هونەرمەند خاتووزین لە گوندی "بۆگەبەسی" سەر بە ناوچەی تورجانی سەقز لەدایک بووە و زیاتر لە 73 ساڵ هەر لەم گوندەدا ژیاوه. ئەم خاتوونە هونەرمەندەی ناوچەی سەقز وەک هەموو ژنانی کوردەواری بەشێک لە کۆڵەکەی قایمی بنەماڵەی خۆی بووە کە بۆ ڕاپەڕاندنی کار و فەرمانی ڕۆژانە و دابین کردنی پێداویستیەکانی نێوماڵ دەستی داوەتە درووست کردنی تەنوور و دیزە و گۆزە و لەم ڕێگەوە بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی دەستەبەر کردوە.
خاتووزین 31 ساڵ پێش مەرگی خۆی، هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردوە و ئەم کۆچکردن و لێک دابڕانە بوەتە هۆی ئەوەی کە ژنە هەتیوباری کورد جێگەی باوکی منداڵەکانیشی پڕ بکاتەوە و بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان زیاتر لە جاران خۆی ماندوو بکات. ناوبراو بۆ ئەم مەبەستە دەستی داوەتە درووست کردنی تەنووری نانی ماڵان و سازکردنی گۆزەی سووری سەرشانی کچان و دێزە و دەرخۆنەی هەمەڕەنگ و کارگەیەکی خۆماڵی لە ماڵی خۆیدا لە گوندی بۆگەبەسی سازکردبوو.
بەردەوامی ئەم شێوە ئیش و کارکردنە وردەوردە پەرەی سەند و لە 12 ساڵی کۆتایی تەمەنیدا سیمای هونەرمەندێکی پەنجە ڕەنگینی بە خۆیەوە بینی کە وەک مامۆستای پەیکەرتاش "هادی زیائەدینی" ئەڵێ: ئەو لە گەڵ گڵ دۆست و هەڤاڵ بوو، گڵیش تریبوونی وشەکانی دڵی بوو کە ڕستەی دەروونی پێ ئەڕست.
ژنە هونەرمەندی دەست و پەنجە ڕەنگینی کورد لە گەڵ ئەوەی کە نەخوێندەوار بوو بەڵام زەینێکی تیژ و بیرێکی وردتری هەبوو، لە وتووێژێکدا کە کاتی خۆی تەلەفزیۆنی سنە لە گەڵی پێکیهێنابوو، سەبارەت بە چۆنیەتی دەسپێکردنی سازکردنی پەیکەرەکان وتی: چەند ساڵێک لەوەپێش خولیای درووستکردنی کۆمەڵێک شتی جیاوازی دیکە جگە لە تەنوور و دێزە و گۆزە بووم و ئەم بیرۆکە هەژاندمی و منیش بە پیر خولیاکەمەوە ڕۆیشتم و ئەو ئاژەڵە دڕندە و پەلەوەرانەی کە خۆم دیتبووم و هەروەها قەڵافەتی ئەو پاڵەوانانەی کە لە چیرۆک و ئەفسانە و بەیت و حەیرانەکاندا بیستبووم و لە زەینمدا ڕەسمم کردبوو بە گڵ دامئەڕشتنەوە کە ئەم کارە خەڵک پێی دەگوت هونەری پەیکەرتاشی و منیش زیاتر مەبەستم دەربڕینی هەستی خۆم بوو.
بە داخەوە خاتووزینیش لە دوای مەرگی خەڵک ناسییان و زۆر کەس لە بابەت ژیانی هونەرییەوە باسیان لە سەر نووسیوە، وەک ئەڵێن: لە ژیانیدا نەچوەتە قوتابخانە و نەخوێندەوار بووە، پیشەی گۆزە و دێزە ساز کردن بووە لە گڵ و خۆڵ، لە ژیانیدا ناوبانگی داوینچی و میکێلنجێلۆ و ڕۆدێنی نەبیستبوو، بەڵام بە کەڵک وەرگرتن لە دەست و هەست و بیری خۆی گیانی بە گڵە سوورە ئەبەخشی. لە سەر ژیان و کارەکانی خاتووزین فیلمێک بە ناوی "خاتووزین" لە دەرهێنانی "مەجید ماهیچی" ساز کراوە و هەروەها هەنووکە بەشێک لە بەرهەمە دەستکردەکانی خاتووزین لە مۆزەخانەی شاری سنە پارێزراوه.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 10,562 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!