لەزمانی خۆیەوە:
من پدرام شەهلایی ناسراو بە ڕێباز لە مانگی گوڵانی 1363ی هەتاوی واتە مانگی مەی 1984ی زایینی لە مەڵبەندی #سلێمانی# چاوم بەم دونیای پڕ لە سەیروسەمەرە هەڵێنا.
کاتی زۆر منداڵیم تا پۆلی دووهەمی سەرەتایی لە شاری باو و باپیرانم واتە #سەقز# بەسەر بردوە و پاشان لەگەڵ بنەماڵەکەمدا ڕوومان لە هەندەران کرد و لەو کاتەوە تا وەکوو ئێستا لە وڵاتی سوید ژیان بە سەر دەبەین.
دەست پێکردنی کاری هونەری مۆسیقام دەگەرێتەوە بۆ کاتێک کە تەمەنم 13 ساڵ بوو. هەر لە سەرەتاوە من دەستم بە فێر بوونی ئامێرێک کرد کە ئێستا نزیکترین هاوڕێمە، ئەم هاوڕێیەم کەمانە (ڤیۆلۆن).
بۆ درێژەدان بە خوێندن 3 ساڵ لە خوێندنگای دواناوەندیی مۆسیقا وانەکانی مۆسیقام خوێندووە و پاش وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلوم لە کۆنسەرواتۆری مۆسیقا لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوید بە فەرمی وەرگیرام.
دوای وەرگرتنی بڕوانامەی لیسانس لە بواری مۆسیقادا، هەنووکە بۆ درەێژەدانی دەورەی دوای لیسانس (فوق لیسانس) هەر لە وڵاتی سوید و لە قۆناغی یەکەم دا خەریکی خوێندنم.
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە گەڵ کۆمەڵێک گروپی هەمەڕەنگ بە شێوەی کاری جیاواز بەشداریم کردوە و بەرپرسایەتی هەندێک لەم گروپانەشم لە ئەستۆدا بووە و هاوکات وەک ژەنیارێک لە کۆنسێرت و ئاهەنگی زۆربەی هونەرمەندە بەنێوبانگەکانی گەلی کورد لە وڵاتە جیاوازەکان دا بەشداریم کردووه.
ساڵی 2008ی زایینی لە کێبەرکێی بەشی مۆسیقای فۆلکلوری وڵاتی سوید بەشداریم کرد و لە ئاستی هەموو وڵاتی سوید بە کەسی دووهەم هەڵبژێردرام. لە کۆتایی دا هیوای ئەو ڕۆژە بە ئاوات دەخوازم کە لە شاری سەقز بتوانم لە خزمەتی خەڵک و هۆنەری مۆسیقادا بم.