ژینۆ ئەحمەد
بارانبارینی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی باشی لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان تۆمار کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی ئاوی دەریاچه و ڕووبار و چەم و کانیاوەکان بەرێژەیەکی باش زیادیان کردوە، ئاستی ئاوی ژێر زەویش لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان لە چاو ساڵی پاردا هێشتا کەمترە، ئەگەرچی دەربەندیخان سێ مەتری لە ساڵی پار زیاترە.
ئاستی ئاو
ئەندازیار ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بە خەندانی ڕاگەیاند: بارانبارینی ئەمساڵ ئەگەرچی ڕێژەیەکی باشبوە بەڵام ئاستی ئاوی دەریاچەکان لە ئاستی پێویستدا نین، ئێستا لە دوکان 161 مەتر لە چرکەیەکدا ئاو دێت، لەگەڵ ساڵی پار 50 ملیۆن کەمترن، ئاستی ئاوەکەش 23 سانتیمەتر لە پار کەمترە.
وتیشی: "لە دەربەندیخان ئاستی ئاو زیاترە، بەڵام داهاتێکی دڵخۆشکەر نەبووە، بۆیە شتێکی ئاسایی بووە.
راشیگەیاند: لە ئێستادا سەدا 60ی بەنداوی دوکان بەتاڵه و ئاوی تیانییە، ئەگەر بارانێکی زۆریش ببارێت ناتوانێت وەک ساڵانی هەشتاکان پڕ ببێتەوە، هەروەها بەنداوی دەربەندیخانیش ڕێژەی سەدا 50 بۆ 60ی بەتاڵە.
رێژەی بارانبارین
لەماوەی بارانبارین و بەفری ئەمساڵدا ڕێژەیەکی باش لە چاو ساڵی پار باران باریوە، بەجۆرێک لە هەندێک جێگا بارانبارین 700 ملیمەتری تێپەڕاندوە.
بەپێی داتای بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا کۆی گشتی بارانبارین لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم بەم جۆرە بوە: سلێمانی 498 ملیمەتر، هەولێر 231 ملیمەتر، دهۆک 425 ملیمەتر، کەرکووک 192 ملیمەتر.
هەروەک لە هەندێک قەزاو ناحیەش بەم جۆرەی خوارەوە تۆمار کراوە: هیران 738 ملیمەتر، بارزان 546 ملیمەتر، ڕانیە 495 ملیمەتر، قەڵادزێ 450 ملیمەتر، زاخۆ 410 ملیمەتر، ئاکرێ 472 ملیمەتر، ئەمەش هەندێکیان لە چاو پاردا زیاترن و هەندێکیشیان کەمترن.
ئەکرەم ئەحمەد وتی: "پێشبینی زیاتری بارانبارین دەکەین، چونکە هێشتا سێ مانگ وەرزی بارانبارین ماوە، ئەمەش دەتوانرێت ڕێژەیەکی باش باران ببارێت و ئاستی ئاوی بەنداوەکان زیاتر بکات، هەروەک ئاستی ئاوی ژێر زەویش زیاتر بەرز بکاتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: ئەمساڵ بارانێکی زۆر باش باریوە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، سودی بۆ جوتیاریو ئاودێری و ئاو هەبوە.
ژمارەی بەنداوەکان
بەڕێوەبەری گشتی کۆگاو بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ئێستادا نۆ بەنداو لە هەرێمی کوردستان ئاوی باران گل دەدەنەوە، ئەمەش لە ئاستی پێویستدا نییە، چونکە زۆر جێگا هەیە کە ئاوەکەی بەفیڕۆ دەڕوات.
وتیشی: "بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە ئەمساڵ نەتوانراوە بەنداو تەواو ببن، بەڵام ئەگەر پارەمان بۆ دابین بکرێت بۆ مانگی پێنج و شەشی ئەمساڵ دەتوانین چەند بەنداوێکی تر تەواو بکەین".
ئەکرەم ئەحمەد ڕاشیگەیاند: "کاتێک بەنداوێک دروست دەکەین دەبێت پڕۆژەی ئاودێری لەگەڵ دروست بکەین و مزەخەی بۆ دابین بکەین، دەبێت بەرنامەکە بەشێوەی تەواوکاری جێبەجێ بکەین".
- 13-02-2015