نەورۆز؛ ڕەمز و شوناسی کوردی
#سپێدە ساڵحی#
$پێشەکی:$
نەورۆز بۆ کورد تەنیا بۆنە و جێژنێکی تێپەڕ و ڕاگوزار نییە، تەنانەت جێژنێکیش نییە تەنیا کە خەرمانەی ئایین و باوەڕی میتافیزیکی دەوری تەنیبێت، بەڵکوو بە تەواوەتی جێژن و بۆنەیەکی سیاسی و نەتەوەییە. هەر کام لە گێڕانەوەکان لەبارەی نەورۆز بکەین بەپێوەر ئەم ڕاستییە دەبینینەوە کە نەورۆز چرکەساتی ڕابوون و کڵپەی ئاگری سەربەستی و ئازادییە دژی تاریکستانی ستەم! دەرکەوتنەوەی پڕڕەنگ و ئاڵاووەڵای نەورۆز لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەشێوەیەکە کە بەراورد ناکرێت بە هیچ کام لەو وڵاتانەی کە ئەوانیش لەژێر تیشکی ئیلهام و پەیامی نەورۆز ئەم بۆنەیە دەگێڕن و بەرز ڕایدەگرن. نەورۆز لەناو کورددا وەکوو کڵپەیەکی بەرزی ئاگر دەروون و هەناوی هەموو کوردستانیان دەتەنێتەوە، ئاڵقەی هەڵپەڕکێ و سووڕانەوەی پیرۆز بە دەوری ئاگری نەورۆزدا قووڵایی ئەم بۆنە و ڕەمزە لە خەیاڵدان و یادگەی نەتەوەیی و (جەمعی) ئێمەدا دەردەخات. شتی هەرە سەرنجڕاکیشیش ئامادەیی و سەرپشکیی ژنان بەشێوەیەکی بەربڵاو و بێوێنەیە، نەورۆز و ژن و ژیان و ئازادی لێک دەئاڵێن و بەشێوەیەکی ڕەمزی پەیامی ئازادیخوازیی کورد و کوردستان لەگەڵ ئاگر و مەشخەڵانی تیشکدا بەرز دەفڕێت. نەورۆز فۆرمی شوناسی سیاسی و دەکرێت بڵێین جەوهەری خواستی سیاسیی کورد دەخاتەڕوو، خواستێک کە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر لە ڕێگای سیستەم و ڕژێمە داگیرکار و تاریکپەرستەکانەوە سەرکوت کراوە، بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک نەورۆز بۆ بۆنەیەکی ڕاگوزار و تێپەڕ دابەزێنین و ڕەهەندی سیاسیی و شوناسمەندانەی ئەم بۆنە نەتەوەییەیمان لەبەر چاوبێت، لەمەش گرینگتر ناسین و ناساندنی هەمە لایەنەی نەورۆزە وەکوو جێژن و بۆنەیەکی ڕەمزی و هێمایی کورد لە ڕێگەی پسپۆڕان و ناوەندە ستراتیژە کولتوورییەکانی کوردستان، کە بەداخەوە ئەگەرچی کار و چالاکی بەم ئاڕاستەیەدا کراوە، بەڵام لە هەمبەر میدیای زەبەلاح و پڕوپاگەندەی وڵاتانێکی وەکوو تورکیا و ئێران کورد زۆر لاوازە و دەبێت بەدڵنیاییەوە ژوورێکی تایبەت بۆ ئەم ڕەهەندە شوناسساز و ڕەمزییانە دابمەزرێت و کەسانی کوردپەروەر و زانستمەند تێیدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گێڕانەوەی ئەویدییەکانی کورد بگێڕن. بۆ نموونە تۆمارکردنی نەورۆز لەلایەن تورکیاوە لە ڕێکخراوی جیهانیی یونسکۆ بەناوی جێژنێکی نەتەوەیی خۆی چەواشەکاریی و غەدرێکی گەورەیە لە کورد و بۆنەکەی، هەروەها ئەمە بە نیسبەت ئێرانیشەوە ڕاستە، بۆیە گرینگی ژوورێکی پسپۆڕانەی شوناسخواز لەناو کورددا بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئاوەها بابەتانێک دەورێکی چارەنووسساز دەگێڕێت.
$نەورۆز؛ گێڕانەوە مێژووەکان و کورد:$
نەورۆز ڕەنگە کۆنترین و دیرۆکیترین جەژن بێت لە دونیادا، ئەم جەژنە لە ناوچەیەکی جوگرافیایی بەرین لە تورکیاوە تاکوو هیندستان و هەندێک وڵاتی ئەورووپیش دەگرێتە خۆی، بەڵام ئاخێزگە و سەرهەڵدانی نەورۆز بەپێی زۆرێک لە نیشانە مێژووییەکان و دەرکەوتە زمانییەکان کوردستان و وڵاتی کوردان بووە، ئەمەی کە هەر وڵاتێک بەپێی بەرژەوەندی و وتاری سیاسی-کولتووریی خۆی نەورۆز بەرهەم دەهێنێتەوە لە ڕاستیدا نابێ بە لای ئێمەی کوردەوە شتێکی سەیر بێت، ئەوانیش ساڵانێکە لەگەڵ نەورۆز دەژین و بووە بە بەشێک لە کولتوور و یادەوەرییان، بەڵام ئێمە وەکوو کورد و خاوەنی ڕەسەنی ئەو ڕۆژە دەبێت لە ئاستی جیاجیادا هەوڵی ئەوە بدەین کە ماهییەت و شوێنگەی ڕاستەقینەی نەورۆز ون نەبێت، دەبێت بەپێی ئەو سەرچاوە مێژووییانەی کە تیشکێکی سادەشیان خستووتە سەر نەورۆز و بەپێی ئەو نەریت و دابانەی کە ئەمڕۆ لە فۆرمگەلی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی، جلوبەرگ، زمان و خواردن و هەموو دیاردە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ناو کۆمەڵگە هەن شوێن پێ و شوێنەواری ڕاستەقینەی نەورۆز لە هەناوی یادەوەری و خەیاڵدانی گشتیی کورددا بدۆزینەوە. مامۆستا سۆران حەمە ڕەش لێکۆڵەری جیاوازی بواری مێژوو لە وتارێکدا لەژێر ناوی (کاتی ئەوە نەهاتووە کە هەندێک لە نووسەرانی کورد دەست لە نەورۆز هەڵبگرن؟) دەڵێت: (نەورۆز لە فەرهەنگماندا ڕەگێکی قووڵ و دێرینی هەیە، کۆنترین سەرچاوەی کوردی کە بەوردی باسی ئەو جەژنەی کردبێت، ئەحمەدی خانییە. #ئەحمەدی خانی# زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر لە مەم و زیندا باسی نەورۆز و خۆشی و شادی ئەو ڕۆژە لەناو کورددا دەکات. ئەم جەژنە بە شێوەیەک لەناو کورددا ڕەگی داکوتیوە، کە هەتاوەکوو نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک لە #شارەزوور# ناوی (مێرکاوە)بووە و هەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونرابوو.)
هەروەها لە یەکێک لە ئەفسانەکاندا کە سەبارەت بە بنەچەی کورد باس کراوە، تێیدا کورد بەستراوەتەوە بە چیرۆکی کاوە و زوحاکەوە. زانا و مێژوونووسی گەورەی جیهانیی، ئەبوو حەنیفەی دینەوەری، کە خەڵکی نزیک #کرماشان# بووە و یەکەم کەس بووە کە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر پەرتووکی تایبەتیی لەسەر مێژووی کورد نووسیوە و پەرتووکەکەی بزرە، لە پەرتووکێکی تریدا کە ماوە سەبارەت بە مێژووی جیهان نووسیویەتی بە ناوی (الاخبار الطوال)، باس لە بنەچەی کورد دەکات. دینەوەری هاتووە چیرۆکی زوحاک دەگێڕێتەوە و ئەویش دەڵێت کە ئەو کەسانەی کە لە دەست زوحاک دەرباز دەکران و ڕوویان دەکردە چیاکان، نەتەوەی کوردیان لێ پێکهات و ئەم ئەفسانەیە لای مەسعودیش دووبارە بووەتەوە. لە کەلامی یارسانیشدا دیسان ئەو خۆبەستنەوە بە کاوە و ئەفسانەی زوحاکەوە دەردەکەوێت. شاوەیس قولی کە لە نزیکی ساڵی 1407ز لەدایکبووە، دەبینرێت کورد بوون و گوزارشکردنی لە کاوەدا بە شێوەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەخاتەڕوو کاتێک کە بە هەورامی یێژێت:
ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد
واتە (من بنەچەم کوردە و باوباپیرانم کوردە و لە ڕەگەزی کوردم، من ئەو شێرەم کە لەگەڵ کۆمەڵێکدا سوپای زوحاکمان ورد کرد). لێرەدا شاوەیس قولی زۆر بەڕوونی ناسنامەی کوردبوونی بەستۆتەوە بە کاوەی ئاسنگەرەوە.
شتێک کە دەبێت لێرەدا سەرنجی بدەین ئەوەیە کە نەورۆز ڕەگێکی قووڵی لە زاکیرە و خەیاڵماندا هەیە و نابێ بوار بە هەر کەسێک کە شتێکی کەم و کوورت لە مێژوو دەزانێت یان چەند پەرتووکی سەرەتایی لەبارەی مێژووە خوێندووەتەوە، هەڵسێت بە ڕەتکردنەوەی هەندێک لایەن لە مێژوو یان ڕووداوێک کە مێژوویەکی هەیە و هەر بەم بۆنەیەشەوە لێرەدا مامۆستا سۆران ئەم پرسیارەی کردووە کە بۆ هەندێک لە نووسەرانی کورد واز لە نەورۆز ناهێنن واتە واز لە شێواندنی ناهێنن. ڕەنگە یەکەمجار ئەم شێواندنەی نەورۆز بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەپێی هەندێک تێڕوانینی ئایدۆلۆژیک دەست لە مێژوو وەردرا و کاوە وەکوو خائین ناوزەد کرا و زوحاکیش وەکوو قارەمان کە ئەمە دوورە لە ڕاستیی ئەو گێڕانەوانەی کە لە بەردەستدان. بۆیە لە درێژەدا دەخوێنینەوە:
لە ڕاستیدا زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان بە هیچ جۆرێک کاوە و زوحاک وەک خەڵکانی سەر بە دوو نەتەوەی جیاواز باس ناکەن و وەک یەک دەیانبینن. ئەوە ئەمڕۆ هەندێک نووسەری کوردە کە بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆجی خۆی خەریکە ئەو مانایەی پێ دەدەن. مێژوونووسی سەردەم نابێت بەو جۆرە سادەیە مامەڵە لەگەڵ مێژوودا بکات. ئەمڕۆ کریستیانەکان سێ جەژنی سەرەکی دەکەن، جەژنی کریسمس، جەژنی سەری ساڵ و جەژنی ئیستەر. ئەو سێ جەژنە هەرسێکیان پێش ئایینی کریستیان لەناو ڕۆمەکاندا کراون. ئەمڕۆ مێژوونووسانی ئەوروپی هەوڵ دەدەن لە بنەچەی ئەو سێ جەژنە بگەن، بەڵام سەرەڕای بەڵگەی یەکلاکەرەوەی مێژوویی سەبارەت بەو سێ جەژنە، ئەوان نایەن بە خەڵک بڵێن ئەو جەژنە جەژنی کریستیانی نین و نابێت ئاهەنگ بگێڕین. کەچی مێژوونووسی کورد زۆر بە سادەیی و بەبێ بەڵگە داستانێکی هەزاران ساڵە کە وەک ڕوونکرایەوە بۆچوونی چەندین نەتەوە و فەرهەنگی چووەتە سەر، سەرەڕای ئەوە بە زۆر دێت و دەیەوێت بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆجی خۆی، ڕەتیبکاتەوە، خەریکە بە ئەبوو حەنیفەی دینەوەری کورد دەڵێت: نە ئەبوو تۆ نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر بنەچەی کورد ببەسیتەوە بە ئەفسانەی زوحاک و کاوەوە و بە ئەحمەدی خانی دەڵێت کە نزیکی سێ سەد ساڵ لەمەوبەر نەئەبوو لە مەم و زیندا باسی خۆشی جەژنی نەورۆز بکەیت و بە شاوەیس قوڵی دەڵێت تۆ هەڵە بوویت کە کاوەت بە کورد لە قەڵەم دا و بە شارەزووریەکان دەڵێت ئێوە نەئەبوو شارۆچکەیەک بە ناوی کاوەوە ناوبنێن (مێرکاوە). ئەمە نەک مێژوونووسین نییە. بەڵکوو تاوانە بەرانبەر بە فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەیەک. دیارە ئەرکی مێژوونووسە کە هەمیشە لە دابوونەریتە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان بکۆڵێتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە دابوونەریت نابێت وامان لێبکات کە توندڕەوانە مامەڵە لەگەڵ فەرهەنگ و مێژووی سەدان و هەزاران ساڵەمان بکەین و بە نوکە قەڵەمێک ئەو جەژنە گرنگە هەڵبوەشێنینەوە.
من پێم وایە ئەوەی وەکوو ڕاستییەکی ڕوون لەم خوێندنەوە و شیکارییەی نەورۆزدا دەیبینینەوە ئەمەیە کە نەورۆز هەل و دەرفەتێکە بۆ باڵاکردنی نەتەوەکان و کێ لە هەموو ئەو نەتەوانە پێشەنگتر و شایستەتر کە خاوەندارێتی لە ڕێوڕەسمێکی پیرۆز و مەعنەویی وا بکات جگە لە کورد، جگە لە نەتەوەیەک کە ئێستا ژنان و کچانی لە ڕۆژهەڵات پێشەنگیەتیی ڕێچکەشکێنترین و جیاوازترین ڕابوون دژی یەکێک لە سیستەمە سیاسییە کۆنباو و توولیتارەکان دەکات، ئایا ڕابوونی کاوە دژی زوحاک بە فرۆمێکی دیکەدا و لە سیاقێکی ژنانەدا شتێکی لەمە زیاتر بوو؟ ئێستا لە باتی کاوە ژینا و ژیناکان لە گۆڕەپانن، بەڵام پەیام و ئامانج هەر یەک شتە ئازادی بۆ نەتەوەکان لە دەستی خوێنڕێژ و ستەمکار! [1]