.
=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:35%;float:left;=KTML_Quote_Icon=❞=KTML_Quote_Content==KTML_Green=ئه و کارەی کە کاک حەیدەر مەنتک دەستی پێکردووە دڵنیام زۆر خاوێنتر دەبێت وەک لەوەی دەزگایەکی حزبی ئه و کارەی بکردایە، چونکە بە بڕوبیانووی دڵ نەڕەجاندنی خەڵکی لە حزب، خراپ و چاک تێکەڵ دەکرا=KTML_End==KTML_Quote_End=
ئەو کارەی کە کاک حەیدەر مەنتک دەستی پێ کردووە دڵنیام زۆر خاوێنتر دەبێت وەک لەوەی دەزگایەکی حزبی ئەو کارەی بکردایە، چونکە بە بڕوبیانووی دڵ نەڕەجاندنی خەڵکی لە حزب، خراپ و چاک تێکەڵ دەکراو وەکوو ئەوەی لەلیستە جۆراوجۆرەکانی پێشمەرگە دێرینەکان و ڕێکخستنە دێرینەکان و ژنانی شاخ و شەهیدانیش چەندین کەس تۆمارکراون کە هەندێکیان بەدەردی خودا و هەندێکیشیان بە دەستی پێشمەرگە کوژراون چونکە لەبەری دوژمن بوون، کە چی بە شەهیدانی سەنگەر تۆمارکراون.
دەستی کاک حەیدەر خۆشبێت کە لە بەرگەکانی ئەو دوو ئینسایکلۆپێدیایەدا هەوڵی داوە گڵێرە و زیوانی ئەو تەغار تەغارەی شەهیدان و پێشمەرگەکانی سنووری هەولێر تاڕادەیەکی زۆرباش جیابکاتەوە، هیوادارم بەردەوام بێت، چونکە دەرکەوت حیزبەکانی ئەمڕۆ باکیان بەخوێن ڕشتن و ماڵوێرانی کوڕە هەژارەکانی دوێنی کاروانی خەبات نییە، بە کۆچی دوایی ڕێژەیەکی زۆریان وا خەریکە ئەو سەروەریانە ڕەش دەبنەوە و بۆرە پیاو خۆیان دەخەنە شوێنی قارەمانەکان و لەجیاتی شەهیدەکان خۆیان دەکەن بە فس فس پاڵەوان، چونکە هەندێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر کەم بوون بە پێشمەرگه له بەردەم ڕۆژگار و بارودۆخ و ململانێدا چۆکیان دادا و هەر ئەوەندەیان لەبارادا بوو، کەچی تاماون نان و پیازی پێوە دەخۆن و هەموو چالاکییەکانی شەهیدەکان و کەمئەندامانی سەنگەر دەکەنە چالاکی خۆیان بۆ هەر گێڕانەوەیەک تەنیا مردووەکان بەشایەد دەگرن، خەڵکانێکیش دوای ڕاپەڕینی 1991 تازە تەمەنیان پێ گەیشت خەبات بکەن بەر لە ڕاپەڕین منداڵ بوون، کەچی سەر و ماڵی خۆیان لە پێناوی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین دانا، بەهیچ کلۆجێ ئەو ڕێز و پایه و حورمەتەیان پێ نەدراوە، وەکوو ئەوانەی کە لەپەنای شۆڕشی شاخ هەڵاتووی سەربازی بوون و بەس لەبن کەپکەشاخان خۆیان دەشاردەوە و بە زمان لوسی لە شێنەیی تەنیا بەقسە خۆیان دەکردە قوربانی پێشمەرگە.
ئەو کارەی ئەو دەستی داوەتێ دەزانم زۆر پێویستە چونکە ئەو پێشمەرگانەی #ئیلنجاغی گەورە# کە لە پەرتووکی #مێرجاڕ# چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردن، هەندێکیان کۆچی دواییان کرد و هەندێکیشیان دووچاری نەخۆشی نیوەجەڵدە و لەبیرچوونەوە هاتوون، ناتوانن ئێستا ژیاننامەی خۆشیان بەدرووستی بنووسن ئەوان و کەسوکارەکەشیان کەڵک لە مێرجاڕ دەبینن بۆ ژیاننامەی خۆیان، بۆیە زۆر جێگەی دەست خۆشییە کاک حەیدەر مەنتک سنووری پارێزگایەکی گەورە و پایتەختی هەرێمی کوردستانی کێوماڵ کردووە بۆ بەئەرشیفکردنی پێشمەرگەی دێرین و شەهیدانی شۆڕشی نوێ، هیوادارم بەردەوام بێت و داوا لە دڵسۆزانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەکەم دەستی بگرن و دەستگرۆیی و چاوساغی بکەن به زانیاری و داتای درووست تاوەکوو یارمەتیی بدەین بۆ بژارچنی گڵێره و زیوانەکانی ناو دەغڵودانی کوردایەتی.[1]