دەبێ عەشق قەبری هەبێ
دەیگوت: عەشق وەک مرۆڤێکی ئیماندارە
کە مرد دەبێ قەبری هەبێ.
چارم نەما، دواجار رازیبووم بچین گۆڕێ
بۆ عەشقمان هەڵکەنین.
عەسرێکی ئەپریل، لەسەر بەرزایێ
گەڕاینەوە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا
ئەو بە ئێسکێ کە لە هی دەیناسوور دەچوو
منیش بە بەردێکی تیژ، رێک نووکی ڕم بوو
کەوتینە قەبر هەڵکەندن.
سەرەتا مراویێکی زەردی پلاستیکی
خستە نێو گۆڕەکە
کە لە یەکەم دیدار بۆیم هەڵدا.
فلتەری یەکەم جگەرە
کە یەکەمینجار بە ئازادیی
لە ماڵەکەییدا کێشام.
کراسێکم کە بۆنی پێستی منی دەدا.
دواتر ئەو دەیان بتڵە بەتاڵەی کحول
کە لە شوێنی جیا جیا خواردبوومانە و
کۆی کردبوونەوە.
دواجار نیو پاکەت جگەرە، کە نیوەمان کێشابوو
بەڵام وەستا و نەیخستە ناو قەبرەکە
دوو جگەرەی داگیرساند
ئەوە یەکەمجاربوو لەسەر شتێ کۆک بین،
کێشامان.
لەسەر گۆڕەکە نزیک لە یەک وەستابووین
لە چاو و لێو و جەستەی یەکمان دەڕوانی
نازانم بۆ لێوەکانمان تێکەڵ بوون
ماچێکی دوورودێژی تاڵمان کرد
کە لە هەموو ژیانمان شیرینتر بوو.
هۆزانەوان: #زانا خەلیل# [1]