ناونیشان: $ھەتا دوا زایەڵە و نووزەی ھونەری کوردی، ماملێ زیندووە و مەنزڵگای دەبێت$
نووسین و ئامادەکردنی: #هیوا ساعدی#
ناوەرۆک: هونەری
#20-12-2023#
ھەتا دوا زایەڵە و نووزەی ھونەری کوردی، ماملێ زیندووە و مەنزڵگای دەبێت
#محەمەدی ماملێ# لە بنەماڵەیەکی ھونەرمەندە و مام سەعید ھونەرمەندی سەردەمی سەید ئەسغەر بووە و ئێستاش پاش کۆچی خۆی وەچەیەک ھونەرمەندی دڵسۆز و لێھاتووی خۆی پێ سپاردووین. ماملێ کوڕی شارەکەی قازی محەمەد و ھێمن و ھەژار و کۆمارە جوانەمەرگکراوەکەی کوردستانە لە #مەھاباد# و #چوارچرا# ی مەیدانی ئاڵای سەربەخۆیی ھەڵکردن و لەسێدارەی (قازی) یانە. ھونەرمەندی پاش کۆمارە و لەسەر ھەڵوێست و ھونەر و بەرھەمەکانی، تووشی ئازار و کولەمەرگی و زیندانی بووە. وەلێ کۆڵی نەداوە و ڕاستەوخۆ بەشداری خەباتی نەتەوەکەی کردووە و باجی سەروەریی و تێکۆشانی خۆی داوە. ماملێ دۆستی دەیان ھەڵکەوتووی دیکەی گەلەکەمانە و ھاودەمی زۆربەی ھەڵکەوتووانی کوردی کردووە و لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندەکانی کوردستاندا، پەیوەندی ھەبووە و پێکەوە گۆرانییان وتووە و ئاھەنگیان سازداوە. لەڕادیۆکانی #تاران# ، #کرماشان# ، #سنە# و مەھاباد گۆرانی پێشکەش کردووە.
مامۆستاماملێ ھونەرمەند خاوەنی ھەستێکی زۆر پاک و بێگەردی کوردایەتی بووە و چەندین جار گیانبازی بە ژیانی خۆیەوە کردووە، دەیان سروودی نەتەوەیی بەدەنگە زوڵاڵەکەی تۆمار کردووە . سەرقافڵەی ئەمانەش وتنەوەی مارشی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان) ە. ئەمانەش بەڵگە و دەلالەتی جەسووری و باوەڕی پتەو و بەتینی کوردایەتییەکەیەتی.
ھونەرمەندی هەڵکەوتوو و هێژا، خاوەنی کەسایەتییەکی گەورەی خۆی بووە. لەنێو خەڵک دا و لای میللەتەکەی گەلێ خۆشەویست و ڕێزلێگیرواو بووە. ساڵی 1925 لە سابڵاخ لەدایک بووە. دواڕۆژەکانی ژیانی بەئازارەوە بەسەر دەبات و تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەبێت و تا دەھات لاواز و بچووک دەبووەوە.
ھەواڵەکە بروسکەئاسا بەسەرتاسەری کوردستان دا بڵاوبووەوە و ھەزاران ھەزار کەسی ھەژاند و چزەی لەدڵ و دەروونی یەکپارچەی نەتەوەی کوردەوە ھەڵسان. مەرگە تاڵ و ناخۆشەکەی، ژینگەیەکی خەمناکی دەروونی هێندە بەئازاری خوڵقاند، خۆی وتەنی: شایی و شینمان تێکەڵ بوو.
ماملێ، سەرلەنوێ بێ پەیمان شکاندن! لەگەڵ ھاوبیرەکانی دەست لەملی ھێمن و ھەژار بووە. چونکە لە ھیچ شوێنێ و ھیچ کەسێ فێری پەیمان شکاندنی نەکردبوو. باش دەیزانی لەنێو کورد دا پەیمان شکێنی نییە. دواتر بەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستی و شکۆوە، لە گۆڕستانی شاری سابڵاخ بە بەشداری ھەزاران کەس بە دایکی نیشتمان بە ڕوو سووری و سەرکەشییەوە سپێردایەوە. ئەفسووس و ھەزارجار ئەفسوس نەتوانرا ژیان و ئەزموون و کارەکانی ئەو ھونەرمەندە ھەڵکەوتووەمان، بەتەواوی خزمەت بکرێت و تۆمارێکی جوانیان بپارێزرێ. تەنیا یادگارێک ئەوەیە ھونەرمەندێکی لاو بەناوی ( شارامی عەلیدی) کوورتە فیلمێکی لەسەر ژیانی تۆمار کردووە.
بە ھیوای ئەوەی بەھیمەتی وەچە دڵسۆزەکانی خۆی و تەواوی ھونەرمەندانی بەئەمەک و خەمخۆری کوردمان، ئەو کەلێنە مەزنەی کەوتە باڵەخانەی ھونەری ئاواز و گۆرانی و ئاوازی کوردیمانە وە پڕ بکەینەوە.ب اس و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ھونەرمەندە ھێژایە بێکۆتاییە و ئەرکی دڵسۆزانی پسۆڕی ئەم مەیدانەیە، ئاوڕی بەپەرۆشی لێ بدەنەوە.
ھێندەی لەسەر بابایەکی وەکوو ئێمە بێت، وا بەقسەی بەدکاری لەگەڵ ناکەین و بەڵێنیان دەدەینێ:
ئەگەرچی ڕۆیین هەرگیز ناچن لەیادمان.... دەکەین یادیان بە یادی ئەوانەوە شادین
....
بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم
لە خاکی عەرەب لە ئێران و ڕۆم
کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم
کۆشکم دەقات بێ وێرانە ماڵ بم
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان
یان زەنجیر لە مل لە سووچی زیندان
ساغ بم جحێل بم بگرم گوێ سوانان
یان زار و نزار لە نەخۆشخانان
دانیشم لەسەر تەختی خونکاری
یان لە کۆڵانان بکەم ھەژاری
کوردم و لە ڕێی کورد و کوردستان
سەرلەپێناوم گیان لەسەر دەستان
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەدەم وەڵامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دونیاش بۆ کورد تێ ھەڵدەچمەوە
[1]