ئەشکەوتێکی دەگمەن لە هەرێمی کوردستان دەدۆزرێتەوە کە تا ئێستا هیچ کەسێک پەی پێنەبردووە، لایەنی پەیوەندیداریش داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات لە ڕێگەی دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە ئەشکەوتەکە بکاتە شوێنێکی گەشتیاریی.
ئیسماعیل نورەدینی شوێنەوارناس و سەرنووسەری گۆڤاری بەڵگەنامەیی (شمشارە) کە لە ڕانییە.دەردەچێت، بە خەندانی ڕاگەیاند: ئەو ئەشکەوتەی تازە دۆزراوەتەوە، دەکەوێتە دۆڵێک کە ناسراوە بە دۆڵی (گەلی قۆر) لەنێوان کۆمەڵگەی (شکارتە) و گوندی (نواوا) ی خۆشناوەتی، سەربە شارەدێی (بێتواتە) لە شارۆچکەی ڕانییە.
وتیشی: ئەو ئەشکەوتە هەردوو ڕەگەزی (ئیستاماتاکایت و ئیستاماکاینت) ی هەیە، واتا کلسی لەخوارەوە بۆ سەرەوە و لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە، (7.5) حەوت مەترو نیویش لەژێر زەویدایە.
نورەدینی ئاماژەی بەوەشدا، ئەشکەوتەکە یەکەمجار لەلایەن هەریەک لە پێشڕه و ئەحمەد حسێن مێرگەسەری دەرچووی بەشی جوگرافیاو خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و شێروان مستەفا ڕەشید خدرانی دەرچووی بەشی جوگرافیا خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە هایدرۆلۆجی دۆزراوەتەوە، هەر ئەوانیش بۆ یەکەمجار چوونەتە نێو ئەشکەوتەکە و کۆمەڵێک وێنەیان لێی گرتووە و توێژینەوەیان لەبارەوە ئەنجامداوە.
ئیسماعیل نورەدینی، ڕوونکردنەوەی زیاتری لەبارەی ئەشکەوتە تازە دۆزراوەکە دا و وتی: ئەشکەوتەکە لە باسکێکی بەرد بەرداوی دایه لە زنجیرە چیای (شیشار) و تاوەکوو بەسەریدا نەکەوی نازانیت کە لەژێرەوە ئەشکەوتێکی لەوجۆرەی لێیە، بۆچوونە خوارەوەی ئەشکەوتەکەش دەبێت بە گوریس خۆتی بۆ شۆڕ بکەیتەوە.
ئەو شوێنەوارناسە، داوای لە (بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ڕاپەڕین) کرد کە هەنگاو بنێ بۆ ئەوەی ئەو ئەشکەوتە ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی، ئەویش بە خۆشکردنی ڕێگەی ئۆتۆمبێل بۆی و فراوانکردنی زارکی ئەشکەوتەکە و درووستکردنی قەفەسێک لەسەر زارکەکەی و دابینکردنی پێلیژە بۆچوونە خوارەوه و سەرکەوتنەوە لەگەڵ کارەبا.
هاوکات، پێشڕه و ئەحمەد حسێن مێرگەسەری دەرچووی بەشی جوگرافیاو خاوەنی بڕوانامەی ماستەر، لە لێدوانێکدا بۆ خەندان، هۆکاری درەنگ دۆزینەوەی ئەشکەوتەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە (کەوتۆتە ناوچەیەکی سەخت و ئاڵۆز کە هاتوچۆی مرۆڤی بەسەرەوە نییە. .
پێشڕەو، ڕوونیکردەوە، کە هەرچەندە دەرگای ئەشکەوتەکە زۆر بچوکە و تەنیا تاکەکەسێکی پیادا دەربازدەبێت، بەڵام ناوەوەی ئەشکەوتەکە گەورەیە و نزیکەی 200 مەتری دووجا دەبێت لە شێوەی هۆڵێکدا.
بە قسەی پێشڕه و ئەحمەد، نموونەی ئەو جۆرە ئەشکەوتانە زیاتر لە وڵاتی لوبناندا بوونیان هەیە لەوانەش ئەشکەوتی جعێتا لە بەیرووتی پایتەخت کە ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕوویان تێدەکەن.
پێشبینیشیکرد، ئەگەر بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، سودێکی زۆری دەبێت بۆ کەرتی گەشتیاریی و خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، ئەویش بەهۆی نزیکی لە جاددەوە.
هاوکات، شێروان مستەفا ڕەشید خدرانی دەرچووی بەشی جوگرافیا خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە هایدرۆلۆجی، وەک هاوکارێکی پێشڕه و ئەحمەد پێی ڕاگەیاندین، کە تا ئێستاش توێژینەوەکانیان لەسەر ئەشکەوتەکە بەردەوامە، ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی هەر کەس و لایەنێک کە بیەوێت بەدواداچوون لەسەر ئەو ئەشکەوتە بکات.
شێروان مستەفا وتی: شوێنە مێژووییەکانی ڕاپەڕین، وەک سەرجەم شوێنەوارەکانی کوردستان، لەسەر ئاستی کوردستان مێژووی نەتەوەیەکە، لەسەر ئاستی جیهانیش بەشێکن لە مێژووی هەموو مرۆڤایەتی، بۆیە پێویستە وەک بەشێک لە مێژووی خۆمان سەرلەنوێ بدۆزرێنەوە و لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهانیش لێکۆڵینەوەی زانستی لەبارەیانەوە بکرێت، هەروەک لەسەر ئاستی جیهانیش گرنگن، لەبەرئەوەی وڵاتی ئێمە بەشێک لە مێژووی شارستانێتی مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت.
سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، گەلێک سەنگەرو قوللە و دەروازەی دێرینی بەرچاوی تێدایە، لە هەموویان گرنگتر گردی شمشارە - یە کە بە کۆنترین شوێنەواری مێژوویی و شارستانیی ناوچەکە دادەنرێت و دەکەوێتە دەشتی بیتوێن بە دووری هەشت کیلۆمەتر لە باشووری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی ڕانییە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، مرۆڤ لەچەرخی بەردینی ناوەڕاستدا، تیایدا نیشەجێ بووە، تا چەرخە مێژووییەکانی وەک چەرخی ئاشوری کۆن و چەرخی ئیسلامی بە ئاوەدانی ماوەتەوە.
- 04-04-2016