#مەسعود بارزانی# لە سەڵاحەددین پێشوازی لە خاتوو ڤیکتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوو لە خاتوو ئەلینا ڕومەنسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئێراق و بەڕێز مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە #هەولێر# و ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمەریکی.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی ئێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان #حکومەتی هەرێمی کوردستان# و حکوومەتی فیدڕاڵی ئێراق و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و بابەتی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڕەشە ئەمنییەکان و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئێراق و ناوچەکە و جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئێراقی فیدڕاڵ و هاوپەیمانان کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و ئاستەنگە ئەمنییەکان.
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو و شاندی میوان پێزانینی بۆ پێشڤەچوونی ژێرخانی هەرێم و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبوو، جەختیشی لە پێویستیی هەماهەنگی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە لە ئێراقدا فاکتەری سەقامگیری و چارەسەر بێت و خوازیاری ئەوەش بووە کە گرفتەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بە گفتوگۆ چارەسەر بکات بەڵام کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە بوونەتە ڕێگر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ و گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی دەڤەری #شەنگال#. [1]