#مەسرور بارزانى#، سەرۆکى #حکومەتی هەرێمى کوردستان#، پێشوازى لە ڤیکتۆریا نولاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکى، باڵیۆزى ئەمەریکا لە ئێراق ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی ئێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و نابێت #بەغدا# وەک هاووڵاتییەکی پلە دوو، ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵی و پتەوکردنی بنەما دیموکراتییەکان لە ئێراقدا کردەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتیووانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی ئێراقدا دووپات کردەوە.
پەرەپێدانی کولتووری بە یەکەوەژیان و ئازادیی ئایینی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکانی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. [1]