میرزا خەلیل منەوەر (1878 - 1923ز)
لە شاعیرانی دەڤەری #گەرمیان#ە و لە شاری #کفری# ژیاوە. لە پێڕەوانی ئایینی یارسان بووە. کەشکۆڵێکی بۆ شیعری (35) شاعیر نووسیوەتەوە کە شەشیان فارسینووس بوونە و هەموو ئەوانی دیکە کوردن. لەم (35) شاعیرە ناوی (34)ی داوە، ڕەنگە مەبەستی لە (35)ەمیان خۆی بێت. پێشەکییەک و پاشەکییەکی بە شیعر بۆ کەشکۆڵەکەی نووسیوەتەوە و ناوی شاعیرانی تێدا هێناوە. لە پێشەکییەکەدا هاتووە:
پەی قاری کیتاب نەبۆ دەردەسەر
با نام ئێشان بدیم چە دەفتەر
(شەمس تەبرێزی) و (نیعمەتووڵڵا)ی فارس
(شێخ نیظامی) دانای دووڕشوناس
(خانای قوبادی)1 و (مەلا وەڵەدخان)2
(فەقێ عەبدولقادر)3 شوعەرای زەمان
(عەبداڵ)4 پڕفەهم (غوڵامڕەضا)5 و (حەکاک)6
(مەلا پیرە)7 (شەم)8 (حەریقی)9 و (مەحاک)10
(عارف)11 و (فەتحی)12 (ئەحمەد ئاغا)13 و (وساڵ)14
(سیا)15 و (سەی فەتاح)16 (نالی)17 پڕکەماڵ
(نەظیری)18 و (کەمترین)19 هەم (حەسەن کەنۆش)20
(مەلا فەنائی)21 و (ڕەنجووری)22ی سەرخۆش
(محەمەد ئاغا)23 و (غەمناکی)ی24 هەژار
(ئەسرینی)25 و (داوود)26 چەنی (شێخ عەططار)
(زەن شا)27ی ئێران (مەلا ئەحمەد کۆر)28
(شێخ سەعدی شێراز) هەم (حافظ) مەشهوور
.......
لە پاشەکییەکەشدا هاتووە:
چە لەفظ دووڕسەنج سی و پەنج شاعیر
نویسانم نە فەرد نوسخەی نەوادر
وە چەهار ئەلفاظ قیرائەت کەران
(فارسی) و (عەرەب) (کرمانج) و (گۆران)
......
-مەخابن تاکوو ئێستا ئەم کەشکۆڵە چاپ نەکراوە.
-لەبەر ئەوەی کتێبەکەم نەبینوە، نازانم شیعری کام لەو شاعیرانە بە زمانی عەرەبین. چونکە وەکوو ئاماژەی پێ داوە بەو چوار زمانە شیعری تێدا کۆکردووەتەوە.
-مامۆستا هەردەوێڵ کاکەیی کە دیوانەکەی چاپ کردووە، دەڵێت: ژیانی (حەکاک)، (سیا)، (کەمترین)، (مەلا فەنائی)، (ئەسرینی) و (داوود)مان بۆ ساغ نەبووەتەوە.
-لەم (28) شاعیرە کوردە، دیوانی تەنها (8)یان چاپ کراون.
-سیا: ڕەنگە کورتکراوەی نازناوی (سیاپۆش) بێت.
-سەی فەتاح: سەید فەتاحی جەباری.
-مەلا پیرە: د. فەرهاد هەمەوەندی کە سێیەم کەسە دیوانی سەید فەتاحی جەباری جاپ کردووە، دەڵێت (مەلا پیرە) و (پیرە) نازناوی دیکەی سەید فەتاحن.
-ئەوەندەی من ئاگادار بم، میرزا خەلیل منەوەر لە دوای میر شەرەفخانی بەدلیسییەوە، دووەم کەسە شێوەزاری (#سۆران#ی) بە (کرمانج) ناودەهێنێت. شەرەفخان دەڵێت: کورد لەم هۆزانە پێک دێن: کرمانج، گۆران، لوڕ و کەلهوڕ.[1]