کامەران عەبدە ساڵح
بەپێی ئاماری لایەنەپەیوەندارەکان، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 284 هاوڵاتیی دانیشتووی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، کوژراوو برینداربوون.
نەقیب سامان ئیبراهیم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی ڕاپەڕین، بە خەندانی ڕاگەیاند، " لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، 211 ڕووداوی هاتوچۆ لە ناوچە جیاجیاکانی ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمارکراون، کە 131 ڕووداویان لە ڕێگاکانی دەرەوەی شارو، 80 ڕووداویش لەناو شاردا بووە، زۆربەی ڕووداوەکانیش بەهۆی تیژڕەوی و پابەندنەبوونی شۆفێرانەوە بووە بە یاساکانی هاتوچۆ.
وتیشی: بەهۆی ئه و ڕووداوانەوە، 267 کەس بەشێوەی جیاواز بریندارو کەمئەندام بوون، 17 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەم ئامارە لەکاتێکدایە، کە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، 459 ڕووداوی هاتوچۆ له و سنورە تۆمارکراوە، بەهۆی ئه و ڕوداوانەوە، 443 کەس بریندارو، 35 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
نەقیب سامان، ئاماژەی بەوەدا، لەئێستادا ژمارەی ئه و کەسانەی بەبێ بوونی مۆڵەتی شۆفێری لە ناوچەکەدا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، تاڕادەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، لەساڵی ڕابردووشدا 2789 کەس داوای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێرییان کردووە، کە داواکاریی 1709 کەسیان بۆ مۆڵەتی گشتی، 838 داواکاری بۆ مۆڵەتی تایبەت و، 221 مۆڵەتی گێڕئۆتۆماتیک و داواکاریی 21 کەسیش بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆرسکیل بووە.
سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە دوو قەزا و نۆ ناحیە پێکدێت و بەپێی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی ڕاپەڕین، جگە لە ئۆتۆمبێلە تۆمارکراوەکان، زیاتر لە بیست هەزار ئۆتۆمبێلی بێ پێشیینەش له و ناوچەیەدا هەیە.
- 07-07-2014
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 6,363 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!