ساڵی 1885 لە شاری #سلێمانی# لەدایکبووەو هەر لەو شارە قوتابخانەی ڕوشدییەی عەسکەری خوێندووە، ئامادەیی سەربازیی لە بەغداو کۆلیجی سەربازی سوڵتانی لە ئەستەنبوڵ تەواوکردووە.
لە سوپایی عوسمانی دا بووە بەئەفسەر لە سەردەمی پێکهاتنی حکومەتی شێخ مەحمود دا مامۆستای جوگرافیا و مێژوو بووە لە قوتابخانەی مەحمودییە، دواتر بووە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی فەیسەڵییە و پاشتریش بەڕێوەبەری ناوەندی سلێمانی.. هەتا ساڵی (1935) لەسەر هەڵوێستی کوردانەی خانەنشین کراوە.
ساڵح قەفتان یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕۆژنامەی #بانگی کوردستان# و ساڵی (1937) یش ڕۆژنامەی زبان-ی لە سلێمانی دەرکردووە.
لە ساڵی (1938) یش دا گۆڤاری زانستی لە سلێمانی بڵاوکردەوەو لە گۆڤاری گەلاوێژ و ڕۆژنامەی ژیان و ڕووناکی و بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەدا گەلێک نووسین و وتاری نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە.
ساڵح قەفتان بایەخێکی تایبەتیی داوە بە نووسین و لێکۆڵینەوەی مێژووییو یەکێکە لە مێژوونووسە گەورەکانی کورد.
لەپاش خۆی چوار پەرتووکی بەنرخی بۆ بەجێ هێشتووین کە بریتین لە:
1- پەندی تەئریخی.
2- بەراوردێکی تەئریخی و ئەهەمیەتی زمان
3- نەتەوەی کورد تورکمان نیە
4- مێژووی گەلی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ.
ڕۆژی (30) ی ئاب-ی ساڵی 1968 مێژوونووس و ڕووناکبیری ناسراوی کورد مامۆستا ساڵح قەفتان، لە تەمەنی (83) ساڵی دا کۆچیدوایی کرد.