وەزیری پەروەردەی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# جەخت لەوە دەکاتەوە، پڕۆژەی ستراتیژیی ڕاهێنانی مامۆستایان، شێوازی وانەوتنەوە لە ناوەندەکانی خوێندن دەباتە پێشەوە و گۆڕانکاریی گەورە درووست دەکات.
ئەمڕۆ شەممە #09-03-2024#، د. #ئالان حەمەسەعید# ، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەڕێوەچوونی یەکەمین دیداری پەروەردەیی لە ڕاپەڕین لە وتارێکدا باسی لە پڕۆژەی ستراتیژیی ڕاهێنانی وەزارەتەکەی کرد و ڕایگەیاند، من دڵنیاتان دەکەمەوە پڕۆژەکە گۆڕانکاریی گەورە درووست دەکات و شێوازی خوێندن دەباتە پێشەوە، بەڵام کات و پشوودرێژیی دەوێت و هاوکاریی هەموو لایەکمانی پێویستە.
د. ئالان حەمە سەعید وتی، 600 مامۆستای ڕاهێنەر لە وەزارەتی پەروەردە ئامادەکراون و ڕاهێنانیان وەرگرتووە. پێشتر مامۆستایانی گوند، شارەدێ و شارۆچکەکان هەموویان بۆیان ڕێ نەدەکەوت لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی کۆبکرێنەوە و ورۆکشۆپ و ڕاهێنانێک وەربگرن، بەڵام ئێستا مامۆستای ڕاهێنەر دەچێتە ناو ناوەندەکانی خوێندن.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، مامۆستایانی قوتابخانەکانی گوند، شارەدێ و شارۆچکە و پارێزگاکان بە یەک شێواز ڕاهێنان وەردەگرن. پڕۆسەکە بۆ هەموو مامۆستایانە نەک هەندێک مامۆستا لێی سوودمەندبن و هەندێکی دیکەش لێی سوودمەند نەبن.
وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، پڕۆسەکە بێ چاودێریی نییە. تەنیا ئەوە نییە مامۆستایان ڕاهێنان وەربگرن داویی کەس نەزانێت پڕۆژەکە جێبەجێ دەبێت یان نا، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، هەڵسەنگاندن هەیە و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی مامۆستایان دەکرێت لەوەی تا چەند توانیویانە میتۆدەکانی وانەوتنەوە جێبەجێ بکەن.
هەر لە بارەی هەڵسەنگاندنی مامۆستایان، د. ئالان حەمە سەعید ئەوەی خستەڕوو، ئەو مامۆستایانەی بەرزترین نمرەی هەڵسەنگاندن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەست دەهێنن، بە پلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم دیاری دەکرێن، پاداشتێکی ماددی وەردەگرن و لە ڕێوەڕەسمێکی گەورەدا خەڵات دەکرێن. [1]