راگەیاندنی ڕۆژنامەگەری کۆبونەوەی
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەئامادەبونی تەواوی هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و جێگرانی سکرتێری گشتی، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی، بەست. لە کۆبونەوەکەدا دوو تەوەری گرنگ باسکران:
چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم.
لەم کۆبونەوەیەدا، هەستی قوڵی بەرپرسیارێتی یەکێتی ناو یەکێتی و چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئێستامان؛ پەرۆشی چارەسەرکردنی گرفتەکان بەشێنەیی، پێناوی دڵسۆزانەی هەموو هەڤاڵان بوو. گوێ لە بیروڕای ڕاشکاوانەی هەڤاڵان گیرا؛ خاڵە کۆک و ناکۆکەکان لەسەر پرسەکان باسکران. دوای گفتوگۆیەکی تێروتەسەل، کۆبونەوە گەیشتە ئه و ئەنجامەی چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشەکان بکرێنە بنچینەی سیاسەتی ئێستای یەکێتی. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، پرسی بەستنی کۆنگرە، خرایە سەر ڕێچکەی چۆنیەتی دوابڕیاردان لە کۆبوونەوەی سبەینێ، لەماڵی سکرتێری گشتی جەنابی مام جەلال.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتیش، کۆبونەوە گوێی لە دوا ڕاپۆرتی دوا کۆبونەوەی وەفدی یەکێتی لەگەڵ وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان گرت. سەرەنجام، مەکتەبی سیاسی پێیوابوو چیتر کات لەدەستنەدرێ و کاتی پێکهێنانی کابینەکە هاتووە. بۆیە کۆبونەوە ئومێدەوارە لە کۆبونەوەی ئایندەی هەردوولادا، دوابڕیاری مەکتەبی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی کۆبونەوەکان، بگەیەنرێ بە وەفدی دانوستاندنی هەڤاڵانی پارتی.
هەڤاڵان.. دڵسۆزانی یەکێتی!
مەکتەبی سیاسی، دوای کۆکردنەوەی ڕەخنە، ناڕەزایی، بۆچون و پەرۆشی هەموو ئۆرگان، هەڤاڵان، لایەنە دۆستەکان و پشتیوانانی یەکێتی، بەئەرکی مێژوویی سەرشانی خۆی زانی ڕابگەیەنێ کە: یەکێتی دڵی هەموو دڵسۆزان و تێکۆشەران و هەموو ئەوانەی پەرۆشی یەکێتین، خۆشدەکات و سەرەنجام بەئاڕاستەیەکی ڕۆشن و سیاسەتێکی دیموکراسیانە، خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی چوار ئامادە دەکات.
بەم بۆنەیەوە، داوا لە هەموو هەڤاڵ و ئۆرگانەکان دەکەین، وەک هەمیشە هاوکاری جێبەجێکردنی بڕیارو ڕاسپاردەکانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بن و بەزووترین کاتیش، کۆبونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند ئەنجام دەدرێ.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
28-01-2014