فیز و لەخۆ بایی بوون
عومرێکی توڕڕەهاتە
بێ کەڵک و بێ سەباتە
ئاخری قەبری تەنگە
ئەوی کە لۆرت و لاتە
***
دنیایەکی بەڵایە
پڕ دەرد و پڕ جەفایە
هانایە پێوە بایی
مەبن، بەخوا خەتایە
***
نە موسای پێغەمبەر
دەوامی بوو هەتا سەر
نە دارا و نە ئەسکەندەر
نە تەخت و بەختی قەیسەر
***
خەوێکی کورت و تاڵە
بێ فائیدە و بەتاڵە
شریتی سینەمایە
کاکە هەروەک خەیاڵە
***
چەند خانەدان بەسەر چوو
چەند نازەنینی خۆش ڕوو
لەژێر ئەم خاکە بوونە
خۆراکی مار و مێروو
***
بۆ وا بەلار و لەنجە
ئەڕۆی بە نووکی پەنجە
تێ بفکرە لەژێر پێت
هەر گۆڕی پێیی گەنجە
***
زۆر عەیبە دەعیە لێدان
بەسەر ئێسقانی ئینسان
گەر ئەتوانی بەدەعیە
بفڕە بچۆرە ئاسمان...
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس. [1]
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 107 جار هاتیە دیتن