ماکسیم ڕووبین
ئەم وتارەم بۆ یادی 121 ساڵەی لە دایکبوونی سەرکردە، فەرماندە و نیشتمانپەروەری گەورەی کورد #مەلا مستەفا بارزانی# یە.
مەلا مستەفا بارزانی بووەتە کەسایەتییەکی ڕووحی بۆ گەلی کورد، کە خەباتی بۆ ماف و ئازادیی گەلەکەی خۆی کرد. لە ساڵی 1946 دا لەگەڵ هاوکارە دڵسۆز و هاوبیرەکانی، بەشداری دامەزراندنی یەکەم دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە مێژووی نوێ دا کرد کە کۆماری کوردستان بوو، پایتەختەکەی شاری #مەهاباد# بوو. بەڵام هەر زوو لە جێگای شادی و خۆشی، کۆمەڵکوژییەکی خوێناوی دەوڵەتی تازە دامەزراوی گرتەوە.
کۆماری کوردستان دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی یەکێتیی سۆڤیەت و گەلی کورد بوو. سوپای یەکێتیی سۆڤیەت ناوچەی دژە فڕینی بەسەر خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا درووستکرد. ئەم خاکە پارێزراو و گونجاو بوو بۆ پێشمەرگەکانی کورد بە سەرکردایەتی و ڕابەڕایەتی بارزانی بۆ دەستپێکی دەستکەوت و مافەکانیان لە شای ئێران. لە سایەی ئەو جۆرە هاوکارییانەدا توانرا ئەو دەوڵەتە کوردییە درووست بکرێت، کە بەداخەوە بەهۆی گۆڕانکارییە جیۆستراتیژییەکان و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە و جیهان دا، دۆستایەتی ئەو دوو هێزە، کە سۆڤیەت و کوردەکان بوون، نەتوانرا بپارێزرێت.
مەلا مستەفای بارزانی و لەشکرە بوێرەکەی بە ناچاری ناوچەکەیان بەجێهێشت. بۆ ماوەیەکی زۆر مەلا مستەفای بارزانی بە 500هاوەڵییەوە بەرەنگاریی گۆشەگیری بێکۆتایی بوونەوە. توانیان ڕووبەڕووی هێرشە سەربازییەکانی ئێران و ئێراق و تورکیا ببنەوە و زاڵ بن بەسەر بەربەستەکانی بەردەمیان. پاش بەزاندنی چەندین هەوراز و نشێو و شاخی سەخت، گەیشتنە ڕووباری ئاراس و سنووری یەکێتیی سۆڤیەت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەهۆی زیرەکی و لێهاتوویی سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی توانرا تەواوی لەشکرەکەی لە ئاوی ئاراس بپەڕنەوە و هیچ زیانێکی گیانی وایان نەبێت. ئەم ڕووداوە وەک داستان و ئەفسانەیەکی ڕاستەقینەیە سەبارەت بەبەهێزی و ئازایەتی مەلا مستەفا بارزانی و لەشکرەکەی نەک تەنیا بۆ گەلی کوردستان بەڵکوو بۆ هەموو جیهان.
مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵەکانی دوای ماندوویەتی زۆر، توانییان پەنا و پشتیووانی لە سۆڤیەت وەربگرن کە دەوڵەتێکی دۆستی گەلی کورد بوو. بە ڕێکەوت نەھاتووە کە لە گفتوگۆ تایبەتییەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پێشووی ڕووسیا ئێڤگێنی پری#ماکۆ#ڤ (لەکاتی دیدارەکانی لەگەڵ مەلا بارزانی، ئێڤگێنی پریماکۆڤ کە ڕۆژنامەنووس بووە لە ڕۆژنامەی پراڤدا) مەلا مستەفا بارزانی ڕایگەیاندووە یەکێتیی سۆڤیەت (ڕووسیا) باوکمە.
لە یەکێتیی سۆڤیەت پێشوازییەکی گەرم لە پێشمەرگە کوردەکان بە سەرۆکایەتیی سەرکردە هەتاهەتاییەکەیان کرا. ماڵ و خواردن، نان و ئاو و چاودێریی پزیشکییان بۆ دابین کرا. دواتر یەکێتیی سۆڤیەت ڕاهێنانی سەربازی و خوێندنی لە ناوەندەکانی خوێندنی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ مستەفا بارزانی و لەشکرەکەی ڕێکخست. مەلا مستەفا بارزانی خوێندنی سیاسی و سەربازی لە باشترین دامەزراوەی پەروەردەیی سەربازی لە یەکێتیی سۆڤیەت کە (ئەکادیمیای بە ناوی میخائیل ڤاسیلیڤیچ فروونزێ)ە کردووە. تاوەکوو ساڵی 1958 مەلا مستەفا بارزانی لە پایتەختی یەکێتیی سۆڤیەت ژیاوە و دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت ئاپارتمانێکیان لە مۆسکۆ بۆ دابین کرد. ئێستا لەسەر ئەم خانووە تابلۆیەکی یادگاری هەیە کە شایەتحاڵی خەباتی گەلی کوردستان و بارزانییە.
هێز و پێشمەرگە کوردەکان نزیکەی 12 ساڵ لە یەکێتیی سۆڤیەت مانەوە. لەم ماوەیەدا بوونە بەشێک لە کۆمەڵگەی سۆڤیەت و خێزانیان پێکەوەناوە و منداڵیان ناوەتەوە و فێری زمان و ئاشنای کولتووری ڕووسیاییەکان بوون. بۆیە ئێستا زۆر لە منداڵ و نەوەکانی جەنگاوەرانی کورد، کە لە یەکێتیی سۆڤیەت لەدایکبوون و گەورە بوون، بەحەسرەتەوە شانازی بە کاتەکانی منداڵیی خۆیانەوە دەکەن لە ڕووسیا.
مێژوویەکی گرنگ و دوورودرێژی دۆستایەتی ڕووسیا و کورد کە پڕ لە ڕووداوی لەم جۆرەیە، تێگەیشتنێکی ڕوونی لەسەرەوە، کە هەڵوێستی ئێستای کورد بەرانبەر بە ڕووسیا درێژەپێدەری ئەو پەیوەندییە پتەوانەیە، کە مەلا مستەفا بارزانی دایمەزراندوون. هەر لەبەر ئەمەشە دۆستایەتی و پشتیووانی لە پەیوەندییەکانی ڕووسیا و گەلی کورد -فاکت و دیاردەیەکی مێژووییە.[1]