ناو: سادق
نازناو: کاروان
ناوی باوک: عەلی سادق سۆفی
ساڵی لەدایکبوون: 1962
ڕۆژی شەهیدبوون: #05-07-1987#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی سوفی براهیمی سەربە شارەدێی #قوشتەپە#ی پارێزگای #هەولێر#
شوێنی شەهیدبوون: شارەدێی #دارەتوو#ی سەربە پارێزگای هەولێر
$ژیاننامە$
سادق عەلی سادق ناسراوەبە کاروان، لە ساڵی 1962 لە گوندی سوفی براهیمی سەربە شارەدێی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر لە دایکبووە، سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری بووە، خوێندنی سەرەتایی لە هەمان گوند تەواوکردووە و بۆ درێژەدان بە خوێند ڕووی کردۆتە شاری هەولێر، سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی کۆتایی پێهێناوە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانی هەولێرە، لە ساڵی 1982 دامەزراوە و بووەتە مامۆستا لە قوتابخانەی قەندیلی گەڕەکی #ئیسکان#ی پارێزگای هەولێر.
سادق عەلی لە ساڵی 1983 بووەتە ئەندامی ڕێکخستنی شانەی نهێنی ئاسۆی جەماوەر کە شانەکە سەربە لێژنە ناوچەی دەشتی هەولێری لقی دووی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بووە.
لە ساڵی 1985 پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵان کردووە و بووەتە پێشمەرگە لە هێزی دەشتی هەولێر کە لەو کاتەدا وەستا یونس بەرپرسی لێژنە ناوچە بووە.
دەرچووی خولی هەشتەمی پێگەیاندنی کادرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، دوای تەواوکردنی خولی کادران، پلەی کارگێڕی لێژنەی ناوچەی دەشتی هەولێری وەرگرتووە.
لە ساڵی 1986 لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازانی ڕژێمی بەعس سادق عەلی لە نزیک #بالیسان# بریندار دەبێت.
بەشداری کارای هەبووە لە مەفرەزە پارتیزانییەکانی سنووری دەشتی هەولێر، هەروەها سەرپەرشتی چەند خولێکی پێگەیاندنی کادرانی لە لێژنە ناوچەی دەشتی هەولێر کردووە.
لە 05-07-1987 سادق عەلی لەگەڵ دەستەیەک هاوسەنگەری لە نزیک شارەدێی دارەتووی سەربە پارێزگای هەولێر، کەوتوونەتە بۆسەی سەربازی ڕژێمی #بەعس# و لەگەڵ دەستپێکی ڕووبەڕووبوونەوە فیشەک بەر سەری سادق عەلی کەوتووە و شەهید بووە، جەستەکەی کەوتووەتە دەست سەربازانی بەعس و ڕادەستی شارەوانی شاری هەولێر کراوە و لەلایەن شارەوانی هەولێرەوە لە گۆرستانی کارگەی قیر بەخاک سپێردراوە.[1]