کوڕی مەلا عبیداللە ئەمینی ساڵی 1325ی هەتاوی لە گوندی قشڵاخی ئەفغانانی #سەقز# لە دایک بوو.
حەسەن ئەمینی لە ڕشتەی زانستی ئایینی لە نێوان ساڵەکانی 1339 تا 1348ی هەتاوی خوێندوویەتی و جگە لە ئیجازەی مەلایەتی و دەرس گوتنەوە کە لە دەستی دوایین مامۆستای خۆی واتە مەرحوومی حاجی مامۆستا مەلا ڕەحمان تاهیری وەریگرتوه، ئیجازەێکی بە هەمان ناونیشان بە ئیمزای مامۆستایانی فێقهی شافێعی لە زانکۆی (معقول و منقول)ی ئەو کات لە مامۆستا حاجی سەید موحەممەد شێخ الاسلام و حاجی مەلا خالید موفتی و مەرحوومی عەلامە کاک ئەحمەد موفتی زادە وەرگرتووه.
لە نێوان ساڵەکانی 1349 تا 1355ی هەتاوی لە یەکێک لە گوندەکانی شاری #بۆکان# بە نێوی (تبت) ئەرکی ئیمامەت و پێشنوێژی و گوتنەوەی وانەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی لە ئەستۆ بووە و هاوکات لە ڕێگەی کشتوکاڵ و بەخێو کردنی مەڕوماڵات ژیانی خۆی و بنەماڵەی بەڕێوە بردووه.
لە وەرزی پاییزی ساڵی 1355ی هەتاوی لە سەر داوای فەرمی عەلامە کاک ئەحمەد موفتی زادە بەرپرسایەتی و ئیش و کاری خۆی لەم گوندە بە جێ دەهێڵێت و لە شاری #سنە# نیشتەجێ دەبێت و هەر لەم ساڵەدا کاک ئەحمەد موفتی زادە بە حاکم شەرعی کوردستان هەڵدەبژێردرێت کە هەر ئەو کات کاک حەسەن ئەمینی وەکوو بەرپرسی دەفتەری مەحکەمەی شەرع لە لایەن کاک ئەحمەدەوە دیاری دەکرێت.
پاش ئەوەی کە ساڵی 1356 مەدرەسەی قورئان لە #مەریوان# و پاشان لە سنە دامەزرا کاک حەسەن لە ڕۆژی یەکەمەوە وەکوو مامۆستا دەست بە وانە گوتنەوە لەم مەدرەسانەدا دەکات. ئەو کات شۆڕشی خەڵک بە دژی ڕژیمی گەندەڵی پاشایەتی گەیشتبوە لووتکە و بە تایبەت لە شارە گەورەکان خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ئاشکرا بەڕێوە دەچوو کە کاک ئەحمەد موفتی زادە ڕێبەری شۆڕشی لە هەندێک ناوچە لە ئەستۆ بوو و ئەو کات زۆربەی خۆپیشاندانەکان بە دەست پێشخەری و ئامادەکاری مەدرەسەی قورئان لە شاری سنە بەڕێوە دەچوو.
حەسەن ئەمینی لە هەموو خۆپیشاندان و ڕووداوەکانی ئەو کاتدا لە ژێر ڕێنوێنیەکانی کاک ئەحمەد موفتی زادە حوزووری بەرچاوی بوو و بەڕێوە بردنی مەحکەمەی شەرع و هەندێک لە کلاسەکان، کاروباری بەڕێوە بردنی مەدرەسەی قورئان و سەفەر کردن بۆ زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بە مەبەستی ئاگادار کردنەوە و ڕێکخستنی خەڵکی ئەو ناوچانە لە دەوری مەدرەسەی قورئان و شۆرشی جەماوەریی خەڵکی ئێران لە ئەستۆی ناوبراودا بوو.
ساڵی 1358ی هەتاوی و لە کاتی ئاڵۆزیەکانی ئەو کاتی کوردستاندا بە مەبەستی بەرگرتن لە خوێنڕێژی کاک ئەحمەد موفتیزادە بە بڕیارێکی ئەرێنی و گونجاو شاری سنەی بەجێهێشت و بەرەو #کرماشان# هیجرەتی کرد. حەسەن ئەو کات لە سەفەری حەجدا بوو و پاش گەڕانەوە ئەویش بەرەو کرماشان وەڕێکەوت و لەو شارە نیشتەجێ بوو.
ساڵێک پاش ئەم ڕووداوە بە مەبەستی بەڕێوە بردنی کاروباری فێقهی و شەرعی موسوڵمانانی کوردستان کە کاک ئەحمەد تا ئەو کات خۆی بەڕێوەی دەبرد بەڵام بە هۆی کۆچ کردنی لە کوردستان ئەم ئەرکەی بە کاک حەسەن سپارد و بە حوکمێکی فەرمی کاک حەسەن ئەمینی وەکوو حاکم شەرعی کوردستان دیاری کرد کە لەو ساڵەوە تا ئێستا هەزاران بنەماڵە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێران تەنانەت عێراقیش لە بواری مەسائیلی فقهی و شەرعی سەردانی کاک حەسەن دەکەن.
ساڵی 1369ی هەتاوی کاتێک کاک ئەحمەد هەستی بەوە کرد کە ئەم ئەرکە بۆ کاک حەسەن هەندێک قورسه، بە مەبەستی کارئاسانی و یارمەتیدانی ناوبراو هەیئەتێکی 4 کەسی بە نێوی (هیأت افتا و قضا) دیاری کرد کە حەسەن بۆخۆیشی یەکێک لە ئەندامەکانی ئەم هەیئەتە بوو. ساڵی 1361 و پاش دەستبەسەر کردنی کاک ئەحمەد موفتیزادە و هاوڕێیانی، کاک حەسەن ئەمینیش گیراو و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی کوردستانەوە بە 15 ساڵ زیندان مەحکووم کرا کە پاش 3 ساڵ و 4 مانگ بەند بوون لە زیندان ئازاد کرا.
یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی کاک حەسەن وانە گوتنەوەیه. وانە گوتنەوەی تەفسیری قورئان، حەدیسی پێغەمبەر، زانستە ئاینییەکان و مەعارفی ئیسلامی.